ئابرووچوونێكی نوێی فەیسبووك بەهۆی ئەپڵیكەیشنی تایبەت بە منداڵانی

جیهان

30/07/2019‌ 605 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەم دواییانەدا فەیسبووك روبەڕووی رەخنەیەكی زۆر بۆوە ، ئەویش بەهۆی بوونی كەموكورتی ترسناك لە ئەپڵیكەیشنی Messenger Kids ، كە پەرەیپێدراوە تاوەكو ببێتە ئەپڵیكەیشنیكی تایبەت بۆ منداڵان .

بەگوێرەی زانیارییە بەردەستەكان هەڵەیەكی پرۆگرامیی تووشی ئەپڵیكەیشنەكە بووە كە وایكردووە هەزاران منداڵ بتوانن پەیوەندی لەگەڵ كەسانی نەناسراو بگرن ، یان بچنە ناو ئەو چاتانەی كە بۆ منداڵان ڕێگەپیدراو نییە .

"فەیسبووك" ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە دەستی بە چاككردنی ئەو كەموكوڕییە پرۆگرامییە كردووە ، كەموكووڕییەكەش كاریگەری لەسەر هەموو بەكارهێنەران نەبووە ، بەڵكو بەشێكیان چوونەتە ناو  چاتی بەكۆمەڵ كە بۆ منداڵان ڕێگەپێدراو نییە .

فەیسبووك لەساڵی ٢٠١٧ ئەم ئەپڵیكەیشنەی خستەڕوو ، تاوەكو منداڵان بتوانن بۆ پەیوەندیكردن لەنێوان یەكتردا بە نووسین و بە ڤیدیۆ  و ئاڵوگۆركردنی وێنە لەگەڵ یەكتر بەسەرپەرشتی كەسوكاریان بەكاریبهێنن، بەجۆرێك كەسوكاریان دەتوانن ئەو لایەنانە دەستنیشان بكەن كە منداڵەكانیان دەتوانن پەیوەندیان لەگەڵ بگرن .

هەر لەوەتەی ئەم ئەپڵیكەیشنە بەكارخراوە رووبەرووی گەلێك رەخنە و گازندە بۆتەوە ، هەندێك كەس دەڵێن ئەم ئەپە منداڵان ئاڵوودەی مۆبایل و ئامێرە زیرەكەكان دەكات.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی