دیاردەی رەگەز پەرستی نازناوی شاجوانی لەكچێكی ئەمریكی دەسەنێتەوە

هەمەڕەنگ

25/07/2019‌ 782 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهۆی هێرشكردنە سەر رەشپێست‌و سەرپۆشی مسوڵمانان شاجوانێكی ئەمەریكا نازناوەكەی لێدەسەنرێتەوە .

كاتی چو ، شاجوانی میشیگان نازناوی شاجوانی لێوەرگیرایەوە و دووریش خرایەوە لەوەی بەشداری پێشبڕكێی "شاجوانی جیهان لەئەمەریكا" بكات ، ئەوەش بەهۆی ئەو پۆستانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی كردۆتەوە و رەگەزپەرستی تێدابووە .

چووی تەمەن ٢٠ ساڵ ، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر  وێنەی ئەو نامەیەی بڵاوكردۆتەوە كە بەرپرسانی دامەزراوەی "شاجوانی ئەمەریكا" بۆی هاتووە و تێیدا ئەوەی پێراگەیەنراوە كە نازناوی شاجوانی لێوەرگیراوەتەوە.

چوو وتوویەتی: سەرۆكی دامەزراوەی "شاجوانی ئەمەریكا'  منی بە رەگەزپەرست و تووشبوون بە ئیسلامفۆبیا تۆمەتبار كردووە .

شاجوانی میشیگان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە سەندنەوەی نازناوەكە بەهۆی ئەوە بووە كە ساڵی پار لەكاتی نزیكبوونەوە لە كۆشكی كۆمەڵەی خوێندكارە مسوڵمانەكان داواكارییەكەی دۆستانەی رەتكردۆتەوە بۆ ئەوەی لەپێناو ئەزموونێكی كۆمەڵایەتی سەرپۆش بپۆشێت.

لەدوای رووداوەكە و لەساڵی ٢٠١٨ چوو تویتێكی كردووە و دواتر سڕیویەتییەوە كە تێیدا گوتوویەتی " لەچك پۆشین هەوڵێكە بۆ هێشتنەوەی چەوساندنەوەی ژنان لەژێر سایەی ئیسلامدا ".

هەروەك لە تویتێكی تردا كە ئەویشی سریوەتەوە گوتوویەتی " ئایا دەزانی زۆربەی حاڵەتەكانی مردنی رەشپێستەكان بەهۆی رەشپێستەكانی ترەوەیە ؟... كێشەكانی ناو كۆمەڵگاكەی خۆت چارەسەر بكە پێش ئەوەی سەرزەنشتی خەڵكی تر بكەیت.".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی