جگەرەكێشان هۆكارێكە بۆ هەوكردنی پەنكریاس

تەندروستی

03/08/2019‌ 373 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەوكردنی پەنكریاس نەخۆشییەكی ترسناكە و ئەگەری هەیە پەرەبستێنێت‌و ببێتە هۆكارێك بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، جگەرەكێشەكانیش لەخەڵكی تر زیاتر مەترسی ئەوەیان لەسەرە، كە هەوكردنەكەیان بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی پەنكریاس بگۆرێت.

بەگوێرەی ئەو پێدراوانەی زاناكانی زانكۆی بریگهام یۆنگ و نەخۆشخانەی ژنانی بۆستن لە ئەمەریكا بەدەستیان هێناوە ، جگەرەكێشان هۆكارێكی سەربەخۆیە بۆ گەشەكردنی هەوكردنی پەنكریاس ، لێكۆڵەران ئەوەیان بۆدەركەوتووە، كە رەنگە جگەرەكێشان ببێتە یەكێك لە هۆكارەكانی هەوكردنی پەنكریاس، تەنانەت دوای وازلێهێنانیش لەو خووە خراپە .

لێكۆلەرەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە ئەو گۆڕانكارییانەی لە خانەكانی پەنكریاس لەلای جگەرەكیشان هەستی پێدەكرێت، بێ لەبەرچاوگرتنی تەمەن و رەگەز و سیستەمی خۆراكی و خواردنەوەی خواردنەوە كحوولییەكان سەردەكێشێ بۆ ئەو جۆرە هەوكردنە .

پزیشكەكان لەڕێگای ئەو لێكۆڵینەوەیەوە تاقیكردنەوەیان لەسەر ١٣١ خۆبەخش كردووە ، دەركەوتووە ئەوانەی جگەرەدەكێشن‌و ئەوانەی ماوەیەكی كەمە وازیان لەجگەرەكێشان هێناوە بەدەست تەنگی رێرەوەكانی ڕژێنەكان و هەوكردنیانەوە دەناڵێنن ، ئەوەش نیشانەكانی پێش گەشەكردنی هەوكردنی پەنكریاسن، ئەو نیشانانەش لای جگەرەكێشەكان ٥٧% بووە لەكاتێكدا لای ئەو كەسانەی جگەرەكێش نەبوون ٢٦% بووە .

لێكۆڵەرەكان لەئەنجامی لیكۆڵینەوەكەیان ئەوەیان دەستكەوتووە، كە ئەو كەسانەی جگەرەدەكێشن، یان ماوەیەكی كەمە وازیان لە جگەرەكێشان هێناوە زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە تووشی هەوكردنی پەنكریاس و گەشەكردنی ئەو هەوكردنە ببن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی