مەلا بەختیار بەرنامەكەی بەبەری خۆی دوریوە

قەڵەمی ڕۆژ

22/07/2019‌ 6555 جار خوێندراوه‌ته‌وه

كاك بەختیار بەكەسێكی خوێنەوار و بەئەزمون ناسراوە، بۆیە نەدەبوو بەرنامەكەی پربوایە لەخۆ جوان كردن و ناشرین كردنی هاورێكانی، كەس شك نابەیت لەكوردستان گەر بەئەمەكەوە بدوێت دنیایەك عەیب و عاری حوكمرانی پارتەكانی كوردستانت بۆنەخاتە روو، گرفتەكە لە نیشاندان نییە، گرفتەكە ئەوەیە خۆت باڵادەست بیت و ناشرینیەكان بەخەڵكی تردا هەڵبواسیت، گرفتەكە ئەوەیە تۆ لەپۆستی باڵا و دەسترۆیشتوو بیت و نەتوانیت شتێك بۆ راستكردنەوەی خراپەكارییەكان بكەیت. 

دیارە ئەوەی لەبەرنامەكەی كاك بەختیاردا هاتوە، تازە نییە و بەئاشكرا سالانێكە لەرۆژنامەكان بەزیادەوە ئەخوێنرێنەوە و بڵاوكراونەتەوە، خۆ گەر ئەركی رۆژنامەنووس نیشاندانی ناشرینیەكان بێت، ئەوا ئەركی سیاسییەكان چاككردنیەتی نەك عەیبەكان بكرێتە كراسەكەی عوسمان بۆ شەری ئەوی دی بەكاربهێنرێت. خوێنەری بەرنامەكەو جەماوەری یەكێتی هەقی خۆیانە بپرسن، ئەگەر ئێوە هیچتان پێنەكراوەو گوێتان لێ‌ نەگیراوە، ئیتر بۆ لە میدیاكانەوە راستیەكانتان بەخەڵك نەوتوەو بۆ هەڵوێستان نەبووە و دەستبەرداری پۆستەكەتان نەبوون ، ئایا هەر ئەوەی كە لەبەرنامەكەدا باسكراوە، بایی ئەوەنیە شەرعیەت بدەیت بەدەنگە نارازیەكانی یەكێتی بۆ هەڵوێست وەرگرتن، گەر وایە بۆ ئێستا باسی هەڵگەرانەوە لەیەكێتی دەكرێت و تۆمەتبارانی ئەوانەی پێدەكرێت كە ویستویانە بەهەڵوێستەكانیان یەكێتی بگرێنەوە سەر ئاراستە جوانەكەی خۆی. 

كاك بەختیار بەناوی پێشكەش كردنی بەرنامەوە، كەسی لەناو یەكێتی نەهێشتۆتەوە تۆمەتباری نەكردبێت لە دروستكردن و درێژە پێدەری دۆخە نەخوازراوەكە، جگە لەخۆی، ئی گەر دڵسۆزی بۆیەكیتی درێژەدان بێت بەو دۆخە، ئەوا ئەو دڵسۆزییە پێشكەشی ئەوانە بێت كەشانازی بە ناشرینییەكانی یەكێتیەوە دەكەن. 
دكتۆر بەرهەم لەبەرنامەكەی كاك بەختیاردا پاڵەوانی خراپەكارییەكانە، بەڵام هەموان دەزانن، شەری ئەو لەگەڵ بەرهەم ساڵح لەسەر ناشرینیەكان نییە، بەڵكو لەسەر ئەوەیە كە ئاراستەكەی ئەو سەركەوتوو نەبوو لە دەنگدانی سەركردایەتی بەوەی رێگری بكرێت لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، كە بەداخەوە بەدیلەكەی كاك بەختیار كە پشتیوانی لێكردو شەری لەسەر كرد، كاندیدی پارتی بوو نەك یەكێتیەكی تر كە لەبەرهەم ساڵح شایستە تربیێت بۆ ئەو پۆستە، خۆ گەر شەری ئەو لەسەر خراپەكارییەكان بوایە دەبوو ئاخر كەس یەخەی دكتۆر بەهەم بگیرایە.

ئەگەر كەموكورتی بەنامەكە هەڵەی گێرانەوەی ناراستی روداوەكان نەبوایە، دەكرا بێدەنگەی لێ بكرایە، بەڵام كە بەرنامەكە خاڵی بێت لەویژدان و پربێت لەناحەقی، ئیتر بێدەنگ بوون وەك رازیبونە بەوناهەقیانەی دەرهەق بەمێژووی یەكێتی وتێكۆشەرەكانی دەكرێت، بۆیە بەندە وەك پێشمەرگەیەكی دێرین كە لەنزیكەوە ئاگاداری روداوەكان بووم و تارادەیەك ماوەیەكی زۆر لەمام جەلالیش نزیك بووم، ئەو راستیە ئەخەمە روو كە پێچەوانەی حیكایەتەكانی ناو بەرنامەكەیە.

بەداخەوە دەبوو كاك بەختیار لەم كاتەدا شتێكی تری بخستایەتە روو، كە ئاماژە بوایە بۆ نیەت پاكی و دڵسۆزی و هانی كۆكردنەوەی یەكێتیەكانی بدایە، نەك هۆنینەوەی بەرنامەیەك، گەر گوێی لێبگیرێت، ئەنجامەكەی ماڵوێرانییەو ئەوەشی كەهەیە دەیخاتە بەردەم لەتبوون و دروست بوونی بەدگومانی لەسەر هەموان، جگە لە نوسەری بەرنامەكە.
هەرەشەكەی مەلابەختیار..

كاك بەختیار لەبەشێك، كە پێدەچێت خراپترین بەشی بەرنامەكەی بێت، باسی هەرەشەكانی خۆیی دەكات و بەزەقیش دەنوسێت، "هەرەشە"، ئێمە هەمومان دەزانین بەرێزیان ئوستادی وشەسازین دەیتوانی لەبری هەرەشە بینوسیاسە، هۆشداری، ئاگادركردنەوە، هەڵوێست وەرگرتن، نەك هەرەشە، پاشان ئەو كەتوانی ئاوا هەرەشە بكات، یان توانایی هەرەشەی واقورسی هەبوە، ئەی بۆ لەهەمان بەرنامەدا نوسیویەتی (زیاتر لە 50 )جار، لەكۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و دانیشتن لەگەڵ جێگری سكرتێری گشتی و كارگێڕدا، باسی ئەو دیاردانەم كردووە. بەڵام نەك گوێم لێنەگیراوە، بەڵكو بە نەخشە، ئەو دیاردە دزێوانە پەرەیان پێدراوە). باشە كە بروای بەهەرەشە هەبوو لەدژی دكتۆر بەرهەم بەكاری بهێنێت و گوێش لەهەرەشەكەی گیراوە وەك خۆی دەیڵێت، ئەی ئەوكاتە بۆ فریای یەكێتی نەكەوت، بۆ هەرەشەی نەكرد لەوانەی رێگری لێدەكەن بۆ چاكسازە، یان هەرەشەكانی بۆ كەی هەڵگرتبوو؟.

جیاوازی نێوان گەرانەوەی دكتۆر بەرهەم و كاك بەختیار...
ئەو دەنوسێت (ئەگەر پرۆسەی یەكخستنەكە، سروشتی ئەنجامبدرایە، وەكو یەكگرتنەوەكانی تر، دڵخۆشی لێدەكەوتەوە. بەراوردی بە پێشوازیەكەی یەكگرتنی (ئاڵای شۆڕش)و یەكێتی ناكەم، كە لە یاریگای سلێمانیدا، هەزاران كەس ئاهەنگیان بەئامادەبونی مام(و ئێمەمانان بۆ گێڕا)، بەڵكو بەراوردی دەكەم بە، پێشوازیەكەی حزبی (ئایندە) كە هۆڵی شەهید شازاد جمەی دەهات لەباوەش بۆكردنەوەیان. بەڵام رۆژی هاتنەوەكەی سەرۆكی هاودیدەكانمان لە مەكتەبی سیاسی لەبیرمە، دەتگوت: تەعزیەیە! بۆیە، سەرجەم پرۆسەكەم پێ هەڵە بوو.....چونكە تەواوی سیناریۆی دامەزراندن و گەڕانەوەی بەشێكی هاوپەیمانی و پۆست پێبەخشینیان، لە گەمەی سێرك دەچوو، نەك یەكخستنی سیاسی!! لە هێنانەوەی بەشێكی كەمی (هاودیدەكان)دا، تەنها دەمەوێ ئەم راستییانە بۆ مێژوو بڵێم: سەرۆكەكەیان هەتا توانی مـانـۆڕی كـرد، وەكـو كاندیدی سەربەخۆ، بكرێتە كاندیدی سەرۆك كۆمار.

 

بەندە پێمداگرت: ئەگەر نەیەتەوە ناو یەكێتی بەرەسمی، بەیاننامەی دژ دەردەكەم. ئەوەبوو هەڤڵان: عیماد، ئەرسەلان، بافڵو لاهور، پێیانراگەیاند دەبێ بێتەوە ناو یەكێتی. ناچار، بۆ یەكەمین جار، دوای ئەم هەڕەشەیە، لەناو (هاودیدەكان)یدا، رایگەیاندبوو، دەڕۆمەوە ناو یەكێتی و نامەی هاتنە ریزی یەكێتی بە دەست خەت نوسیبوو....). لەراستیدا هەر بۆ مێژوو بەندە ئاگادار بووم ماوەی شەش مانگ ئەندامە دڵسۆزەكانی یەكێتی سەركردە دیارەكانی، لەگەڵ دكتۆر بەرهەم خەریكی ئەوە بوون بیگێرنەوە بۆ ناو یەكێتی، نەك وەك ئەوەی باس دەكرێت پرۆسەكە چەند سەعاتێك بووبێت. سەبارەت بەگەرانەوەی ئاڵای شۆرش و پێشوازی گەرمی خەڵك و جەماوەری یەكێتی، بۆ مێژوو ئەو سەردەمەی كاك بەختیار دەیویست بگەرێتەوە ناو یەكێتی، كاك نەوشیروان تەلەفۆنی بۆكردم وتی" مەلابەختیار بەنیازە بێت بۆلام بەراستی نازانم باسی چی لەگەڵ بكەم سوپاست دەكەم گەر تۆش بێت" بۆیە پێكەوە لە لەندەن، سەردانی كاك نەوشیروانمان كرد، لەو دانیشتنە، كاك بەختیار تكای لێكرد قسە لەگەڵ مام جەلال بكات تا رێگر نەبێت بۆ گەرانەوەی ناو یەكێتی و ئاسانكاریان بۆبكات بۆ گەرانەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئاڵای شۆرش بەیەك قۆناغ و بەیەك ئاراستە نەگەرایەوە ناو یەكێتی، چەند گروپێك دوای گەرانەوەی مەلا بەختیاریش لەگەل مام جەلال دانیشتن و بەجیاگەرانەوە، ئەمە جگەلەوەی بەشێكیان چونە ناو زەحمەتكێشان بەشێكی تریشیان تا ئێستاش لەدەرەوەی كاری حزبی مانەوە و لەگەڵ هەنگاوەكەی ئەو نەبوون. دیارە رووداوەكانی نێوان ئاڵای شۆش و هاوپەیمانی لە زۆر روەوە جیاواز بوون، لەوانە كاك بەختیارو چەند سەركردەیەكی تری ئالای شۆرش كە خۆی یەكێك بوو لەوانە ماوەیەكی زۆر لای یەكێتی زیندان كران و تەنانەت خوێنرشتنیش لەنێوانیاندا رویدا، بەپێچەوانەوە، تەنانەت لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی 12/5 لەلایەن هاوپەیمانییەوە هێرش نەكرایە سەر هیچ سەركردەو كەسایەتیەكی یەكێتی و بەشێوەیەكی راقی و دور لەتەشەنوج، هەڵمەتەكان بەرێوە چوو. بەڵام بەداخەوە هەڵوێستی كاك بەختیار لەسەر دكتۆر بەهەم زیاتر لەهەڵوێستی ئەو سەركردانەی ئەوكاتەی یەكێتی ئەچێت كە نیگەران بوون بە گەرانەوە بۆ ناو یەكێتی، بەپێچەوانەی ئەوەوە، وەك كاك دڵیری سەید مەجید ئەڵێت" یەكێتی بێ‌ بەرهەمی حاكم ئەحمەد، توانای بوژانەوەی نییە" كە دڵنیام ئەوە رەئی زۆرینەی سەركردەكانی تریشە. بەپێچەوانەوە كاك بەختیار بۆ گەرانەوەی بۆ ناو یەكێتی حزبی زەحمەتكێشانی بەكارهێناو لەو رێگەیەوە گەرایەوە، وەك ئەوەی بڵێت لەدەرگاوە رێگەم نەدەن لەپەنجەرەوە یەمە ژورەوە، هەروەك بە ئیعترافی خۆشی گەرانەوەی دكتۆر بەرهەم بۆ ناو یەكێتی بە گوشارو ( هەرەشەكانی ) كاك بەختیار بوەو بەتەكلیفی هەڤاڵە دڵسۆزەكانی ناو یەكێتی بووە. هەر بۆیە لەكۆمیەتەی سەركردایەتی بەزۆرینەی رەها دەنگی پێدراو كاندیش كرا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. ناحەقیەكی تری گێرانەوەی چیرۆكی ناو بەرنامەكە ئەوەیە، كە باسی هەڤاڵانی كاك بەرهەم دەكات كە پۆستیان پێدراوە و بەسەریاندا بەخشراوەتەوە، بەبێ‌ ئەوەی بتوانێت، ناوی یەك كەس بخاتە روو كە لەپرۆسەی گەرانەوەكە پۆستی پێدرابێت، بەپێچەوانەوە هەموو ئەوانەی لەگەڵ كاك بەختیار گەرانەوە بە زووی پۆستیان بۆدیاریكراو جێگیر كران.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێن ئەوەی كە نەدەبوو كاك بەختیار بەوزمانە بەرنامەیەك بۆ ئاشتی و بۆ هەستانەو راستكردنەوەی دۆخی یەكێتی دارێژێت، چونكە ئەو زمانە خۆی وتەنی جگەلەوەی باوی نەماوە تارادەیەكیش جێگەی پێكەنینیشە كە (دیموكراتخواز و سۆسیال دیموكراتێك) شانازی بەهەرەشەكانی خۆیەوە بكات و خۆی مەتح و سەنای رۆڵی خۆی بكات و لەبەرنامەی چاسازی حزبەكەی بایەخی پێبدات.


بەپەلە