پرۆژەكەی مەلا بەختیار سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی تووڕە دەكات

کوردستان

24/07/2019‌ 2856 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پرۆژەكەی مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی، بەشێك لەسەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی تووڕە كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، بەشێك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی ‌و سەركردایەتی لەوە تووڕە بوون، كە مەلا بەختیار بە مەبەست ئەم كاتەی هەڵبژاردووە بۆ راگەیاندنی پرۆژەكەی.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و سەركردایەتی پێیانوایە، مەلا بەختیار بۆیە ئەم كاتەی هەڵبژاردووە، چونكە لەسەر كۆنگرەی چوارەم شەپۆلێكی ناڕەزایی كادرانی یەكێتی هەیەو ئەویش دەیەوێت لەرێگەی رۆژەكەی خاوەنداری ئەو شەپۆلە بكات.

سەرەتای ئەم هەفتەیە مەلا بەختیار پرۆژیەكی بۆ چاكسازی‌و گۆڕانكاری لەناوخۆی یەكێتی راگەیاند، كە تێدا جەختكردووەتەوە، دەبێت یەكێتی بۆ گۆڕانكاری‌و چاكسازی كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت.

زانیارییەكان شارپرێس ئەوەش ئاشكرادەكەن، كە بەشێكی تری تووڕەیی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە لەپەراوێزی پرۆژەكەی هێرشی كردووەتە سەر چەند كەسێك، كە ئەوەش وەك ئامانجدار دەبینن.

پرۆژەكەی مەلا بەختیار كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوەو كاردانەوەكانیش تەنیا لەناوخۆی یەكێتی نەبوو، بەڵكو لەناو بزووتنەوەی گۆڕانیش كاردانەوەی دروست كرد، بەو پێیەی باسی لەنەوشیروا مستەفای رێكخەری كۆچكردووی ئەو بزووتنەوەی كردبوو.

هـ ـ ح