ململانێی نیوان ئەمریكا و ئێران.. درۆن بەدرۆن‌و كەشتی بە كەشتی

جیهان

20/07/2019‌ 752 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەست بەسەراگرتنی كەشتییەكی نەوت هەڵگری بەریتانی لە ئاوەكانی كەنداو زنجیرەیەكی نوێیە لەشانۆگەری هەڵكشانی دۆخەكەدا لە ناوچەكەداو بەڵگەیەكی روونە بەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان پشت بە رێسای هەلس و كەوت دەبەستن و هۆشداری زیاتری مەترسیەكانیش دەدرێت.

پێش چەند رۆژێك تاران فرۆكەیەكی بێ فرۆكەوانی ئەمریكی خستە خوارەوە، و وای پیشاندا تا ڕادەیەكی زۆر لەو هەنگاوانە ناترسێت كە ئەمریكا رووگیر و بێ تاقەت دەكات، ئەمەش وای كرد ئیدارەی سەرۆك ترامپ بەدوای وەڵامێكی گونجاودا بگەڕێت بۆ ئەوەی شكۆی بۆ بگەڕێتەوە و پارێزگاری لە هێزی دەمكوتكردنی خۆی بكات لە بەرانبەر ئێراندا.

ئاماژەدانی ترامپ بە توانینی تێسرەواندنی گورزی سەربازی لە ناو خاكی ئێراندا و پاشگەز بوونەوە لەو بیرۆكەیە تا دوا سات لە پێناو پاراستنی گیانی مەدەنیەكانی ئێران؛ زۆر كەس وایان دادەنا ئەمە هەوڵێكە بۆ ترساندنی تاران، بەلام ئەمە ئامانجی دیاریكراوی نەپێكا. 
لە نێو ناكۆكیەكانی نێوان هەلۆكانی وەزارەتی دەرەوەو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و كۆترەكانی پەنتاگۆن دەربارەی بژاردەی هەڵوێستێكی گونجاوتر لە جولانەوەكانی ئێران، واشنتۆن نەیتوانی وەلامی ئالینگاریەكە بداتەوە تاكو رۆژی چوارشەممە كاتێ ترامپ تێكشكانی فرۆكەیەكی بێ فرۆكەوانی ئێرانی راگەیاند كە نزیك بوبوەوە لە كەشتیەكی جەنگی ئەمریكی لە ئاوەكانی كەنداو.

بەڵام ئەم وەڵامە، تیایدا مەبەست لێی هەبونی بەرهەمێك بوو؛ كەچی لە رووی میدیاوە نەگەیشتە ئاستێكی بەرز، دوای ئەوەی ئێران رەتی كردەوە كە هیچ فرۆكەیەكی درۆنی لە سەر كەنداو بەرنەبۆتەوە، بەڵكو گاڵتەی بە سوپای ئەمریكی كرد بەوەی رەنگە بە هەڵە درۆنێكی سەر بەخۆی خستبێتە خواەرەوە!

هەروەها تاران لە خێرایی و بۆ بەدرۆخستنەوەی قسەی ئەمریكا هەستا بە بڵاوكردنەوەی تۆمارێك لە كامیرای فرۆكەكەوە و وتی ئەوە دەسەلمێنێ فرۆكەكە بەسەلامەتی گەڕاوەتەوە بنكەكەی خۆی، لە كاتێكدا پەنتاگۆن تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ بەڵگەیەك بخاتە روو سەبارەت بە خستنە خوارەوەی درۆنی ئێرانی.

دوای ئەوەی لە جەنگی درۆنەكاندا بە خاڵ سەركەوتنی بە دەست هێنا، تاران بریاریدا بنەمایەك بۆ  هەڵس و كەوتكردنی دابنێت لەگەڵ بەریتانیا، دوای زنجیرەك هۆشداری دان بە لەندەن بەهۆی دەستبەسەراگرتنی كەشتیەكی نەوت هەڵگرەوە لە جەبەل تاریق، هێزەكانی سوپای پاسداران هەلسان بە دەست بەسەراگرتنی كەشتیەكی نەوت هەڵگری بەریتانی لە گەروی هورمز ڕاكێشانی بۆ بەندەری سەر خاكەكەی.

تاران رەتی دەكاتەوە باكگراوندی سیاسی بۆ ئەم رووداوە هەبێت، لەم بارەیەوە فەرماندەی هێزە دەریایەكانی ئێران ئەمیرال حسێن خانزادی وتی : دەست بەسەراگرتنی كەشتیە بەریتانیەكە وەڵامدانەوە نەبوە بەڵكو لەسەر داوای رێكخراوی دەریاوانی ئێرانی بوە، بەهۆی سەرپێچی كردنی یاساكانی دەریاوانی لەلایەن كەشتیەكەوە و لەهەمان كاتدا خۆی كێشاوە بە بەلەمێكی راوكردندا بە گەروی هورمز، سەرەرای ئەوەش كەشتیەكە تۆمەتبارە بە پیس كردنی ئاوەكانی كەنداو.

جگە لەمانەش، تاران بەلایەوە ئاساییە تەفسیری ئەم رووداوە بۆ لەندەن و هاوپەیمانەكەی (واشنتۆن) لەسەر بنەمای (العین بالعین) بێت و زۆر كەسیش لە تاران ئەمە ناشارێتەوە، بەشێوەیەك وتەبێژ بەناوی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێران وای دانا " وەڵامدانەوە بە دەستبەسەراگرتنی كەشتی نەوت هەڵگری بەریتانیا لە بەرانبەر دەست بەسەراگرتنی كەشتیە نەوت هەڵگرەكەی ئێران هەنگاوێكی راستەو هاوتایە لەگەڵ یاسا نێو دەوڵەتیەكان"، هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران محمد جواد زەریف ركابەرەكانی وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە بەوەی " بەردەوام وەڵام دەدەینەوە، یاری بە ئاگر مەكەن".

لەبەرئەوە هەموان لە دۆخی چاودێری كردندان دوای هەرەشەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جیریمی هانت لە ئێران كە وتویەتی " وەلامی ئێران دەدەینەوە بە شێوەیەكی بەهێزو پلان بۆ داڕێژراو" لە بەرانبەر دەست بەسەراگرتنی كەشتیەكی نەوت هەڵگری بەریتانی، پێدەچێ تاران لەم خولەی رووبەرووبونەوەدا براوە بێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا