پەرلەمانتارێک گەندەڵییەکانى دانانى پێوەرى ئاوى ماڵان و وەرگرتنى پارە ئاشکرا دەکات

کوردستان

20/07/2019‌ 2116 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتارێکى پەرلەمانى کوردستان وردەکارى گەندەڵییەکانى پێوەرى ئاوى ماڵان و وەرگرتنى پارەیەکى زۆر لە هاوڵاتیان ئاشکرا دەکات.

 

دابان محەمەد پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان"هیچ پێوه‌رێك نیه‌ له‌و پێوه‌رانه‌ى ئاو كه‌ بۆ هاوڵاتیان دانراوه‌، هه‌وا نه‌خوێنێته‌وه‌، سه‌رجه‌م پێوه‌ره‌كان، به‌ هه‌مو كوالێتى و جۆره‌كانیه‌وه‌ ( ئیتالى، ئه‌ڵمانى، توركى و هتد.....) هه‌وا و هه‌ر جوڵه‌یه‌كى تر ده‌خوێننه‌وه‌، بيرۆکە و خودى پێوەرکان بۆ تۆڕ و هێڵێكى بۆرى ده‌بێت، 24 كاتژمێر ئاوى تێدا بێت، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت و گونجاو نیه‌ بۆ تۆڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، هیچ پارێزگا و شار و قه‌زا و ناحیه‌ و گوندێك نیه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان 24 كاتژمێر ئاوى هه‌بێت".

 

ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ یه‌كێك له‌ پێوه‌ره‌كان تاقینه‌كراوه‌تەوە له‌ هه‌رێم كه‌ ده‌بوو به‌ ئامێرى( بێج تێست) تاقى بكرانایه‌ته‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ كارگه‌ى دروستكردنه‌وه‌ هێنراوه‌ و بۆ ماڵان به‌ستراوه‌( سه‌ربارى هه‌ڵه‌ به‌ستن و لۆك و گران فرۆشتن و وه‌رگرتنى پاره‌ى زۆر له‌ به‌رستن و قوفڵ و هتد...).

 

ئەو پەرلەمانتارە رونیدەکاتەوە، ئه‌و پێوه‌رانه‌ى دانراون بڕیار بووە كوالێتیه‌كانیان به‌رگه‌ى ناقس پێنج پله‌ى سه‌دى تا 55 پله‌ بگرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى ئێستا باشترینیان له‌ نێوان 5 پله‌ى سه‌دى بۆ 45 پله‌ى سه‌دى به‌رگه‌ ده‌گرێت( گه‌رمیان و سلێمانى) دو ناوچه‌ن به‌ ئاسانى ئه‌م پله‌ سارد ى و گه‌رمیه‌یان به‌ ئاسانى تێدا تۆمار ده‌كرێت، هیچ یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكانى دانانى پێوه‌ر، خزمه‌تگوزارى گۆڕینى و چاككردنى پێوه‌رى ئه‌نجام نه‌داوه‌، تا ئه‌م ساته‌ش ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بارگرانیه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیانه‌وه‌.

دابان محەمەد ئەوەشى خستەڕوو، هیچ ماڵه‌ به‌رپرسێك ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك شوێن گه‌ڕه‌كى به‌رپرسه‌كان كۆمپانیاكانى دانانى پێوه‌ر نه‌چون به‌لایدا و پێوه‌رى بۆ دانه‌نراوه‌، به‌ڵام له‌ ته‌یناڵ و ده‌ربه‌ندیخان و چه‌ندین شوێنى تر، گه‌ڕه‌ك هه‌بوه‌ تۆڕى ئاوى بۆ نه‌چوه‌، كه‌چى پێوه‌رى ئاو به‌ ماڵه‌كان فرۆشراوه‌.

هەروەها دەشلێت، له‌ كێبه‌ركێى كۆمپانیاكانى خوێندنه‌وه‌ى پێوه‌ر، كۆمپانیاى گرنگ كه‌ ئێستا %80 ى هى كۆمپانیاى نۆكانه‌، له‌ ژێر پرسیارى گه‌وره‌دا زۆنى سلێمانى بۆ ده‌رده‌چێت، كه‌ به‌رپرسى به‌شى پرۆژه‌كان و چه‌ند ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن، به‌رپرس و سودمه‌ند بون.

ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان راشیگەیاندوە، خودى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانى ئاو، شكستیان هێنا، له‌وه‌ى %50 ى فه‌رمانبه‌ره‌كانیان بخه‌نه‌ سه‌ر كۆمپانیاكانى خوێندنه‌وه‌ى پێوه‌ر( ختیب علمى، گرنگ، ئۆرانۆس) ئێستا به‌رگرى له‌ پرۆسه‌كه‌ و كۆمپانیاكان ده‌كه‌ن !!! له‌ هه‌ندێك شوێن كارمه‌نده‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رێتیه‌كه‌، كارى چاككردنه‌وه‌ى پێوه‌ر ده‌كه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌دا.

لە کۆتاییشیدا پەرلەمانتارەى کوردستان وتوویەتى"له‌ دواى شكستى كۆمپانیاى ئاراس و جنون، له‌ دانانى پێوه‌ر، له‌ مانگى 11ى 2017 ه‌وه‌، گرێبه‌سته‌كانیان كۆتایى هاتوه‌، تا ئه‌م ساته‌ش ئه‌م كۆمپانیانه‌، به‌رده‌وامن له‌ فشار له‌سه‌ر هاوڵاتیان بۆ دانانى پێوه‌ر و ساغ كردنه‌وه‌ى پێوه‌رى كۆگاكانیان، بێ ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رێتیه‌كانى ئاو و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار، بچوكترین ئیجرائاتیان كردبێت و بكه‌ن، خودى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ و به‌ڕێوه‌به‌رێتیه‌كانى ئاو هاوڵاتیانى سپاردوه‌ به‌ بازاڕى ڕه‌ش و ماركێتین بۆ پێوه‌رى ئه‌م كۆمپانیا و ئه‌و كۆمپانیا ده‌كه‌ن، ئێستا پرۆسه‌كه‌ به‌ ته‌واوى بوه‌ به‌بازرگانى و چه‌ندین كۆمپانیاى تر كارى تێدا ده‌كه‌ن".


ئه‌گه‌ر ته‌نیا ڕۆژانه‌ 5 خوله‌ك بۆرییه‌كى ئاو هه‌واى تێدابێت و ئه‌و پێوه‌رانه‌ له‌ برى ئاو هه‌وا بخوێننه‌وه‌ چه‌ند له‌سه‌ر هاوڵاتى ده‌كه‌وێت.
هه‌ر پێوه‌رێك له‌ ماوه‌ى 5 خوله‌ك، 1 مه‌تر سێجا هه‌وا ده‌خوێنێته‌وه‌
1 تا 5 مه‌ترسێجا به‌ 50 دینار هه‌ژمار كراوه‌، ده‌كاته‌ 250 دینار
5 تا 15 مه‌تر سێجا به‌ 150 په‌نجا دینار هه‌ژمار كراوه‌، ده‌كاته‌ 1500 دینار
15 تا 30 مه‌تر سێجا به‌ 400 دینار هه‌ژمار كراوه‌، ده‌كاته‌ 6000 دینار
30 تا 60 مه‌تر سێجا، به‌ 600 دینار هه‌ژمار كراوه‌، كه‌ ده‌كاته‌ر 18000 هه‌زار 
60 بۆ سه‌ره‌وه‌ به‌ 2000 دینار هه‌ژمار كراوه‌
ئه‌گه‌ر ڕۆژانه‌ 5 خوله‌ك هه‌وا هه‌بێت، (كه‌ له‌ زۆربه‌ى شوێنه‌كان زیاتر له‌ 15 خوله‌ك پێش هاتنه‌وه‌ى ئاو هه‌وا به‌ بۆرى و پێوه‌ره‌كاندا دێت) 2 مانگ جارێك خوێندنه‌وه‌ى پێوه‌ر ئه‌نجام ده‌درێت، 60 مه‌تر سێجا هه‌وا له‌سه‌ر هاوڵاتى حسابه‌ و هاوڵاتى 26750 دینار، پاره‌ى هه‌وا ده‌دات.

س.هـ

بەپەلە