دروستكردنی ناوچەی ئارام.. كورد داوای گەرەنتی دەكات‌و توركیاش دەیەوێت مەرجەكانی بسەپێنێت

کوردستان

01/08/2019‌ 1400 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چاوپێكەوتنە ئەمنییەكانی‌ ئەنقەرە بۆ بەرگرتن لەهەڵكشانی ڕووداوەكانی نێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات لەنێوان بەرپرسە ئەمریكی و توركەكان بەردەوامە. 

توركیا هەڕەشە دەكات ئەگەر لەگەڵ ئەمریكا نەگاتە ئەنجامێك لەبارەی ناوچەی ئارام، هێرش دەكاتە سەر هێزە كوردییەكانی باكوری سوریا، كە گفتوگۆكان لە 22  بۆ 24ی یۆلیۆی 2019 بەڕیوەچوون‌و جێمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا تێیدا بەشداربووە، ئاماژەكانیش دەریدەخەن ئاستەنگی زۆر هەن‌و ناهێڵن ناكۆكییەكان بەرتەسك ببنەوەو ڕێگرن لەبەردەم هەر یەكلاییكەرەوەیەكی پرسەكە.

لەئێستادا ئەمریكا لەپاشەكشەكردنی لە سوریا پەشیمان بووەتەوە، هەروەك لەسەر زاری "ماڕك ئسبر"ی وەزیری بەرگرییەوە ڕایگەیاند، هێزەكانیان لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا وەك بەشێك لەهێزە فرە ڕەگەزەكان دەمێننەوە، شڕۆڤەكانیش دەڵێن: ئەو هێزە فرە ڕەگەزانە لە ناوچەكانی كوردەكان لەباكووری سوریا سەنگەر دەگرن.

سێ بەربەستی بەردەم بەردەوامی گفتوگۆكان 

گفتوگۆ لەژێر هەڕەشەدا 
توركیا بەو مەرجانەی دەیەوێت گفتوگۆكان بەردەوامبن‌و هەڕەشە بەهێرشكردنە سەر ناوچە كوردییەكان دەكات، كە بە گوێرەی ڕاپۆرتەكانیش هەندێك لە هێزە كوردییەكان لە 19 ی ئەیلولی ڕابردوو لەهەندێك ناوچەی سنووری شارەكانی وەك حەسەكە و قامیشلو كشاونەوە، كە توركیا هێزی لێ مۆڵكردوون.

 ڕاپۆرتە ڕوسیەكانیش ئاشكرایانكردووە، كە توركیا نیازی فراوانخوازی لەوە زیاتری هەیەو زرێپۆشی سەربازی بۆ شاری "ئەغجلقە" ناردووە.

نەبوونی گەرەنتی 
كوردەكان گرەو لەسەر ڕۆڵی ئەمریكا دەكەن، كە پشتیوانی سەربازی تیدا نییە بۆ كوردەكان دژ بە توركەكان، واتە ئەمریكا هێزەكانی خۆی پڕچەك دەكات لەو ناوچانە نەك هێزە كوردییەكان، چونكە نایەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا بەرە و بارگرژی و هەڵكشانی زیاتر بچن. 

ئاراستەی كوردەكانیش بەرەو ئاشتییە و نایانەوێت ڕووداوەكانی عفرین دووبارەببنەوە، كە هێشتاش هیچ گەرەنتییەك نییە ئەو دوو هێزە بەیەكدا نەدەن. 

دۆسییە دواخراوەكان 
پێدەچێت لێكتێگەیشتنەكان هەموو دۆسییەكانی جێی ناكۆكی نەگرنەوە، لەوانەیە هەر‌ پرسی ناوچە ئارامەكە بگرێتەوەو نەگاتە تاوتوێكردنی سرووشتی ململانێی ئاڵۆزی نێوان توركەكان‌و كوردەكان، توركەكان دەستبەرداری تۆمەتی تیرۆر نابن دژ بەكوردەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، كوردەكانیش واز لەپرۆژەكەیان ناهێنن  بۆ ناو سوریا، كە ڕووبەڕووی توركیا و بكەرانی دیكەی ناوخۆی سوریایان دەكاتەوە.

سوریاش چاودێری گفتوگۆكان دەكات، بە تایبەت كە ئاراستەی سیاسەتی هێزە كوردییەكان بەرە ئەوەیە دۆخەكە لەبەرژەەندی خۆیان بێڵنەوەو هێزە ڕۆژئاواییەكان لەناوچەكانیان بمێننەوە، سوریاش ئەمەی پێ خۆش نییە و دەیەوێـ هەژموونی خۆی لەو ناوچانە بسەپێنێت.

هەروەها توركیا مكوڕە لە گەڕانەوەی ئاوارە سورییەكان ، ئەمەش واتای ئەوەیە، كە هەر بایەخ بە ناوچەی ئارام نادات، بەڵكو گەرەكییەتی هەژموونی كوردەكان بەسەر ئەو ناوچانەوە لاواز بكات.

ئاماژەكانیش دەڵێن پەرەسەندنەكانی دۆسییەی كوردەكان ئەوە نیشان دەدەن، كە ئەو لێكتێگەیشتنانەی لەوانەیە بێنەئاراوە كاتین‌و پڕمەترسین‌و ئەگەری هەڵكشانیان هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەگەری پێكدادانی نێوان دوو پڕۆژەكەی توركیاو كوردەكانەوە، چونكە ناوچەی ئارام تەنیا خاڵێكی ناكۆكییەو ناكۆییەكانی دیكەش زۆرن، كە لە ئایندەدا گۆراوێكی سەرەكی دەبن لەدیاریكردنی ئاراستەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی موستەقبەل  
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر