نەخشەی گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ ئیسرائیل‌و هەرزانفرۆشكردنی

کوردستان

03/08/2019‌ 6397 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەژماری "تەنكەر تراكیرز"، كە سەر بە دامەزراوەی بەدواكەوتنی كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوتە لە سەرانسەری جیهان، لەرێگای تویتەوەرەوە ڕێرەوی كەشتییەكی نەوتگوێزەرەوەی توركی دیاریكردووە و ئاشكرایكردووە، كە ئەوە نەوتی هەرێمی كوردستانە بۆ ئیسرائیل دەگوازێتەوە.

هەژمارەكە لەتویتێكدا بڵاویكردەوە، دوای چەند رۆژێكی كەم لەلێدوانی ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لەسەر ئیسرائیل، "هەستاین بە بەدواكەوتنی كەشتییەكی نەوتگوێزەرەوە بەناوی (عوسمان ئیكویتی)، كە ٨٧٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستانی بار كردبوو، دواتر دەركەوت لەبەندەرە ئاوییەكانی ئیسرائیل لەنگەری گرتووەو نەوتەكەی خاڵی كردووە".

چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان تۆمەتی ئەوەی ئاراستە دەكرێت بەوەی نەوت بە ئیسرائیل دەفرۆشێت ، هەرێمیش لەوەڵامدا رایگەیاندووە "نەوت بە كۆمپانیا جیهانییەكان دەفرۆشین ، ئەوانیش نەوتەكە بەو لایەنانە دەفرۆشن، كە ئێمە هیچ پەیوەندییەكمان پێیانەوە نییە".

هاوكات رۆژنامەیەكی عەرەبی لەراپۆرتێكیدا لە ١٦ی ئازاری ٢٠١٩ بڵاویكردەوە، ئیسرائیل بەنرخێكی زۆر هەرزان نەوتی خاو لەهەرێمی كوردستان دەكرێت، كە دەگاتە ١٥ بۆ ١٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك ، جەختیشی كردبووەوە، پرۆسەی فرۆشتنی نەوت بە ئیسرائیل هێشتا بەردەوامە .

رۆژنامەی "العربی الجدید" لەراپۆرتێكدا ئەوەی ئاشكراكردبوو، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل نەوتی عێراق بەنرخێكی زۆر هەرزان دەكڕن، كە دەگاتە ١٥ بۆ ١٧ دۆلار بۆ یەك بەرمیل (نرخی نەوت لەبازارەكانی جیهان ٦٧ و ٦٨ دۆلار بوو) بەو پێیەی نەوتی هەرێم بەنەوتێكی ناشەرعی هەژمار دەكرێت ، یان دەچێتە چوارچێوەی ئەوەی پێیدەوترێت مافیای نەوت لە كوردستانی عێراق ، لەبەر ئەوەی لەلایەن كۆمپانیای "سۆمۆ"ی عێراقییەوە ڕێگەی فرۆشتنی پێنەدراوە، كە سەرپەرشتی فرۆشتنی نەوتی عێراق دەكات.

لەدرێژەی راپۆرتی رۆژنامە عەرەبییەكەدا ئەوەش ئاشكراكراوە، لەكاتێكدا بەقاچاخبردنی نەوت لەسەردەستی حیزب و مافیاكانی نەوت لە سلێمانی هەولێر  و شارۆچكەی زاخۆ لەسەر سنووری توركیا دابەش بووە، بەشێكی زۆری ئەو نەوتە دەگاتە بەندەرەكانی ئیسرائیل بەتایبەتی بەندەری ئەشدوود.

رۆژنامەكە لەسەر زاری بەرپرسێكی عێراقییەوە گواستوویەتییەوە، چەند پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەو نەوتەی هەرێم، كە بەقاچاخ  دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی هەرێم ، لەگەڵ ئەو كەس و لایەنانەش، كە لە پرۆسەی بەقاچاخبردنەكەدا تێوەگلاون داوەتەوە دەسەڵاتداران و پەرلەمانتارانی بەغدا ، ئەوە جگە لەو برە نەوتەی بەتەنكەر بۆ تۆڕ و مافیاكانی نەوت لە ئێران و توركیا دەگوزارێتەوە ، كەبەشێكی زۆریان هی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانن .

بەگوێرەی رۆژنامەكە ، ئەو نەوتەی لەكێڵگەكانی نێوان كەركوك و شارۆچكەی كۆیە و بیرە نەوتەكانی كێڵگەی "بابەگوڕگوڕ و كێڵگەكانی باشووری رۆژهەڵاتی هەولێر دەردەهێنرێت ، كۆمپانیا نەوتییە ئیماراتییەكان بەتایبەت دانا گاز" وەبەرهێنانی تێدا دەكەن .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی