بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق تێناپەرێنرێت تا هەولێرو بەغدا نەگەنە رێككەوتن

عیراق

28/07/2019‌ 855 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بۆ ئەوەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ تێپیڕینرێت دەبێت پێشتر هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ڕێكەوتنی تەواوەتیان كردبێت، كە لەدانوستانەكانی ئەم جارە هەردوولا گەیشتوونەتە ئەنجامێكی باش .

سەلیم شوشكەیی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت: دانوستانەكانی نێوان بەغدا و هەرێم بەچڕی بەڕێوەدەچن ، ئەویش لەڕێگای ئەو لیژنە هاوبەشانەی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی نەوت و شایستە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا درووست كراون.

ئەو روونیشیكردەوە، ئەو لیژنانەی لەدوای سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا درووست كران ، پەیامێكی روونە و ئاماژەیەكی گرنگە بەوەی ناوەند و هەرێم ویستی ئەوەیان هەیە كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن .

شوشكەیی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە چارەسەركردنی ئەوهەموو كێشە كەڵەكەبووانەی چەند ساڵی رابردوو پێویستی بەكاتەو شایەنی ئەوەیە لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێك دەرفەتی پێویستیان پێبدەین ، هەروك دەڵێت ماوەیەكی زۆرە حكوومەتی هەرێم چەند گرێبەستێكی نەوتیی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییە جیهانییەكان واژۆ كردووە ، ئەگەر ئێستا حكوومەتی هەرێم پاشەكشە لەو رێكەوتننانە بكات ئەوە لێكەوتە و بەرپرسیارێتی لەسەر درووست دەبێت ، بۆیە دەبێت هەردوولا بەرپرسیارێتی ئەو لێكەوتانە بگرنە ئەستۆ .

لەبەشێكی تردا شووشكەیی دەڵێت: هەرێم و بەغدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، كە هەرێم رۆژانە ئەو برە نەوتەی رێكەوتنی لەسەر كراوە رادەستی بەغدا بكات ، بەڵام میكانیزم و لایەنی هونەری ئەو پرۆسەیە پێویستی بەكاتە.

هەروەها دەشڵێت: هەردوولا لەسەر پرسنیپێك رێككەوتوون، كە ئەویش ئەوەیە لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا بەدوای چارەسەرەكاندا بگەرێن و تا گەیشتن بەئەنجامێكی راستەقینەش لێدوان بۆ میدیاكان نەدەن.

لەسەر یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ یش، سووشكەیی دەڵێت: یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو نە دەنگی لەسەر دەدرێت و نە گفتوگۆشی لەبارەوە دەكرێت تا ئەوكاتەی هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت بەتەواوەتی دەگەنە ڕێككەوتن.

 جەختیشدەكاتەوە سەرەرای نیازپاكی هەروولا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان ، لایەنی كوردی ئیرادەیەكی بەهێزی هەیە تاوەكو لەگەڵ بەغدا ڕێكبكەوێت.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی