لە سلێمانی خانووی دێرین و كەلەپورییەکان لەبەردەم مەترسی لەناچوندان

کوردستان

01/08/2019‌ 685 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە سلێمانی دەیان خانووی دێرین و شوێنی كەلەپوری و مێژووی لەبەردەم مەترسی لەناچوندان و قائیمقانی سلێمانیش دەڵێت :پاراستنی ئەو شوێنە مێژویانە ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی گرنگەو وەك  حكومەتی خۆجێی سلێمانی هەموو توانایەكیان دەخەنەگەڕ بۆ پاراستنی ئەو شوێنە دێرینانەی سلێمانی و رێگری كردن لە مەترسی لەناوچونیان.

ئەمڕۆ چوار شەممە 31تەموزی 2019 ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی بە ئامانجی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە پرۆسەی پاراستنی شوێنە مێژووی و كلتورییەكانی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی پاراستنی شوێنەوارە دێرینەكانی سەربەلیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی چەند خانوو شوێنێكی دێرین و كەلەپوری بەسەركردەوە كە بەشێكیان بەهۆكاری جیا لە بەردەم مەترسی لەناوچوندان , 

قائیمقامی سلێمانی و لیژنەی شوێنەوار لە گەڕەكە دێرینەكانی سلێمانی"جولەكان ,سەرشەقام , سابوونكەران ,مەڵكەندی"  خانوو شوێنە دێرینەكانی " ئەحمەدی قۆبچە , ئیسحاق شەمعون , حسێًن ئاغای حاجی رەشید , عوسمان چاوش , سۆفی كەریم و بارەگای شێخ مەحمود و ماڵی مێجەر سۆن"یان بەسەركردەوە,

  لەو بەسەركردنەوەیەدا قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: گەڕەك و شوێنە دێرین و كلتورییەكان مێژووی شارستانی و پێشكەوتنی خەڵكی ئەم سلێمانی نیشان دەدات و پاراستنیان ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی گەورەیە , لەم روانگەیەشەوە ووتی: ئەوەی ئەركی حكومەت بێت بۆ پاراستن و هێشتنەوەی ئەو شوێنە كلتوری و مێژوویانە هەنگاوی پێویستیان لەبارەوە دەنرێت , بەڵام پاراستنی گەڕەك و شوێنە دێرینەكان پێویستی بە هەوڵی خەمخۆرانەی هەموو لایەكە.

 

ناوبراو داواشی لە هاوڵاتیانی سلێمانی كرد وەك ئەركێكی نیشتمانی بۆ پاراستنی شوێنە مێژوویەكانی ئەم شارە دڵسۆزانە رۆڵی گرنگی خۆیان ببین و هاوكاربن لە پرۆسەی نۆژەنكردنەوە و پاراستنی شوێنە كلتوری و مێژوویەكان.

قائیمقامی سلێمانی ووتی" رێگری لە هەموو ئەو كەسانە دەكەن كە بیانەوێت بۆ مەبەستی تایبەتی مێژوو كلتووری ئەم شارە لەناوببەن, رێگری لە هەر هەوڵێك دەكەن كە مێژوو شارستانی سلێمانی بكاتە ئامانج ,لەم رووەشەوە داوای لە لیژنەی پاراستنی شوێنەوارە دێرینەكانی سەربەلیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كرد رێكاری یاسایی لەبەرامبەر ئەو كەسانەدا بگرنەبەر كە بیانەوێت بەبێ رەچاوگرتنی مێژووی شارستانی ئەم شارە زیان بە شوێنە دێرین و مێژوویەكانی سلێمانی بگەیەنن ".

قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كرد بۆ پاراستنی خانوو شوێنەدێرینەكانی سلێمانی و رایگەیاند: لە ساڵی 2005 ەوە تا ئێستا "14" خانوو لە سلێمانی لەلایەن حكومەتەوە كڕدراوەتەوە و خراوەتە سەر موڵكی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی و "7" خانویان لەسەر شێوەازە دێرینەكەی نۆژەنكراوەتەوە  و لەناوچون پارێزراوە.

 

روونشیكردەوە بەهۆی قەیرانی دارایی لە چەند ساڵی رابردوو پڕۆسەی كڕین و نۆژەنكردنەوەی خانوو شوێنەدێرینەكانی سلێمانی گرفتی بۆ دروست بووە , بەڵام ئێستا هەوڵێكی نوێ لە ئارادایە بۆ دووبارە نۆژەنكردنەوەی بەشێك لەو خانووانەی كە بڕیاری  نۆژەنكردنەوەیان دراوە , لەبارەی هەوڵەكان بۆ رێگری كردن لە لەناوچونی ئەو خانوانەی كە بەشێكیان بەهۆی كۆنی و بەشێكی تریان بەهۆكاری جیا لە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوندان.

س.هـ