خواردنی كاڵەكی زەرد كاریگەری ئەرێنی لەسەر جەستە هەیە

تەندروستی

02/08/2019‌ 959 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لۆدمیلا بابیچ ، پسپۆڕی بواری خۆراكی باس لەوە دەكات كە خواردنی كاڵەكی زەرد كاریگەری تەندرووستی ئەرێنیی هەیە ، بەشێوەیەك باری گورچیلەكان باش دەكات‌و كاریگەری لووی "ئیدیما" (ئەو لووانەی كە بەهۆی كەڵەكەبوونی شلە لە جەستەدا درووست دەبن) كەمدەكاتەوە .

بابیچ دەڵێت: كاڵەك لەڕێگای شێداركردنی پێویست و رەگەزە خۆراكییە بەسوودەكان خۆراك بە خانەكان دەدات ، ئەوە سەرباری ئەوەی میزهێنە، بەوەش یارمەتی دەركردنی شلە زیادەكان دەدات لە شانەكانی جەستە ، سەرباری ئەوەی هاوسەنگی ترشی-ئاوی بۆ جەستە دەگێڕێتەوە. 

ئەو شارەزا خۆراكییە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە باشترین رێگا بۆ ڕزگاربوون لە شلە زیادەكان لە جەستەدا بریتییە لەخواردنی تۆوی كاڵەكی زەرد ، بەشێوەیەك تۆوی كاڵەك بخرێتە ناو ئاوێكی گەرم بۆماوەی چەند رۆژێك ، دوای ئەوە دەتوانرێت رۆژانە چەند جارێك بخورێتەوە ، ئەم شێوازە زۆر كاریگەرە بۆ شووشتنەوەی گورچیلە و رزگاربوون لەشلەی زیادە .

سەرباری ئەوانەش كاڵەك كاریگەری باشی هەیە لەسەر كاری جگەر و زراو و رێگە دەگرێت لەدرووستبوونی بەرد تێیاندا ، جگە لەوەی كاڵەك دژە خەمۆكییەكی سرووشتییە و یارمەتی كەمكردنەوەی شڵەژانە دەروونییەكان دەدات ، هەروەك ڤیتامین‌و رەگەزە كانزاییەكانی ناوی كاریگەری ئەرێنیان لەسەر كۆئەندامی دەمار هەیە .

ئامۆژگاری بابیچ بۆ خواردنی كاڵەك ئەوەیە، كە ١،٥ كاتژمێر دوای نانخواردن بخورێت، لەگەڵ هیچ ماددەیەكی خۆراكی تریش نەخورێت ، بەتایبەت لەگەڵ شیر و بەرهەمە سپیاییەكان و شەرەبەتە شیرینكراوەكان و لەقوتوونراوەكان .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی