دڵشاد گەرمیانى هۆشدارى دەدات لە لابردنى پاشگرى ئیسلامى لە کۆمەڵ

کوردستان

20/07/2019‌ 833 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێکى کۆمەڵى ئیسلامى رایدەگەیەنێت،وروژاندنیی لابردنى پاشگرى ئیسلامى لەکۆمەڵ لەم کاتەدا باڵباڵێنێکی نەخوازراو دێنێتە کایەوە کە کۆمەڵ ھیچ پێویستی بەوسەرئێشە زیادەیە نیە.

دڵشاد گەرمیانى ئەندامى پێشووى مەکتەبى سیاسى کۆمەڵى ئیسلامى لە میانى وتارێکدا نوسیویەتى" ئەگەر لادانی ئەو پاشگڕە ئیسلامیە، لەحەقیقەت و واقعدا نەک بەوەھم و خەیاڵ، ھۆکارێکی سەرکەوتن و ئۆمێدێکی بەھێزتر بێت، بۆ زوتر گەڕانەوەی حاکمیەتی شەریعەتی خودا و بەدیھێنانی ئامانجە شەرعیەکانی تری کۆمەڵ و لەئێستاشدا بوبێتە بەربەستێک لەڕێگەی گەورەبون و فراوان بونی کۆمەڵی ئیسلامی، ئەوە لادانی کارێکی پیرۆزە، بەمەرجێ داکۆکیکەرانی ئەو بیرە، بتوانن ڕاستی و دروستی بیردۆزەکەیان بسەلمێنن ؟!".

ئاماژەى بەوەشکردوە، سەری زمان و بنی زمانیان باسی گەندەڵکارانە، کەچی خۆیان گەندەڵی لەپیشاندان و گیاندنی دینی خودا دەکەن، وەکو خۆی نایگەیەنن و ھەوڵ دەدەن لەگەڵ ویستی زۆرینەدا بیگونجێنن، دەشڵێت، شەرم لە پاشگری ئیسلامی و شانازی بەلەئامێزگرتنی دیمکراسیەوە دەکەن!!! پێیان شەرمە دیدی ئیسلامی لەسەر ھەموو باس و بابەتێک وەکو خۆی باس و بەیان بکرێت .

گەرمیانى جەختیکردوەتەوە، ھەنگاونان بەئاراستەی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە، لەم بارو دۆخە ناسک و ھەستیارەی کۆمەڵ، شتێک نیە خەڵکی دیندارو دڵسۆزی کۆمەڵ بتوانێ بێ دەنگی لێ بکات، پێشیوایە قبوڵکردنیی لە سەرکردەو جەماوەری کۆمەڵی ئیسلامی ناوەشێتەوە.

 ئەو بەرپرسەى کۆمەڵى ئیسلامى رونکیردوەتەوە، وروژاندنیی ئەم بابەتە لەم کاتەدا باڵباڵێنێکی نەخوازراو دێنێتە کایەوە کە کۆمەڵ ھیچ پێویستی بەوسەرئێشە زیادەیە نیە.

لەبەشێکى ترى وتەکانیدا دڵشاد گەرمیانى دەلێت"بەوەش زیاتر دەرگای ئینحراف و لادان دەکرێتەوەو پەردەی شەرمکردن پاش لادانی ئەو ناو و مۆرکە ئیسلامیە لەگەڵ تێپەڕبونی کات دەدڕێت و سەرپێچی و بێ شەرعی و بێئیلتزامی وردە وردە زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە دەنگ و کورسیەکان کەئامانجی سەرەکیانە زیاد بکات".
س.هـ