ئامادەكارییەكانی ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی سەربازی لەكەنداو روسیا نیگەران دەكات

جیهان

21/07/2019‌ 1322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا ئاشكرایكرد، واشنتۆن هەڵدەستێ بە پەرەپێدانی پرۆسەیەكی سەربازی بەناوی (گاردیان) بۆ پاراستنی رێگای ئاویی لەناوچەی كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی، ئەمەش پاش دەست بەسەراگرتنی كەشتییەكی نەوتهەڵگری بەریتانی دێت لە ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوودا.

فەرمادەنییەكە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا كار لەسەر پەرەپێدانی پرۆسەیەكی دەریایی نێو دەوڵەتی (گاردیان) دەكات بۆ بەهێزكردنی چاودێری و ئاسایش لە دەرچە سەرەكیە ئاوییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ گرەنتی ئازادی دەریاوانی لە ژێر رۆشنایی رووداوەكانی ئەم دوایەی ناوچەی كەنداو.

خۆئامادەكردن بۆ پرۆسەكە لە كەنداو پاش دەست بەسەراگرتنی كەشتیەكی نەوت هەڵگری بەریتانیاوە دێت لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، كە گوایە پێوانە نێودەوڵەتیەكانی پێشێل كردووە.

بەگوێرەی قسەكانی فەرماندەیی ناوەندیی، ئەمریكا جولەكانی رێكدەخات لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا لەگەل هاوپەیمانەكانی لە پێناو گرەنتی ئازادی دەریاوانی لە ناوچەكە و پاراستنی رێگا ئاویە زیندوەكان.

هەر لەم بارەیەوە سەرۆكی روسیا ڤلادیمیر پۆتین نیگەرانی خۆی پیشاندا لە بەرانبەر رووبەرووبونەوەی نێوان ئەمریكا و ئێران لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دەرهێنەری ئەمریكی ئۆلیڤەر ستون، 

هەروەها بەگوێرەی دەقی ئەو چاوپێكەوتنەی لە ماڵپەڕی كرملینی ئەلیكترۆنیدا بڵاوكراوەتەوە پۆتین دەربارەی دۆخی پەیوەندی نێوان ئەمریكا و ئێران دەڵێت: ئێمە زۆر نیگەرانین لەم بابەتە، رەنگە ببێتە مایەی تێكچوونی سەقامگیری لە ئێران و كاریگەری بكاتە سەر هەندێ لەو وڵاتانەی كە پەیوەندنی توندوتۆڵمان لەگەڵیاندا هەیە و لەهەمان كاتدا دەبێتە هۆی زیاد بوونی شەپۆلی پەنابەران بە ژمارەیەكی زۆر، دەكرێت هۆكارێك بێت بۆ زیان گەیاندن بە ئابوری جیهانی و پیشەسازیی وزەیی جیهانیی.

وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا