شارپرێش: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگهیاند، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە پۆستە ئیداریی و ئەمنییەکانی حکومەتدا دەکات.
بەوتهی ئهو سهرچاوه ئاگاداره، گۆرانکارییەکان ژمارەیەک ڕاوێژکاری ناو دەستە تایبەتەکان، لەگەڵ بەرپرسانی دۆسیە ئەمنی و ئابوورییەکانیش دەگرێتەوە.
سەرچاوەکە وتوویەتی، گۆڕانکارییەکان هەریەک لە بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، بریکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکان، بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەکان و ژمارەیەک بەرێوەبەری نووسینگەکان دەگرێتەوە.
ههربهپێی وتهكانی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هەنگاوە لەپێناو دەستپێکردنی پڕۆسەی چاکسازییە کە سەرۆکی حکومەت بەڵێنی داوە له دوای دهستبهكاربوونی كابینهكهی ئهنجامیبدات.
ئەو سەرچاوەیە دهشڵێت، "مەسروور بارزانی پێیوایە کە بەشێک لە تیمی حکوومەتی نێچیرڤان بارزانی هۆکاری گەلێک لە کێشەکانی ئێستا بوون و پێویستە بگۆڕدرێن و قۆناغی گۆڕانکاریی گەورە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێدەکات".
پیشتر مەسروور بارزانی وتارێكی لە رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"دا بڵاوكردبوهوه، بەناونیشانی "بۆچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای قۆناغێکی نوێدایە".
لە بابەتەکەیدا بارزانی جەختی کردووهتەوە، خواستی ئەوەی هەیە لەماوەی چوارساڵی داهاتوودا هەموو سەختی و قەیران و ئەو شۆکەی لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا تووشی هەرێم بووە تێپەڕێنرێت و پێگەی هەرێمی کوردستان لەناوچەکە و بوونی لەسەر گۆڕەپانی نیودەوڵەتی بەهێز بکات.
لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا مەسروور بارزانی وتوویەتی، کۆمەڵێک چاکسازی دەکات کە هەموو کەرتەکان بگرێتەوە، بەشێوەیەک ئابووری حکوومەتەکەی بەهێز و هەمەرەنگ بێت لەپێناو هینانی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو کۆمەڵگە.