گۆڕانكارییەكان مەسرور بارزانی تەنیا سنووری دەسەڵاتی پارتی دەگرێتەوە

کوردستان

21/07/2019‌ 4327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریداوە چەند گۆڕانكارییەكی ئیداری‌و ئەمنی لەهەرێمی كوردستان بكات، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو بەڵێنەی بۆ چاكسازی لەسەرەتای دەستبەكاربوونی دای.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو پارتی دیموكرات، گۆڕانكارییەكانی مەسرور بارزانی لەسنووری پارێزگای دهۆكەوە دەستیپێكردووەو لەو چوارچێوەیەش، دوو بەرێوەبەری گشتی لەپارێزگاكە گۆڕاون‌و بڕیارە چەند بەرێوەبەرێكی ترشی گشتیش بگۆڕێن.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بڕیارە گۆڕانكارییەكان سنووری ئیدارەی هەولێریش بگرێتەوەو لەو بارەشەوە بڕیاری گۆڕینی پارێزگارو چەند بەرێوەبەرێكی گشتی‌و بەرێوەبەری پۆلیس‌و ئاسایشی هەولێر بەم نزیكانە دەدرێت.

لەبارەی گۆڕانكاری لەسنووری ئیدارەی سلێمانی، كە پارتی دیموكرات تێدا باڵادەست نییە، سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچە سنووری دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانییە، مەسرور بارزانی تائێستا هیچ بەرنامەیەكی بۆ گۆڕانكاری لەو سنوورە دانەناوە.

مەسرور بارزانی ماوەی رابردوو وەك سەرۆكی حكومەت دەستبەكاربوو، لەدوای دەستبەكاربوونیشی لەچەند بۆنەیەكی جیاواز جەختی لەئەنجامدانی چاكسازی‌و گۆڕانكاری لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە.

هـ ـ ح