بۆشایی لەهەرێم دروست كردووە
چالاكی سیاسی ‌و ئاشكرا لەژنە بارزانییەكان قەدەغەیە

کوردستان

22/07/2019‌ 3995 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خێزانی مستەفا بارزانی دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان زۆربەی جومگەكانی دەسەڵاتیان لەناو هەرێمی كوردستان بەدەستەوەیە و رۆڵێكی چالاكیان هەیە لە دروستكردنی بڕیارو یاساكاندا، بەڵام ئەم نوێنەرایەتیكردنە رۆڵی ژنی لەبنەماڵەكەدا بەشێوەیەكی بەرچاو ئامادەیی تێدا نییە، لەگەڵ ئەوەی ئەم خێزانە پۆستێكی زۆریان هەیەو رەگەكەی درێژبووەتەوە بۆ نەوەی چوارەمیان.

دیارە ئامادەنەبوونی ژن لەو خێزانەدا تەنیا لایەنی سیاسی ناگرێتەوە، بەڵكو لەكۆبوونەوە مەدەنی و بۆنە رۆشنبیریەكانیشدا ئامادەنین، بە پێچەوانەی خێزانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جەلال تاڵەبانی، كە ژن بە شێوەیەكی بەرچاو رۆڵیان هەیە و بەتایبەتی لەسیاسەتكردندا.

هۆكارەكەی تەریقەتی نەشبەندییە
لەم بارەیەوە نووسەرو توێژەر سالار تاوەگۆزی  دەڵێت: هۆكاری ئامادەنەبوونی ژنی بارزانییەكان لە دیمەنی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا دەگەڕێتەوە بۆ ژینگەی ئایینی، كە لەبیرمەند (ئەحمەد بارزانی)، یەكێك لە شێخەكانی تەریقەتی نەقشبەندییەوە ماوەتەوە.

ئەو نووسەرە ئەوەشی خستووەتەروو، ئەم درێژبوونەوە ئایینەیە رێگرە لەدەركەوتنی ژن لە رووكەشدا و هەر ئەمەش وای كردووە ئامادەنەبوونی لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا كاریگەری خۆی هەبێت.

تاوەگۆزی باسی لەوەش كردووە، كە سەرۆكەكانی حكومەت بە درێژایی ساڵانی رابردوو كچ و هاوژینەكانیان لەگەڵ خۆیاندا دەرنەخستووە، جگە لە دەركەوتنێكی ناوازەی هاوژینی سەرۆكی نوێی هەرێم نێچیرڤان بارزانی نەبێت لەكاتی دەنگداندا لەهەڵبژاردنەكان. 

سەرەرای ئەوەی ماڵباتی بارزانی خێزانێكی ئایینین و ناهێلن ژن لەراگەیاندنەكانەوە دەربكەوێت، لە هەمان كاتدا عەشایەریشن‌و پایەندن بە نەریتەكان و جێگیریە هۆزگەراییەكان‌و دەستبەرداریان نەبوون لەگەڵ ئەو پێشكەوتنە بەرچاوەی هەرێم لەرووی حكومەت و گەلیشەوە بە دەستیان هێناوە.

خانمی یەكەم لە هەرێمی كوردستاندا نییە
لەهەمان چوارچێوەدا، ژنە چالاكوانی كورد هیلین محەمەد دووپاتیكردەوە نائامادەیە رۆڵی ژن لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان كەلێنی دروست كردووە لە نێوان ژنانی هەرێم و سەرۆكەكانیاندا. 

ئەو وتی: نەبوونی پەیوەندی هاوژینی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، كە دەبوو خانمی یەكەم بوایە لەسەرجەم وڵاتانی جیهان كاری پێدەكرێت، لەگەڵ ژنانی هەرێم وایكردووە پەیوەندی ژنی كورد لەگەڵ دەسەڵاتدا زۆر كلاسیكی بێت.

هەروەها رۆژنامەنووس ئارام فەخرەدین لەم بارەیەوە وای دەبینێت، خێزانی رابەرو سەرۆكەكان دەبێ دۆخێكی تایبەتیان هەبێت و دوور بن لە بیروباوەڕی ئایینی و نەریتی عەشایەری لەپێناو ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ خەڵكی خۆیان هەبێت، ئەوەی ئێستا هەیە حكومەتی هەرێمی خستووەتە بەردەم دژیەكیەكی گەورەوە، بەوەی لە كاتێكدا داوای ئازادی ژن و پاڵپشتییان بۆ دەكات كەچی خێزانەكانی خۆیان گیرۆدەی خوونەریتە كۆنەكان كردوەو ئەمەش مالباتی بارزانی پەیڕەویی لێ دەكەن.

بارزانییەكان رێگە نادەن ژنەكانیان تێكەڵی پیاوان ببن
هەر لەو بارەیەوە، سەرچاوەیەكی نزیك لەماڵباتی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان مەسعود بارزانی ئەوەی ئاشكرا كردووە، ژنەكانی نەوەی یەكەم لەنێو خێزانی بارزانیدا تا ئێستا پابەندن بە رێورەسمە ئایینەیەكانەوە، كە رێگە نادات ژن تێكەڵی پیاو ببێت و لەهەمان كاتدا پێویستە سەرپۆش بپۆشرێت لەناو خێزانی دەسەڵاتداردا.

سەرچاوەكە باشی لەوەش كردووە، نەوەی نوێی ژنەكان یاخود ئەوەی پێی دەوترێ نەوەی چوارەم دەستیان كردووە بە دەرچوون لە رێورەسم و نەریتەكانی خێزانی دەسەڵاتدار.

لە میانی بەخاكسپاردنی دلۆڤان ئیدریس بارزانی برای سەرۆكی ئێستای هەرێم نێچیرڤان بارزانی لەنیسانی ساڵی رابردوو، بۆ یەكەمجار ژن لە خێزانی بارزانیدا دەركەوتن و لەلایەن چالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە گرنگییەكی زۆری پێدرا.

سەرچاوە: بغداد الیوم 
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا