دوای سوكایەتیپێكردنی لەدرامایەكدا
زەریف بۆ خامنەیی: شایەنی پۆستەكەم نیم

جیهان

28/07/2019‌ 2352 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف، دەربارەی ئەو تۆمەت و سوكایەتیپێكردنانەی لە زنجیرە درامای "غاندو" پێی كراوە، نامەیەكی ئاراستەی رابەری شۆرشی ئیسلامی عەلی خامنەیی كردوەوو دەڵێت: هەتا ئەگەر بێتوو بەشێك لە زنجیرە دراماكە راستی تێدا بێت، بەڵام لە رووی شەرعییەوە من شایانی پۆستی وەزارەتی دەرەوە نیم"، ئەمەش بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵی شێرانی نیمچە فەرمی.

زنجیرە درامای "غاندو" باسی پرسی سیخوڕی و رەگەزی پیس لەناو حكومەتدا دەكات و لەئێران بووەتە مایەی كێشە و مشتومڕ لە نێوان چالاكوانە سیاسییەكان بەتایبەتی ریفۆرمخوازەكان.

لەو بارەوە "خەبەر ئۆنلاین" دەربارەی نامەكەی زەریف باسی ئەوەی كردووە، دوای پەخش كردنی زنجیرە درامای غاندو لە تەلەفزیۆنی فەرمی كۆماری ئیسلامی، زەریف نامەیەكی ئاراستەی رابەر كردووە و گلەیی ئەوە دەكات بەوەی شەپۆلێك سوكایەتی‌و تۆمەتی لە دراماكەدا خراوەتە پاڵ و بە رابەر دەڵێت: هەتا ئەگەر بەشێك لە دراماكە راستی تێدا بێت، بەڵام لەرووی شەرعیەیوە رێگە پێدراو نییە بەردەوام بم لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەدا".

خامنەیی بەم شێوەیە وەڵامی داوەتەوە
بەگوێرەی ئەوەی لە خەبەر ئۆنلاینی نزیك لە خانەوداەی لاریجانیدا هاتووە، خامنەیی لە وەڵامدا وتویەتی: من بەهیچ شێوەیەك رازی نیم سوكایەتی بە تۆ بكرێت.

پێش ئەوەش وەزیری دەرەوەی ئێران دەربارەی دراماكە بەگاڵتەجاڕیەوە قسەی كردووە و وتویەتی: پارەی ئەوەمان نییە كار لەسەر درامایەكی بانگەشەییدا بكەین، لە ئاماژەیەكدا بۆ هەوڵە دیبلۆماسییەكانی حكومەتەكەی بۆ چارەسەركردنی ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییە لەلایەك و بەرهەمی درامای غاندو بەسەرپەرشتی سوپای پاسداران لەلایەكی ترەوە.

ماوەیەك پێش ئێستا، حكومەتی ئێران هەڕەشەی ئەوەی كردووە سكاڵا دژی دامەزراوەی تەلەفزیۆن و رادیۆ و زنجیرە درامای غاندو تۆمار دەكات، هەروەها مەحمود واعیزی بەرێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی ئێرانی زنجیرە دراماكەی بە نا واقیعی داوەتە قەڵەم.

زنجیرە درامای غاندو لە میانەیدا باس لە چیرۆكی ئاشكراكردنی سیخوڕی و پرسی ئەتۆمی دەكات لە ئێران، لە نێویاندا پرسی جێگای مشتومڕ دەربارەی رۆژنامەنوسی ئێرانی –ئەمریكی جیسۆن رەزائیان، كە لەلایەن ئێرانەوە دەست بەسەر كرا و لە كاتی گفتوگۆكانی ئەتۆمیدا ئازاد كرا. 

سەرەرای ئەوەش دراماكە رەخنە لە حكومەتی رۆحانی دەگرێت و وایدەردەخات فەرمانبەرەكانی وەزارەت تووشی هاككردن بوونەتەوە، لە هەمان كاتدا سوپای پاسداران بە خاوەنی بنەماو بەها لە قەڵەم دەدات.

وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا