سێ مانگ دوا دەخرێت.. بەهۆى دواخستنى کۆنفڕانسى ناوخۆیی ناڕەزایەتى لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا فراوانتر دەبێت

کوردستان

22/07/2019‌ 1087 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەوڵەکان بۆ دواخستنى بەستنى کۆنفڕانسى ناوخۆیی بزوتنەوەى گۆڕان کاردانەوەى ناوخۆیی لێدەکەوێتەوەو ئەوەش نیگەرانى بەشێکى زۆر لاى هەڵوسڕاوانى بزوتنەوەکە دروست کردوە.


رۆژى چوار شەممەى ئەم هەفتەیە دامەزراوە باڵاکانى بزوتنەوەى گۆڕان وادەى کارکردنیان تەواو دەبێت و بەپێى دەستورى بزوتنەوەکە دەبوو لە رۆژى چوار شەممەدا کۆنفڕانسى ناوخۆییان ببەستایە، بەڵام ئەو کۆنفڕانسە لەوادەى دیاریکراوى خۆیدا بەرێوە ناچێت.

شۆرش حاجى ئەندامەى خانەى راپەراندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاندوە، پێویستیان بە دەرفەتێک دەبێت تاکو بتوانن کۆنفڕانسى ناوخۆیی ئەنجام بدەن.

بەپێى ئەو زانیاریانەى دەست شارپرێس کەوتووە، لەناوخۆی بزوتنەوەکەدا نیگەرانییەکى زۆر دروست بووە بەهۆى هەوڵەکان بۆ درێژکردنەوەى کارەکانى رێکخەرى گشتى و خانەى راپەراندن و دامەزراوەکانى تر.

لەچەند رۆژى رابردوودا ژمارەیەک بەرپرسى گۆڕان سەرکردایەتى بزوتنەوەکەیان لەسەر درێژکردنەوەى ماوەى کارکردنى رێکخەرى گشتى و دامەزراوەکان ئاگادار کردوەتەوەو هۆشداریان داوە کە دەبێتە هۆى دروستبوونى لێکترازان لە ریزەکانى گۆڕاندا.

شارپرێس زانیویەتى لەسەر پێشنیارى چەند بەرپرسێکى باڵاى گۆڕان کە کوڕەکانى نەوشیروان مستەفاش پشتیوانیان دەکەن بۆ ماوەى سێ مانگ کارکردنى رێکخەرى گشتى و خانەى راپەراندن درێژ دەکرێنەوە.

هەروەها بەهۆى ئەو درێژکردنەوەیەش ژمارەیەک لە هەڵوسوڕاوە دیارەکانى بزوتنەوەکەى نامەى دەست لەکارکێشانەوەیان ئامادە کردوەو چاوەڕێی وەڵامى رێکخەرى گشتى دەکەن کە ئەمڕۆ وەڵامیان بداتەوە.

رۆژى چوار شەممە ساڵیادى دامەزراندنى بزوتنەوەى گۆڕانە کە ساڵى ٢٠٠٩ دامەزراندنى خۆى وەک لیستێکى پەرلەمانى راگەیاندو توانى ٢٥ کورسى بەدەست بهێنێت.

ماوەى ساڵێکە ناڕەزایەتى ناوخۆیی ریزەکانى گۆڕانى گرتووەتەوەو بەشێک لەسەرکردەکان لەوانە عوسمان حاجى مەحمود و قادرى حاجى عەلى لە ماڵەوە دانیشتووەو لە گۆڕان چوونەتە دەرەوە، هاوکات ژمارەیەکى زۆریش لە هەڵسوڕاو کە لەناویاندا پەرلەمانتارانى پێشووى ئەو حزبەى تێدایە لەماڵەوە دانیشتیوون.

س.هـ