هاوپەیمانییەكەی عەبادی داوای راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات

عیراق

02/08/2019‌ 1684 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانی نەسەر، كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیری پێشووی عێراق سەرۆكایەتی دەكات داواكارییەكی ئاراستەی دادگاكردووە بۆ راگرتنی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەبودجەی فیدراڵی ئەمساڵدا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان ئامادە نییە نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكات .

لەوكاتەوەی عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق تاراددەیەكی بەرجاو بەرەو باشبوون چووە، ئەگەر بەراوردی بكەین بەسەردەمی حەیدەر عەبادی، كە لەدوای پرۆسەی ریفراندۆم لەساڵی ٢٠١٧ بەزەبری هێز دەستی بەسەر كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكاندا گرتەوە .

لەئێستاشدا هاوپەیمانییەكەی عەبادی رەخنەی ئەوە لە عەبدولمەهدی دەگرێت، كە لەسەر حسابی دەوڵەت و بودجەكەی موجامەلەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵیان هاوكارە .

فالح زیادی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر بەئاژانسی ئەنادۆڵی توركی رایگەیاندووە "هاوپەیمانییەكەمان سكاڵایەكی ئاراستەی دادگای كارگێریی كردووە و تێیدا داوا كراوە خەرجكردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ دا دەقی لەسەر دراوە رابگیرێت ، تا ئەوكاتەی هەرێم رازی دەبێت نەوتەكەی رادەستی حكومەتی بەغدا بكات".

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی نەسر، كە "لەكۆی ٣٢٩ كورسی پەرلامان ٤٢ كورسیان هەیە" پێیوایە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم سەرپێچی بەندەكانی بودجەی فیدراڵییە، كە هەرێمی كوردستان ناچار دەكات لەبەرانبەر وەرگرتنی شایستە داراییەكانی ، دەبێت رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات.

بەپێی ئەو رێكەوتننامە نەوتییەی، كە لەساڵی ٢٠١٤ لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا واژووكراوە ، دەبێت هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی كەركوكیش لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە لەڕێگای بۆڕی نەوتی كوردستانەوە هەناردە بكرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی