بروا بە قسەی كۆمپانیاكان لەسەر جگەرەی ئەلیكترۆنی مەكەن

تەندروستی

30/07/2019‌ 574 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێكخراوی تەندرووستی جیهانی دەڵێت جگەرەی ئەلیكترۆنی و  ئامێری گەرمكردنی توتن یارمەتی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە نادەن ، داواش لە جگەرەكێشان و  حكوومەتەكان دەكات متمانە بەو بانگەشانە نەكەن كە كۆمپانیاكانی درووستكردنی جگەرە باسی لێوە دەكەن .

فینایاك براساد ، بەڕێوەبەری بەرنامەی یەكەی بەرەنگاربوونەوەی تووتن لە رێكخراوی تەندرووستی جیهانی دەڵێت " پەرەپێدانی بەرهەمی تازە تەنیا و تەنیا بۆ فراوانكردنی بازاری كۆمپانیاكانە ".

ماوەیەكە بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان ،برەو بە جۆرە جگەرەیەكی ئەلیكترۆنی دەدرێت كە تەنیا نیكۆتینە و توتنی تێدا نییە ، براساد جەست دەكاتەوە كە هیچ بەڵگەیەك نییە كە ئەو بانگەشەیەی كۆمپانیاكان بسەلمێنێت ، تەنانەت لێكۆڵینەوەیەكی نوێ لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەوەی دەرخستووە كە جگەرەی ئەلیكترۆنی بۆتە هۆی زیاتر بڵاوكردنەوەی جگەرەكیشان لەناو گەنجاندا .

حەوتەم راپۆرتی رێكخراوی تەندرووستی جیهانی دەڵێت " رێگریكردن لە دەستتێوەردانی درووستكەرانی جگەرە كارێكی زۆر بەبایەخە بۆ سنووردانان بۆ ئەو زەرەر  و زیانانەی بەهۆی بەكارهێنانی تووتنەوە دەكەوێتەوە".

بەپێی راپۆرتەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكیشان هێشتا هەندێ دەوڵەت سیاسەتێكی درووستیان نەگرتۆتە بەر ، ڕێكخراوەكە داواش لە حكوومەتەكان دەكات كە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێوشوێنانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكیشان گرنگن وەك پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بێبەرانبەر بۆ ئەو كەسانەی واز لە جگەرەكێشان دەهێنن و چاپكردنی هۆشداری بەهێز لەسەر مەترسییەكانی جگەرەكێشان و سەپاندنی باجی قورس بەسەر جگەرە و قەدەغەكردنی ریكلامكردن بۆی .

نوێترین داتاكانی رێكخراوی تەندرووستی جیهانی دەڵێت كە ساڵانە ٧ ملیۆن كەس بەهۆی جگەرەكێشانەوە دەمرن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی