شارپرێس:
سەرەرای ئەوەی هەندێك كەس خوویان بە خواردنی بەهارات و بیبەری تیژ گرتووەو سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت لەگەڵ خواردنەكانیان تێكەڵ بكرێت ، بەڵام لێكۆڵینەوەیەكی نوێ ئەوەی ئاشكراكردووە، كە زیادەرەویكردن لە خواردنی ئەو خواردنانەی بەهاراتیان زۆر تێدایە دەبێتە هۆی لەدەستدانی یادەوەری .
زانا و لێكۆڵەرانی هەردوو زانكۆی قەتەر و باشووری ئوسترالیا لەرێگای لێكۆڵینەوەیەكیان كە نزیكەی ٤٥٠٠ كەسی گرتۆتەوە ، گەیشتوونە ئەو ئەنجامەی كە ئەو كەسانەی رۆژانە ٥٠ گرام بیبەری تیژ دەخۆن ، ئەوە دوو بەرانبەری كەسانی ئاسایی تووشی لەدەستدانی یادەوەری دەبن .
لێكۆڵەران دەڵێن: ئەوانەی زیادەرەوی لە خواردنی بیبەری تیژ دەكەن ئەوە لەماوەی ١٥ ساڵدا بەڕێژەی ٥٦% پەیوەندی بە لاوازبوونی تواناكانی بیرەوەرییەوە هەیە ، بەڵام جەختیان كردۆتەوە كە ئەوان هۆكاری ئەو پاشەكشەیە نازانن.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لەسەر زاری دوكتۆر زومین شی كە سەرپەرشتیاری لێكۆڵینەوەكەیە گواستوویەتییەوە كە گوتوویەتی " لێكۆڵینەوەكانی پێشووتر ئەوەیان دەرخستووە كە بیبەری تیژ بۆ دابەزاندنی كێش و پەستانی خوێن بەسوودە ، بەڵام ئێمە لەرێگای لێكۆڵینەوەكەمانەوە ئەوەمان ئاشكرا كردووە كە لەهەمان كاتیشدا زیادەڕەویكردن لە خواردنی بیبەری تیژ زیان بەو ئەركانەی جەستە دەگەیەنێت كە پەیوەندی بە توانای زانینی كەسانی بەساڵاچووەوە هەیە .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی