یەكەم بەركەوتنی راستەوخۆی دوو ئامۆزاكە
ململانێی مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی دەچێـتە قۆناغێكی نوێ‌

کوردستان

23/07/2019‌ 10451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ململانێی نێوان مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی دەچێـتە قۆناغێكی نوێ‌، بەشێوەیەك ئێستا بەركەوتنەكانیان راستەخۆ.

مەسرور بارزانی، كە ئێستا سەرۆكی حكومەتەو نێچیرڤان بارزانیش، كە ئێستا سەرۆكی هەرێمی، ماوەیەكی زۆر ململانێ هەیە لەنێوانیان هەیە، ئەوەش بەهۆی پێگەیان لەناو پارتی دیموكرات‌و حكومڕانی هەرێمی كوردستان.

دوای وەرگرتنی پۆستەكانیان لەماوەی دوو مانگی رابردوو، ئێستا ململانێكانیان بەزەقی دەردەكەوێت‌و تەنانەت بەركەوتنی راستەوخۆیان هەیەو لەرێگەی كەسە نزیكەكانیان شەڕەكە دەكەن.

رۆژی دوو شەممە رێبوار كەریم وەلی، رۆژنامەنووس لەتۆڕی میدیایی رووداو، كە خاوەندارییەكەی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە، وتارێكی بڵاوكردەوەو تێدا دەزگا ئەمنییەكانی بە "كەمتەرخەم" تۆمەتباركردبوو، ئەوەش لەئاشكراكردنی رووداوی كوشتنی عوسمان كۆسە جێگری سەركونسوڵی توركیا لەهەولێرو دوو كەسی تر.

لەبەرانبەردا، دەزگای دژەتیرۆری هەرێم، كە دەزگایەكی سەر بەئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەو پێشتر مەسرو بارزانی سەرپەرشتی دەكرد، وەڵامێكی توندی ئەو رۆژنامەنووسەیان داوەتەوە.

لەوەڵامەكەدا هاتووە: "ماوەیەكە ڕیبوار كەریم وەلی بە فیتی ئاغاكانی خۆی لەخەڵك كردووە بە موحەللی ئاخر زەمان، ئەم زاتە كە هەموومان دەیناسین و ئاكار و رەفتاری بۆ هەمووكەس لە سۆشیال میدیا ئاشكرا ببوو، هەستاوە بەڕووقایمی دەستی داوەتە چەواشەكاری و لە مینبەری ڕووداو ئەو باس و خواسانە دەخاتەڕوو، كە دڵی ئاغاكانی خۆش بكات".

هەر لەوەڵامەكەدا هاتووە: رێبوار، چەند مانگ پێش، هێشتا كابینەی نوێش پێك نەهاتبوو، لە وتارێكدا نووسی، كە حكومەتی داهاتوو حكومەتێكی لاواز دەبێت، چونكە خۆی و ئاغاكانی لەهاتنە كایەی حكومەتێكی بەهێز دەترسن، هەفتەی رابردووش نووسیبووی ئەنجوومەنی ئاسایش گواستراوەتە ناو حكومەت، لە كاتێكدا لە هەموو كابینە تەنیا وەزیری ناوخۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە گواستراوەتەوە ناو حكومەت ، بێگومان ئەم ئاماژەشیان هەر نیشانەی ترسیانە، چونكە جددیەتی ئەنجوومەنی ئاسایش چووەتە ناو حكومەت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ سنوورێك بۆ ئەو هەموو دزی و گەندەڵییە دابنێن، كە هەموو خەلكی كوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن. بۆ ئەوە چوونە ناو حكومەت چونكە پانزدە ساڵە ملیاردەها دۆلار بە فیڕۆ درا و هێشتا خەلك نە كارەبای هەیە نە ئاوی هەیە، نە سیستەمی تەندروستی تەواوە، نە پەروەردە تەواوە...هتد. بۆ ئەوە چوونەتە ناو حكومەت بۆ ئەوەی گەر هیچ نەكرێت، هەر رێگە لە دزی و گەندەڵیی زیاتر بگیرێت".

هـ ـ ح