خـەبـات‌و تـێـكــۆشـانی ژنـانـی سـودان لـەپـێـنـاو یـەكـسـانـیـدا بـەردەوامـە

جیهان

21/07/2019‌ 786 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمانی عوسمان پارێزەر و چالاكوانی بواری مافە مەدەنییەكان، كە حەوت سەعاتی لە ژوورێكی ئینفرادی زۆر ساردوسڕ و چل ڕۆژی لە زیندانی ڕژێمی پێشوودا بەسەربرد دەڵێت: ژنە سودانییەكان خەبات و تێكۆشانیان لە پێناوی یەكسانیدا بەردەوام دەبێت.

لەسودان، كە هەندێك ئەحكامی باو بەناوی شەریعەتی ئیسلامەوە كۆتوبەندێكی زۆریان بەسەر ژناندا سەپاندووە، بۆیە ژنان لەڕیزی پێشەوەی ناڕەزاییەكاندا بوون، كە دەسەڵاتەكەی عومەر بەشیری كۆتایی پێهێنا و سوپاش لە ڕۆژی ۱۱ی نیساندا لەسەركاریان لابرد پاش ئەوەی زیاد لە ۳۰ ساڵ حوكمڕانی ووڵاتەكە بوو.

لە ڕۆژی ۱۲ی شوبات ئەمانی عوسمان بەرەو زیندانێكی ئینفرادی بەدناو، كە بە (ساردكەرەوە) ناسراوە بۆ شاری خەرتوم ڕاپێچكراو لەبەر ئەوەی لەو وڵاتەدا پلەی گەرما تا پەنجا پلە هەڵدەكشێت لێكۆڵینەوە لە كونجێكی زۆر سارد و سڕدا یەكێكە لەشێوازەكانی ئەشكەنجەدانی بەرهەڵستكارانی ڕژێم.

وەك ئەمانی دەیگێڕێتەوە، ئەو ژوورە تاكەكەسی‌و خاڵییە تەنانەت پەنجەرەی تێدا نییە، جگە لە هەوایەكی ساردكراوە بۆ پلەیەكی زۆر نزم و هەمیشە ڕوناك بەدرێژایی ڕۆژگار و شەوانی هەفتە"و ئەو ژورە"ساردكەرەوە"یە لە لایەن دەزگای هەواڵنێریەوە سەرپەرشتیدەكرێ و دەكەوێتە سەر ڕۆخی ڕوباری نیلی شین.

"ئایكۆنە"
لە ڕابردوودا دەیان تێكۆشەر و خۆپیشاندەر و بەرهەڵستكاری ڕژێم ڕاپێچی ئەو شوێنە بەدناوە كراون كە پیاوانی ڕژێم بە"هوتێل"ناوی دەبەن و ئەمانی دەڵێت شوێنێكی"قێزەونە" كەلەوێدا لێكۆڵینەوە لە زیندانیەكان دەكرێت و بەپێی میزاجی پاسەوانەكانیش زیندانیەكان ڕێیان پێدەدرێ بڕۆن یان دەبرێنە زیندانی ئاسایی.

ئەمانی باش لەبیریەتی كە لەگەڵ گەیشتنی بەو شوێنە یەكێك لە كارمەندەكانی هەواڵگری بۆ دەستخۆشی لە هاوڕێكانی ووتی"دواجار ئاژەڵەكەتان دەستگیر كرد"و دواتر دەستوبرد هەرچیەكی پێبوو دەستی بەسەردا گیرا جگە لەو (قورئان)ەی لەگەڵ خۆی هەڵی گرتبوو.

لەكاتی لێكۆڵینەوەدا كاتێك لەسەرمانا هەڵدەلەرزی یەكێك لە كارمەندانی ئاسایش بە گاڵتەپێكردنەوە ووتی"دەتەوێ لە پێناوی ژیانێكی باشتردا خۆپیشاندان بكەی؟ئەوەیان پێڕاگەیاندوین و لەو پێناوەدا هەموو كۆمەك و هاوكاریەكت دەكەین".

هەر لەو بەستێنەدا ئەمانی دەڵێت"لەبەر ئەوە دەستگیریانكردم چونكە سەرپێچی هەموو یاسا و ئەخلاقێكم كرد و لەبەرئەوەی خەباتكاربوم و بەرگریم لە مافی ژنان دەكرد لە ووڵاتێكدا كە تێیدا ژنان دەنگیان نابیسترێ".

سەلوا محەمەدی تەمەن ۲۱ساڵ یەكێكیترە لەو چالاكوانە مەدەنیانە و ووتی"لەبەرئەوەی ژنم بۆم نیە بەتەنیا بچمەدەرەوە و بۆشم نیە بۆ خوێندن بڕۆمە دەرەوەی ووڵات و ئازادانەش وەك خۆم خوازیارم جلوبەرگ بپۆشم" و بۆیە هەموو ڕۆژێك بەشداری خۆپیشاندانەكانی دەكرد بۆ"گەیاندنی دەنگی ژنان"لەو مانگرتنە گشتیانەی بەردەم بارەگای گشتی هێزەچەكدارەكان لە خەرتوم كە خۆپیشاندەران لە ماگی نیساندا ڕێكیانخستبوو. 

لەو خۆپیشاندانانەدا ئالا‌و ساڵحی خوێندكاری تەمەن ۲۲ساڵیش ئامادەگی بەردەوامی هەبوو كە بە"ئایكۆنەی شۆڕشی سودان"ناسراوە و بە خوێندنەوەی ئەو هۆنراوە حەماسیانە ناوبانگی دەركردبوو كە تێكۆشان و نەبەردیەكانی ژنانی سودانی پیرۆز دەكرد.

پاش ئەوەی لە ڕۆژی ۳ی حوزەیران ئەو مانگرتنە بەرفراوانە بۆ وەدیهێنانی حوكمێكی مەدەنی لەڕێی هێز و بەشێوازێكی توندوتیژانە كۆتایی پێهێنرا و دواتر پاش چەند هەفتە لە نائارامی و دڵەڕاوكێ ئەنجومەنی سەربازی حوكمڕان و سەركردەكانی مانگرتن و ناڕەزایەتیەكیان ڕێكەوتننامەیەكیان بۆ قۆناغێكی گواستنەوە بۆماوەی سێ ساڵ لە نێوانیاندا واژۆكرد، و لەو بارەیەوە ئەلا‌و ساڵح جەختدەكاتەوە كە"چاوەڕێناكەین تا مافەكانمان بدەنێ بەڵكو خەباتی بەردەوام دەكەین بۆ وەدیهێنانیان و ژنانی سودان داوای لە(٤۰٪)ی كورسیەكانی پەرلەمانی ئایندە دەكەن" و ووتیشی كە"هێزەكانی ئازادی و گۆڕانكاری كە سەرپەرشتی بەرەی ناڕەزایەتیەكان دەكەن لە دووتوێی ڕێكەوتننامەكەیاندا لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازی زامنی ئەو داواكاریەیان بۆ كردوین".

هەر لەو بوارەدا ئەمیرە ئەلتیجانی مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە(زانكۆی ئەحفاد بۆ كچان)دەڵێت"ئەو جوڵانەوەیەی ئێستا هەلێكی ڕەخساوە بۆ ژنان كە دەنگیان ببیسترێ".

"زەمینەیەك بۆ ئازادی"
ئەو زانكۆیە كە لە ساڵی ۱۹٦٦دا دامەزراوە و تایبەتە بە مێینە دامەزراوەیەكی دانسقەی ووڵاتەكەیە و بۆ نموونە لەوێدا زانستی پزیشكی و دەرمانسازی و دەرونناسی دەخوێندرێ و هەر لەوێدا مافەكانی ژنان شیدەكرێنەوە و تاوتوێدەكرێن و خوێندكارەكان لە دیاردەكانی خەتەنەكردن و زوو بەشودان و هاوسەرگیری زۆرەملێ ووریا و ئاگادار دەكرێنەوە.

لەو بارەیەوە ئەیوب ئەلبینۆی تەمەن ۲۲ساڵ كە خوێندكاری بەشی دەرمانسازیە دەڵێت"ئەم زانكۆیە"زەمینەكە بۆ ئازادی"و لەناو زانكۆدا خوێندكارەكان سەرپۆشەكانیان لادەدەن و پۆشاكی هاوچەرخ دەپۆشن".

لە بوارێكی تردا دەوالی تەمەن ٤٥ساڵ كە لە بەشی قورئان لە زانكۆی ئوم دەرمان دەخوێنێت دەڵێت"ئیسلام ئازادی بۆ ژن و پیاو دەستەبەركردووە"لە ئاماژەیەكدا بەوەی"كە ئاینی ئیسلام ڕایسپاردووە كە شەریعەت بەپێی حەز و ئارەزوی تاكەكانی كۆمەڵگا جێبەجێ بكرێت".

لەو بارەیەوە ئەمانی عوسمان دەڵێت"شەریعەتی ئیسلام"تەحریفكراوە"ئەوەش دەرەنجامی ۳۰ساڵ لە خوێندنەوە و تەفسیری توندڕەوانەی سەردەمی حوكمی عومەر بەشیر(كە هاوپەیمانی ئیخوان موسلیمین بوو)و دەوترا(دەمی ژنان بگرن). 

لە كۆتاییدا بە تۆنێكی ئومێدبەخشەوە ووتی"بەڵام لەمەودوا سودانێكی تر لە دایك دەبێت لەگەڵ حوكمەتێكی مەدەنیدا كە دەستەبەری ئازادی لە ووڵاتدا دەكات". 

سەرچاوە: Hespress
وەرگێڕان: بەرزان حەمەخورشید