شارپرێس:
كۆمپانیای دروستكەری ئۆتۆمبیلی چینی Geely خۆی ئامادە دەكات تا بازارەكانی جیهان بەنموونەیەكی نوێی ئۆتۆمبیلی چوار پستۆنی Atlas داگیر بكات .
بۆدییە كەشخەكەی ئەو ئۆتۆمبیلە نوێیە زۆر لەبۆدی ئۆتۆمبیلەكانی "رانج رۆڤەر"ی نوێ دەچێت ، كە درێژییەكەی ٤،٤٤ مەترە و سەقفێكی پانۆرامایی ناوازەی هەیە و لەپێشەوە دەرچەی هەوایی گەورەی تێدایە ، گڵۆپەكانیشی پێشكەوتوون بە بەتەكنیكی LED كاردەكەن.
شوێنی دانیشتنی سەرنشینەكان زۆر تایبەتە و كورسییەكانی بەچەرم رووپۆشكراون و جێگای ٥ سەرنشین دەبنەوە ، داشبۆردییەكەشی دوو شاشەی لەسەرە یەكێكیان ١٢ بۆسەیەو بەدەستلێدان كار دەكات و كەوتووەتە ناوەڕاستییەوە ، ئەوەی تریشیان راستەوخۆ لەبەردەمی شۆفێرە .
Atlas Pro سیستەمی پاككردنەوەی هەوای ناو ئۆتۆمبیلی تێدایە ، لەگەڵ سیستەمی كارەبایی بۆ گۆڕینی شوێنی كورسییەكانو پلەی گەرمییەكەی، لەگەڵ سیستەمی چاودێریكردن لەڕێگای كامێرا، كە هەموو خاڵە نەبینراو و كوێرەكان بۆ شۆفێر دەردەخات .
ئەو ئۆتۆمبیلە دوو بزوێنەری لەسەرە ، كە بزوێنەرێكیان بەبەنزین كار دەكات و توانای ١٨٨ ئەسپە ، بزوێنەرەكەی تریش بە بەنزینی تۆربینی كار دەكاتو توانای ١٧٧ ئەسپە ، بەگێڕی ئۆتۆماتیكی ٦ پلەی خێراییش كار دەكات .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی