تۆماركردنی ٢٧ تۆڕی بازرگانیكردن بەمرۆڤ لەعێراق

عیراق

29/07/2019‌ 709 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕوانگەی عێراقی بۆ قوربانیانی بازرگانیكردن بەمرۆڤ ئاشكرایكردووە، كە لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا  ٢٧ تۆڕی بازرگانیكردن بەمرۆڤ لەبەغداو سەرجەم پاریزگاكانی تر دۆكومێنت كراوە .

ڕوانگەی عێراقی بۆ قوربانیانی بازرگانیكردن بەمرۆڤ لە راپۆرتێكیدا رایگەیاندووە، لەمانگی شوباتەوە تا مانگی تەمموزی ئەمساڵ ٢٧ تۆڕی بازرگانیكردن بەمرۆڤ و شەش پێشێلكاری پەیوەست بە بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق دۆكومێنت كراون، كە كاریان بازرگانیكردن بەئەندامانی جەستەی مرۆڤ‌و تێوەگلانی ژنان لەكاری لەشفرۆشی بووە.

راپۆرتەكە راشیگەیاندووە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەڕێگای سەرچاوەكانییەوە لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراقەوە دەستیان كەوتووە ، باس لەوە دەكەن زۆربەی تۆڕەكانی بازرگانیكردن بەمرۆڤ هەرێمی كوردستان وەك پەناگەیەكی ئارام بۆ جێبەجێكردنی كارو كردەوەكانیان  بەكاردەهێنن .

ڕوانگەكە هەروەها رایگەیاندووە، حەوت تۆڕی تریش پارێزگای سلێمانیان كردووەتە پەناگەی خۆیان و لەڕێگای دەڵاڵەكانیانەوە قوربانیان لەسەرجەم پاریزگاكانی تری عێراقەوە دەخەنە ناو تۆرەكانیانەوەو لەسەر پێگەی فەیسبووكیش چەندین پەیج‌و ئەكاوتنی وەهمی بەڕێوە دەبەن .

هەروەك ٩ تۆڕی تریش، كە پەیوەندیان بەیەكەوە هەیە لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و كەركوك كار لەسەر تێوەگلانی هەرزەكاران‌و بێلانەكان دەكەن و ئەندامانی جەستەیان بە نرخێكی زۆر گران دەفرۆشن .

روانگەكە لە راپۆرتەكەیدا باسی لەوەش كردووە، توانیویانە پێنج تۆڕی تر دیكۆمێنت بكەن، كە لەپارێزگای بەغدا بازرگانی بەئافرەتان بەتایبەتی بە كچانی هەرزەكارەوە دەكەن‌و ناچاریان دەكەن كاری لەشفرۆشی بكەن .

ڕوانگەی عێراقی هەروەها باس لەوە دەكات، كە ئەو باندانە تۆرەكانی ئینتەرنێت بەكاردەهێنن بۆ تێوەگلانی كچان‌و هەرزەكاران لەڕێگای پەیوەندی پێوەكردنیان و پێشكەشكردنی بەڵێنی وەهمی بەهاوسەرگیری لەگەڵ كردنیان تا ئەوكاتەی تێیانەوە دەگلێنن.

راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە لەپارێزگای كەركوك سێ تۆڕیان دۆكومێنت كردووە ژنان و منداڵان بۆ سواڵكردن لە شەقام و كۆڵانەكان بەكاردەهێنن ، هەروەك دوو باندی تریش لەپاریزگای دیوانییەو بابل هەمان كاردەكەن .

تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە تاوانە رێكخراوەكانە و پەرلەمانی عێراقیش لەساڵی ٢٠١٢ یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بەمرۆڤی پەسەند كرد، كە یەكێك لە سزاكانی دەگاتە لەسێدارەدان ، هەروەك لەناو وەزراەتی ناوخۆش لیژنەیەكی تایبەت درووستكراوە بەناوی "لیژنەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ"، كە ئەركی جێبەجێكردنی یاساكەیە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی