بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزەكان هەولێر ناچارە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكات

عیراق

29/07/2019‌ 1393 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
هەرێمی كوردستان ناچارە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی بەغدا بكات بەهۆی ئەو قەرزە زۆرەی لەسەرییەتی، كە دەگاتە ١٤ ملیار دۆلار، بەمەش هەولێر لەرووی داراییەوە خنكاوە.

ماوەی چەندین ساڵە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق بەتایبەتیش لەدوای پرۆسەی ریفراندۆم بەقەیرانێكی قووڵ و كۆمەڵێك ململانێی و دۆسیەی یەكلانەكراوەدا تێپەڕیوە .

لەعێراق وا سەیری هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە لە لەو  بێسەرەوبەرەییەی لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ و دواتریش هاتنی تیرۆر بۆ وڵات بەتایبەت لەدوای ٢٠١٤ و درووستبوونی دەوڵەتی خەلافەتی داعش سوودمەندترین لایەن بووە، لەو ماوەیەشدا هەرێمی كوردستان بەسوودوەرگرتن لەو بارودۆخە و بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا دەستی بەهەناردەكردنی نەوت كردووە بۆ توركیا.

سەرلەنوێ هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم دەستیان بە گفتوگۆ كردووەتەوە ، ئەو دوو دۆسیەیەش دوو ئاڵۆزترین و كۆنترین خاڵی ناكۆكی نێوان ئەو دوو لایەنە بوون ، بەقسەی هەندێك شارەزاش ڕوونیش نییە، كە ئایا ئەو دوو لایەنە دەتوانن لەسەر ئەو دۆسیانە بگەنە ڕێككەوتن یان نا.

لەئێستادا هەرێمی كوردستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران گەیشتوونەتە رێكەوتنێك ، بەڵام ئەو رێكەوتنە وەك خۆی جێبەجێنەكراوە و هەردوولاش یەكتر بەجێبەجێنەكردنی ڕێكەوتنەكە تۆمەتبار دەكەن .

هەرێمی كوردستان رۆژانە ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات ، دەبێت لەو برە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل لەڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بكات و داهاتەكەشی بۆ بودجەی گشتی فیدراڵی بگەڕێنرێتەوە  ، لەبەرانبەردا بەغداش دەبێت نزیكەی ١٢% ی بودجەكەی كە دەكاتە (٨،٢ملیار دۆلار) رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات ،لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ دا ئەوەی تێدا هاتووە كە دەغدا دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات ، بێئەوەی هەرێم ناچار كرابێت داهاتەكانی نەوت بۆ  ناوەند بگێڕێتەوە .

بەڵام لەراستیدا ئەگەر بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكات ، بەڵام بودجەی تەرخانكراو بۆ هەرێم بەتەواوەتی نانێرێت .

مەسرور بارزانی تەنیا بە دەستنیشانكردنی وەك سەرۆكی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رووی كردە بەغدا و داوای كرد ناكۆكییەكانیان لە دوای خۆیان بەجێبهێڵن .

سەرچاوەیەكی حكوومی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە پەلەكردنی مەسروور بارزانی بۆ چوون بۆ بەغدا ئاماژەیەكی باشە ، بەجۆرێك چەندین لیژنەی هوونەری هاوبەش دروستكراوە بۆئەوەی لەسەر بودجەی ٢٠٢٠ رێكەوتن بكرێت ، واپێدەچێت هەرێم لەبەر ئەوەی لەرووی ئابوورییەوە خنكاوە كەبەقسەی بارزانی ١٤ ملیار دۆلار قەرزیان لەسەرە كە رەنگە ژمارەكە دووقات بێت ، هەر ئەوەشە وایكردووە كە هەرێم دانوستان لەگەڵ ناوەند گەرمو گوڕ بێت .

هەرچی پەیوەندی بە مووچەی فەرمانبەرانەوە هەیە ئەوە بەقسەی هەولێر لەساڵی ٢٠١٩ گەیشتۆتە ژمارەیەكی پیوانەیی كە ٨،٩ ملیار دۆلارە ، بەڵام بەغدا جگە لە ٤،٦ ملیار دۆلار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخان ناكات ، لەبەر ئەوەی بەغدا دەڵێت لەو  ١،٢ ملیۆن فەرمانبەرەی هەرێم باسی دەكات بەسێكی زۆریان فەرمانبەری ناراستن .

ئەو ناكۆكییە قوڵەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە ئابووری كوردستانی كوشتووە ، بەشێوەیەك فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیانین كە ئایا مانگی داهاتوو مووچەكانیان وەردەگرن یان نا ، ئەوەش كاریگەری لەسەر ئابووری و وەبەرهێنان دەبێت .

سەركەوت شەمسەددین پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دەڵێت" هەولێر پێیوایە كە عەبدول مەهدی باشترین هاوبەشە ، كە كەسێكە زۆر لەگەڵ كورد هاوسۆزە و بەكرداریش ڕێكەوتنی لەگەڵ كورد واژۆ كردووە .

لای خۆیەوە سەرۆكی حكومەتی بەغدا، كە كەسێكی سەربەخۆیە بەدوای بنكەیەكی بەهێزتردا بۆخۆی دەگەڕێت ، لەوچوارچێوەیەشدا ئەحمەد تەبەقچلی دەڵێت سەرۆك وەزیران گوشارێكی زۆری پەرلەمانتارە نەیارەكانی لەسەرە ، هەر بۆیە كوردەكان بە هاوپەیمانێكی سرووشتی دەبینێت.

ئەو بەڵێنانەی هەردوولا وەك نیازپاكی پیشانیاندا  زەمینەیەكی لەبار بۆ گفتوگۆ درووست دەكات ، بەڵام هێشتا بڕیارێك نییە كێشەكان چارەسەر بكات .

بەرپرسێكی پاریزگای كەركووكی كێشەلەسەر باس لەوە دەكات كە دەستتێوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی لە دۆسیەكەدا هەیە ، لەكاتێكدا "ئۆپیك" و كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان بەردەوام سەرنجیان لەسەر ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە . 

لای خۆیەوە شارەزای كاروباری نەوتی ڕەبا عەسری دەڵێت هەولێر و بەغدا لەسەر ریگایەكی داخراون ، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان ئامامدە نییە بەغدا دەست بەسەر دەروزە سنورییەكان و نەوت و داهاتەكەیدا بگرێت ، لەكاتێكدا ناوەند بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كوردەكان یەك دەنگ نین .

حەسری دەشڵێت " هەر رێكەوتنێكی نوێ هەر بەكاتی دەمێنیتەوە و كەموكوڕییەكانی پێشووتر  دەیشێوێنێتەوە ، بۆ ئەوەش كە پەرلەمان پەسەندی بكات دەبێت عەبدول مەهدی بروا بەژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتاران بهێنێت كە دەستبەرداری گەلێك لە مافەكانیان ببن بۆ هەرێمی كوردستان .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی