زانیاری لەبارەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمەریكی THAAD

جیهان

21/07/2019‌ 2452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساد (THAAD) كورتكراوی ـ Terminal High Altitude Area Defense  واتا سیستەمی بەرگری لەناوچە ئاستبەرزەكان دەگەیەنێت .

سیستەمی" THAAD"  بەوە جیادەكرێتەوە، كە دەكرێت لەجێگایەكەوە بۆ جێگایەكی تر بگوزرێتەوە ، واتە سیستەمیكی جێگیر نییە .

بەگوێرەی پێگەی "Missile Threat" ، " THAAD" توانای ئەوەی هەیە ڕێگری لەو مووشەكانە بكات، كە لە دووری ٢٠٠ كیلۆمەترەوە لەناوەوەو دەرەوەی بەرگە هەوای زەوییەوە دێن ، بەوەش كاریگەرییەكانی چەكی كۆكوژ كەمدەكاتەوە پێشئەوەی بگاتە سەر زەوی 

ئەو توانایەی ساد بۆ ڕێگریكردن لە مووشەكەكان لەناوەوە و  لەدەرەوەی بەرگە هەوای زەوی ، وای لە سیستەمەكە كردووە ببێتە بەشێكی گرنگ لەچوارچێوەی چەمكی بەرگری مووشەكیی ، هەروەك توانیویەتی خاسییەتەكانی هەردوو سیستەمی بەرگری exo-atmospheric Aegis بۆ ڕێگری لە مووشەكەكان لە دەرەوەی بەرگە هەوای زەوی و سیستەمی بەرگری Patriot بۆ ڕێگری لە مووشەكەكان لە ناوەوەی بەرگە هەوای زەوی لەخۆیدا كۆبكاتەوە.

سیستەمەكە بەهۆی بوونی تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی لەدوورەوە هەستپێكردن تییدا كە بە مانگە دەستكردەكانەوە بەستراوەتەوە ، دەتوانێت ئامانجە راستەقینەكان  و ئامانجە ساختەكان لەیەكتر جیابكاتەوە ، ئەوەش وایلێدەكات بەپێی دواین گۆرانكارییەكان لەكاتی ئاراستەكردنیشیدا دووبارە ئاراستەكەی بگۆردرێتەوە .

پێكهاتەكانی سیستەمەكە 
سیستەمەكە لە چوار بەشی سەرەكیی پێكهاتووە كە هاوێژەر ( سەكۆی هاویشتن )و مووشەكی رێگری و رادار و یەكەی كۆنترۆڵی مووشەكەكانن .

سەكۆی هاویشتن لەسەر پشتی گالیسكەیەكی سەربازی  جێگیر دەكرێت بۆ گواستنەوە و هەڵگرتنی ، كە هەر  سەكۆیەك ٨ مووشەكی لەسەرە ، بەشێوەیەك پێكهاتەی ئێستای سوپاكان بۆ سیستەمی ساد وایە كە لە ٦ سەكۆی هاویشتن و ٤٨ مووشەی رێگرتن پیكدێت .

كابینەی كۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی جەنگ و پەیوەندییەكان (C2BMC) زانیارییەكانی ناوچە هەرێمییەكانی تر  وەردەگرێت و ئەو زانیاریانەی لە ئامێرەكانی هەستپێكردن لە دوورەوە لە سیستەمی "Aegis وPatriot" وە دێن ، كۆدەكاتەوە .

سیستەمی كۆنترۆڵكردنی هاویشتنی مووشەكەكان بە بڕبرەی پشتی پەیوەندییە تەلدار و بێتەلەكان و ئیدارەدانی ئەو داتاو زانیاریانە دادەنرێت كە لە مانگە دەستكردەكان و ئەو ئامێرانەی هەستپێكردنەوە دین كە لە ناوچەكانی تر جێگیركراون .

سیستەمی " THAAD" راداری (AN/TPY-2) بەكاردەهێنێت كە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمەریكییەوە پشتی پێدەبەسترێت و توانای گواستنەوەی هەیە ، ئەو رادارەش لەدووری ١٠٠٠ كیلۆمەترەوە توانای بەدواكەوتنی مووشەكەكانی دوژمنی هەیە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی