ئەمریکا هۆشدارى دەدات.. تورکیا هێزى سەربازى لەسەر سنورى رۆژئاواى کوردستان کۆدەکاتەوە

کوردستان

22/07/2019‌ 1356 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تورکیا هێزى سەربازى زیاتر لەسەر سنورى رۆژئاواى کوردستان کۆ دەکاتەوەو ئەمریکاش هۆشدارى دەداتە ئەو وڵاتە لە هەر هەنگاوێک بیەوێت لەدژى هاوپەیمانە کوردەکانى بیهاوێژێت.

لە چەند رۆژى رابردوودا سوپاى تورکیا هێزێکى سەربازى بە تانک و زرێپۆشەو چەکى قورسەوە رەوانەى شارى رەحا سەر سنورەکانى رۆژئاواى کوردستان کردوە.

 

میدیاکانى رۆژئاواى کوردستان بڵاویان کردەوە کە ئامانجى کۆکردنەوەى ئەو هێزە لەسەر سنور بۆ داگیرکردنى شارى سەرێکانییە.

 

هاوکات لەگەڵ کۆکردنەوەى ئەو هێزە سەربازییەى تورکیا بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە  جێمس جیفری نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری سووریا لە ئەنقەرە چاوى بکەوێت بە بەرپرسانى تورکیاو تیایدا لەبارەى دۆخى سوریاو بەتایبەت ناوچەى ئارامەوە گفتوگۆ بکات.

 

هەروەها بڕیارە جێفرى نیگەرانى ئەمریکا لەبارەى هێرشە بەردەوامەکانى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان بگەیەنێتە بەرپرسانى تورکیاو هۆشداریان پێ بدات لە هەر هەنگاوێک لەدژى رۆژئاواى کوردستان بینێت.

 

لەچەند رۆژى رابردووش مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغلۆ هۆشدارى دابوو لە هێرشکردنە سەر هاوپەیمانە کوردەکانى لە سوریا.

س.هـ