لیژنەی دەستپاكی وەڵامەكانی فوئاد حوسێن بە "شەرمەزاركەرانە" ناودەبات

عیراق

01/08/2019‌ 1584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەران جەختدەكاتەوە، كە وەڵامەكانی فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی لەسەر جێبەجێكردنی بەندەكانی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ شەرمەزاركەرانەو هی ئەوە نەبوون گوێیان لێبگیرێت.

یوسف كیلابی ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لەلێدوانێكیدا وتی: وەڵامەكانی فوئاد حوسێن لەكاتی میوانداریكردنی لەناو پەرلەمان برواپێكەر نەبوون‌و هی ئەوە نەبوون گوێیان لێبگری ، بەڵكو وەڵامەكانی شەرمەزاركەرانە بوون".

ئەو وتیشی: وەزیری دارایی وەڵامی بەشێك لە پرسیارەكانی لەسەر جێبەجێكردنی بەندەكانی بودجە نەدایەوە.

كیلابی باس لەوەش دەكات، كە لەسەرەتای وەرزی نوێی یاسادانان جارێكی تر ئەنجوومەنی نوێنەران وەزیری دارایی بۆ وتەلێوەرگرتن دێنیتەوە ناو ئەنجوومەنەكە، هەروەها دەڵێت: بانگهێشتكردنی ئەمجارە ئەوەی دەرخست، كە حكومەتی هەرێم لەسەر پابەندییە داراییەكانی لەگەڵ حكومەتی ناوەند هاوكار نییە .

رۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەران بانگهێشتی فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی‌و سامر غەزبان وەزیری نەوتی كرد بەسەرۆكایەتی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان حەسەن كەعبی‌و بەئامادەبوونی لیژنەكانی نەوت و وزە و دارایی و دەستپاكی .

لای خۆیشییەوە فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح وتی: سەرۆكایەتی پەرلەمان وەڵامەكانی وەزیرەكانی بۆ وەرزی یاسادانانی سێیەم حەواڵە كردووە ، پشووی وەرزی دووەمیش تەنیا مانگێك دەخایەنێت .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی