داڕێژەری هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر ئامادەیە لەبەرانبەر لەسێدارەنەدانی شاهیدی دژی سعودییە بدات

جیهان

31/07/2019‌ 2104 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیاكانی ئەمریكا ئەوەیان ئاشكراكرد، داڕێژەری هێشرەكانی 11ی سێپتەمبەر ئامادەیی خۆی نیشانداوە گەواهی دژی سعودییە بدات لە بەرانبەر جێبەجێنەكردنی حوكمی لە سێدارەدان بەسەریدا.

رۆژنامەی "زە وۆل ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی ئەوەی روونكردووەتەوە، خالید شێخ محەمەد دەرگای خستووەتە سەر پشت بۆ هاوكاری كردنی قوربانیانی هێرشەكان لەتۆماركردنی سكاڵاكانیان دژی سعودییە ئەگەر بێتوو حكومەتی ئەمریكا فەرمانی لەسێدارەدانی لەسەر لابدەن. 

رۆژنامە ئەمریكییەكە باسی لەوەش كردووە، ئەو تۆمەتبارەی بە داڕێژەری هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر دادەنرێت، رۆژی هەینی رابردوو خستنە روویەكی كردووە لە نامەیەكدا پارێزەرەكانی ئاراستەی دادگایی فیدراڵییان كردووە لە ناوچەی مانهاتن، كە تێیدا چاو دەخشێنرێتەوە بە داوایەكی بە كۆمەڵدا دژی سعودییە بەناوی 800 كەس لە نزیكەكانی قوربانییەكان و زیانمەندانی ئەو هێرشانە.

ئەو كەسانە داوایان دژی شانشینی سعودییە تۆمار كردووە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەیان تۆمەتبار كردووە بە پاڵپشتی كردنی تۆڕی رێكخراوی قاعیدەی تیرۆریستی و بەرپرسیارییەتی لەو هێرشەی بووە هۆی گیان لە دەستدانی نزیكەی 3000 كەس.

رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە پارێزەری خالید شێخ محەمەد لە زیندانی بنكەی دەریایی ئەمریكی گوانتانامۆ لە كوبا، كە تۆمەرتبارەكە لە ئێستادا ئامادەی گەواهیدان نییە لەو كێشەیەدا، هەروەك دووپاتكراوەتەوە هۆكاری سەرەكی لەو گەواهینەدانە دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی گشتی تۆمەتەكە.

لەو چوارچێوەیەدا پارێزەرەكەی قسەی كردووە بەوەی دیارنەبوونی نەتوانینی حوكمی لە سێدارەدان، وا دەكات چوارچێوەی هاوكاری كردنەكە زۆر تر بێت.

كۆنگرێس لە ساڵی 2016دا بەسەر ڤیتۆی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا باراك ئۆبامادا سەركەوت، كە پرۆژە بڕیارێك بوو رێگەی بەخێزانی قوربانییەكان دەدا سكاڵا دژی سعودییە بەرزبكەنەوە، لەو كاتەدا ئۆباما هۆشداری ئەوەی دابوو سەركەوتن بەسەر مافی ڤیتۆی سەرۆكایەتیدا لێكەوتەی زۆر خراپی دەبێت لەسەر پەنتاگۆن و هێزە ئەمریكییەكانی دەرەوەی وڵات.

چەندین جار لە ئەمریكادا ئەو تۆمەتانە دووبارە كراونەتەوە، بەوەی سعودییە چاوپۆشی كردووە لە چالاكییەكانی رێكخراوی قاعیدە، بەڵكو پەیوەندیشی بەو گروپەوە هەبووە، پاشان وایان بینیوە بەرپرسە لەو كارە تیرۆریستییە.

لە بەرانبەردا ریاز رەتیدەكاتەوە لەو كارە تێوەگلابێت و لە هەمان كاتدا خەریكی فرۆشتنی پشكەكانێتی لە ئەمریكا بۆ ئەوەی لەكاتی دەرچوونی فەرمانەكان لەبەرژەوەندی هاووڵاتییە ئەمریكییەكان دەستی بەسەردا نەگیرێت.

وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا