كۆتایی ئیسلامی سیاسی
توركیا پێویستی بەدیدگایەكی نوێیە

جیهان

29/07/2019‌ 1280 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێدەچێت دامەزراندنی پارتێكی سیاسی نوێ‌، كە سەركردەكانیان لەپارتی داد و گەشەپێدان جیابوونەوە و چاوەڕوان دەكرێت بەم زووانە ڕابگەیەندرێن، بە ‌ئێش و ئازارتر دەبیت بۆ پارتی داد و گەشەپێدان، كە لە دوا هەڵبژاردنەكاندا پۆستی شارەوانی چەند شارێكی گەورەی توركیای وەك ئەنقەرە و ئەستەمبوڵی لەدەستدا.

بەپێی راپۆرتەكان، عەلی باباجانی یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی داد گەشەپێدان و سەرۆك وەزیری پێشوو، كە دەستكەوتە ئابوورییەكانی ئەم ساڵانەی دوایی پارتی داد و گەشەپێدان دەدرێنەپاڵ، لەگەڵ عەبدوڵڵا گوڵ ڕێگە بۆ دامەزراندنی پارتێكی تازە خۆش دەكەن.

باباجان لەو بارەوە وتی: بەهاكانی ڕێگەی پێ نادەن لە ڕێزەكانی پارتی داد و گەشەپێدان بمێنێتەوە و توركیاش پێویستی بەدیدگایەكی تازەیە، كە بەڕاوێژ لەگەڵ كەس و كۆمەڵی دیكەدا دابڕێژرێت.

پیشتریش ئەحمەد داود ئۆغڵۆی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بە ئاشكرا ناڕەزایی لە سیاسەتەكانی پارتی داد و گەشەپێدان دەربڕیبوو، هەفتەی ڕابردووش ووتی دەستلەكارناكێشێتەوە لە حزبەكەی و دیدگای خۆشی دەخاتەڕوو، دەستلەكاركێشانەوەش دوا بژاردەیەتی.

"عومەر لاچینار" ی سەرنووسەری گۆڤاری "بیریكیم"، كە هزرڤانێكی دیاری چەپەكانە بۆ پێگەی "ئەحوال توركیا" وتی: پارتی داد و گەشەپێدان گەیشتۆتە خاڵی كۆتایی، هەوڵی پیكهێنانی حزبی دیكەش لە ترسی ئەوەیە ئەكەپە زیان بە دابونەریتە ئیسلامییەكانی توركیا بگەیەنێت. 
هەندێك دەمەتەقێی ئەوە دەكەن، كە پارتی داد پێویستە بگەڕێتەوە سەر ڕێچكەی جارانی، كە بانگەشەی بۆ چاكسازی دیموكراسی  و سەروەری یاسای دەكرد. 

لاچینار پێی وایە ، كە ڕەخنەگرانی ناو ئەكەپە متمانەداری خۆیان لەدەستداوە، هەتا ئەگەر هەڵە و كەموكورییەكانیش دەستنیشان بكەن، ناتوانن هیچ چاكسازییەك لە حزبدا بكەنە و كۆتاییان نزیك بۆتەوە و بەرەو شكستن. ئەردۆغانیش پێی وایە باباجان بە دەستلەكاركێشانەوەكەی ڕێزەكانی ئیسلامییەكانی توركیا پەرت پەرت دەكات.

هاوكات "ئیحسان ئیلیاجیك" ی نووسەری ئیسلامی و زانای بواری لاهوتناسی پێی وایە، كە توركیا بە شێوەیەكی گشتی شوێنی سێ كۆمەڵەی كۆنەپارێزی سەرەكی  بووە: كۆنەپارێزە نەتەوەییەكان بە سەرۆكایەتی پارتی جوڵانەوەی نەتەوەیی ، كۆنەپارێزە ئاینپەروەرەكان كە لەسەر ڕێبازی ئەربەكانن، كۆنەپارێزە میانەڕەووەكان كە دەنگیان بۆ ئەو پارتانە بوو كە زاڵبوون بەسەر نیوەی دووەمی سەدەی بیست لە توركیادا، ئیلیاجیك ووتی ئەكەپە لە سێ ساڵی ڕابردوودا ئەو سێ ئاراستەی یەكخستن، بەڵام ئێستا دۆخەكەدا گۆڕاوە‌.

هەروەها "بوڕاك بیلجهان ئۆزبیك"ی مامۆستای یاریدەدەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی تۆب بۆ ئابووری و تەكنەلوجیا لە ئەنقەرە ووتی دوو پەرتبوون لە ئارادان، یەكەمیان لە نێوان كۆنەپارێزەكانە كە هەندێكیان پەیوەندییەكی سنورداریان لەگەڵ توێژە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەدا هەیە، هەندێكی دیكەشیان ئەوانەن كە فراوانتر و جیهانیترن.

دووەمیشیان ئەو كۆنەپارێزانەن، كە پێویستیان بە دەرامەتە گشتییەكان هەیە و بۆ ئەمەش‌ ڕوویان لە دەسەڵاتە تاوەكو سامانەكانیان وەك خۆی بمێنێتەوە، هەندێكی تریشیان پێویستیان بەو دەرامەتە گشتییانە نییە وبە هۆی بەهرە و لێوەشاوەییانەوە دەتوانن لە كارەكانیان بەردەوام بن.

ئۆزبیك وتیشی: ئەو هەوادارانەی پارتی داد و گەشە‌پێدان كە پشت بە چاودێری و یارمەتیدان پارتەكەیان نابەستن، بەرە بەرە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. ئەو كۆنەپارێزانەش كە دەنگیان بە پارتی داد و گەشەپێدان نەدا، جیاوازی دەكەن لە نێوان توانستی حوكمڕانی و ناسنامەكانیان، بە ڕاستی ئەمە هەڵوێستێكی عەلمانی و ناڕەزاییەك بوو دژ بە لێكدانەوەی ئیسلامی سیاسی.

ئۆزبیك ئەوەشی وت: دەكرێت پارتە تازەكە باباجان جێگرەوەیەك لە شارەزایان بۆ ئەو كۆنەپارێزانە بخاتەڕوو. لە ناو كۆنەپارێزەكانیشدا زۆر هەن باوەڕیان وایە ئەو ووتارە سیاسییەی دڵان ڕازی دەكات بە كەڵكی بەرێوەبردنێكی ڕەشید نایەت و بگرە ئیفلیجیشی دەكات. پارتەكەی باباجان دەتوانی دەستكەوتی ئابووریشی هەبێت، ئەم بیرۆكەیەش بە دڵی دەنگدەری توركییە كە ئابووری ووڵاتەكەیان تووشی هەڵاوسانێكی هەراسانكەر بووە.

ئەحمەد ئەردی ئۆزتوركی توێژەر لە پەیمانگای لێكۆڵینەوەكانی ئاشتی نێودەوڵەتی لە زانكۆی نۆتردام و فاتییە سیران دەڵێت، گرفتی ئەردۆغان ئەوەیە كە باباجان لە چەند ساڵی پێشوودا جڵەوی ئابووری توركیای بەدەستەوە بووە كە پارتی داد و گەشەپێدان دەستكەوتی ئابووری بۆ توركیا دەستخستووە. ووتیشی ئەگەر بواری ئابووری خاڵی لاوازی ئەردۆغان بێت، ئەوا باباجان و عەبدوڵا غول وەك فریادڕەسێكی ئابووری توركیا دێنە مەیدان و دەردەكەون.

فەڕەحات كنتیلی مامۆستای كۆمەڵناسیی زانكۆی شەهیر لە ئەستەمبوڵ دەڵێت بە لایەنی كەمەوە ئەردۆغان كۆششی ئەوە دەكات لە ناو حزبەكەیدا ڕەخنەی لێنەگیرێت، تاوەكو بەر بەوە بگرێت ئەندامانی دیكەی حزبەكەی ڕێزەكانی ئەكەپە بەجێ بێڵن. ووتیشی بەڵگەی زۆر هەن كە ئاماژە بەوە دەكەن ئەردۆغان كۆتایی هاتووە و باڵۆنەكەی خەریكە دەتەقێت.

ئیلیاجیك دەڵێت: باباجان دەنگدەرە كۆنەپارێزەكانی پارتی داد و گەشەپیدان بە ئامانج دەگرێت كە واز لە پارتەكەیان دێنن، ئیمام ئۆغڵۆش بەئامانجگرتنی هەمان توێژی لەبەرچاو گرتووە.

ئۆزبیك پێیشوایە نابێت سەلاحەدین دەمیرتاشی سەرۆكی پارتی گەلانی دیموكراتی بخریتە دەرەوەی هاوكێشەكەوە، چونكە بە تەنیشت گرنگیدانی بە بواری ئابوورییەكی تەندروست بۆ توركیا، لەگەڵ ئیمام ئۆغڵۆ و باباجان خاوەن دروشمی سەروەری یاسا و گرنگی كاری دامەزراوەییه.

ئۆزبیك هەروەها وتی: سەركەوتنەكانی ئەردۆغان بە هۆی توانستەكانییەوە بوو لە ووتارداندا، بۆیە واچاوەڕوان دەكرێت لە ڕێگەی تێكەڵاوكردنی ئیسلام و نەتەوەگەرایی و دروشمەكانی پاراستنی ئەمنی ووڵات كۆششی ئەوە بكات دەسەڵات لە دەستی خۆیدا بێڵێتەوە.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر