ئاشكرابوونی مەترسییە زۆرەكانی قنچكە جگەرە لەسەر ژینگە

تەندروستی

27/07/2019‌ 624 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زاناكانی زانكۆی رۆسكین لە بەریتانیا ئاشكرایانكردووە، قنجكە جگەرە زیانێكی گەورە بەژینگە دەگەیەنێت ، لەبەر ئەوەی فڕیدانی بۆ ناو خاك دەبێتە هۆی هێواشكردنی گەشەی گژوگیا .

پێگەی Science Alert بڵاویكردەوە، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە ئەوەی دەرخستووە قنچكە جگەرە بەڕێژەی ١٠% گەشەی گژ و گیا خاودەكاتەوە ، هەروەك گەشەی گیای سێپەڕە، كە بۆ درووستكردنی ئالیك بەكاردەهێنرێت بەڕێژەی ٢٧% خاودەكاتەوە ، هەروەك درێژی قەدی نەمام و گیاكان بەڕێژەی ١٣% بۆ ٢٨% كورت دەكاتەوە .

زاناكان دەڵێن: نزیكەی ٤،٥ تریلیۆن قنچكە جگەرە فریدراون ، ئەو ژمارەیەش نزیكەییەو لەسەر بنەمای ئەو ژمارە جگەرەیە، كە لەساڵێكدا بەرهەم دەهێنرێت، كە ٥،٦ تڕیلیۆن جگەرەیەو زۆربەیان ڕیسایكلین ناكرێنەوە. 

لەناو جگەرەشدا فلتەرەكە پیسترین بەشی قنچكە جگەرەیە، كە ژینگە پیس دەكات ، لەبەر ئەوەی شانەی سیلیلۆزی تێدایەو شیبوونەوەشی لانیكەم ١٠ ساڵی دەوێت.

بەپشتبەستن بەوە ، زاناكان پێشنیازیان كردووە جگەرەی بێ فلتەر درووست بكرێت ، لەگەڵ ئەوەی قنچكە جگەرە بەهیچ جۆرێك زیانەكانی جگەرە لەسەر تەندرووستی كەمناكاتەوە ، بەڵكو تەنیا فێڵێكی بازرگانییە و هیچیتر.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی