شارپرێس:
گوندێكی باشووری پۆڵەندا، كە ناوی "مییسی ئۆدرزنسكی"یە ، زیاتر لە ١٢ ساڵە هیچ منداڵیكی كوڕی تێدا لەدایك نەبووە .
بەگوێرەی پێگەی " ئۆدیتی سەنتراڵ" بچووكترین نێرینەی گوندەكە تەمەنی ١٢ ساڵە ، كەسیش هۆكاری پشت ئەو دیاردەیە نازانیت ، كە ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی ٥٠٠ كەس دەبێت بە ژن و پیاوەوە .
“راگموند فریچكۆ” سەرۆكی شارەوانی گوندەكە دەڵێت هەر خێزانێك منداڵی كوڕیان ببێت ئەوە پاداشت دەكرێت ، هێشتا كەسیش نازانێت كە هۆكاری ئەودیاردە دەگمەنە چییە و چارەسەركردنیشی وەك مەتەڵێك وایە كە هەڵێنانی ئەوەندە ئاسان نییە .
تۆماس جۆلاسز ، سەرۆكی تیمی خۆبەخشی ئاگركوژێنەوەی گوندەكە دەڵێت ئەو دەیەوێت كە یەكەم منداڵی كوڕ هی ئەو بێت ، لەبەر ئەوەی هاوسەرەكەی سكپرە ، بەڵام بەسەیركردن لە مێژووی گوندەكە ئەو دەرفەتە زۆر كەمە .
پرۆفیسۆر "رافال بلۆسكی" كە سەرۆكی بەشی بۆماوەییناسی پزیشكی لە زانكۆی "وارشۆ" دەڵێت " زۆر گرنگە لیكۆڵینەوە لە ئامارەكانی لەدایكبووان بكرێت ، تا وەڵامی ئەو مەتەڵە بزانرێت ، دەشڵێت دەبێت چاوپێكەوتن لەگەڵ سەرخێزان ، منداڵان بكرێت تا لێكۆڵینەوە لە بارودۆخە ژینگەییەكان بكرێت.
سەرۆكی شارەوانی گوندەكە دەڵێت: تا ئەوكاتەی وەڵامێكی زانستی ئەو دیاردەیە دەدرێتەوە دایك و باوكی یەكەم منداڵی نێرینە پاداشت دەكرێت ، كە پاداشتەكەش بۆ ئەوان زۆر سەرنجراكێش دەبێت .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی