ئەمەریكا توركیای لەهەر هێرشێك بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ئاگاداركردەوە

کوردستان

21/07/2019‌ 2968 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمەریكا بەفەرمی و لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە هەڵوێستی خۆی لەسەر مۆڵدانی هێزی سەربازی توركی لەسەر سنووری سوریا و هەڕەشەی هێرشكردنە سەر خاكی رۆژئاوای كوردستان راگەیاند و جەختی كردەوە، كە واشنتۆن پابەندە بە پاراستنی هاوبەشەخۆجێیەكانی لە سوریا .

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەولود چاویشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا باسیان لەهێرشەكەی شاری هەولێر كردووە، كە بووە هۆی كوژرانی دیبلۆماتكارێكی توركیا .

لەبەشێكی تری پەیوەندییە تەلەفۆنییەكدا پۆمپیۆ دووپاتیكردووەتەوە، كە واشنتۆن پابەندە بە چارەسەركردنی  مەترسییە ئەمنییەكانی توركیا بەدرێژایی سنووری سوریا و توركیا ، بەڵام لەهەمان كاتیشدا جەختیكردووەتەوە، وڵاتەكەی پابەندە بە پاراستنی هاوبەشە خۆجێیەكانی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سوریا ، وەك ئاماژەیەك بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات.

پێشتر مەزڵووم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی "ئۆزگور پۆلۆتیكا"، كە لە هۆڵەندا دەردەچێت ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو  ئەوان نایانەوێت لەگەڵ توركیا بكەونە جەنگەوە ، بەڵام ئەگەر توركیا لە گرێ سپی یان هەر جێگایەكی تر پەلاماری خاكی رۆژئاوای كوردستان بدات ، ئەوە هەموو سنووری سوریا و توركیا لە منبجەوە بۆ دێرك دەبێتە گۆرەپانی جەنگ .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی