وەزارەتی دەرەوەی عێراق.. باڵوێزخانەی زۆرو بۆرو دبلۆماتكاری نالێوەشاوە

عیراق

04/08/2019‌ 1201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەمجار لەعێراق وەزارەت‌و دامەزراوەیەك خاڵی بێت لەدۆسییەكانی گەندەڵی وەزیفی و كارگێڕی، دۆسییەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش یەكێكە لەگەورەترین ئەو دۆسییانە، كە شاراوەیە لەڕای گشتی عێراقی لەوەی چی لەباڵوێزخانەو كونسوڵخانەكانی لەدەرەوە ڕوودەدات، ئەمە سەرباری دامەزراندنی 16 ساڵەی ڕابردوو لەوەزیفە دبلۆماسییەكان لەسەر بنەمای حیزبی بوون‌و بەشبەشێنە.

لێرەدا قسە لەسەر دوو بەشی ئەو بابەتە دەكرێت، كە یەكەمیان ژمارەی نێردە دبلۆماسییەكان لە دەرەوەی عێراق‌و ژمێرە بانقەكانییان، دووەم، دۆسییەی گەندەڵی گەورەو بەشبەشێنە لە دانانی باڵوێز و پاشكۆی سەربازی و فەرمانبەرانی لە دەوڵەتانی جیهاندا.

بەپێی پێگەی ئەلەكترۆنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ، بەغدا 88 باڵوێزخانە و كونسوڵخانە و نێردەی دبلۆماسی لەجیهاندا هەیە، ئەمەش بۆ هیچ وڵاتێكی جیهان نامۆ نییە، سەیرەكە ئەوەیە عێراق لەوڵاتانێك نوێنەرایەتی دبلۆماسی هەیە، كەم وایە هاووڵاتی عێراقی لێبن وەك كینیا و ڤاتیكان.

ژمارەی نێردە دبلۆماسییەكانی عێراق
سەلام جەبار عەتییەی نووسەر بەگاڵتەجاڕییەوە دەڵێت: لەكاتێكدا ژمارەی هاووڵاتییانی عێراق لەكینیا تەنیا 4 كەسن، دەبینین عێراق ڕێزی لێگرتوون‌و لەوێ باڵوێزخانەی بۆ كردوونەوەو بایەخ بە ڕەوەندی عێراق دەدات، ژمارەی دبلۆماتكارە عێراقییەكان لەو وڵاتە 30  دبلۆماتكارن‌و تەنیا خزمەت بە 4 كەس دەكەن.

لە باشووری ئەفریقاش (بریتۆریا) عێراق باڵوێزخانەی هەیە و خەرجییەكەش ملیارەها دۆلارە، بێ ئەوەی هیچ سوودێكی هەبێت، هەروەها عێراق لە ڤاتیكانیش باڵوێزخانەی هەیە، لە كاتێكدا باڵوێزی عێراق لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، تەنیا ماوەی 4 خولەك بە دووچەرجە (پایسكڵ) لەڤاتیكانەوە دوورە، لەگەڵ ئەوەش عێراق لە "بەنغال"یش باڵوێزخانەی هەیە، كە وەك ئەوانی دیكە بێ سوودە.

ئەو ژمارە زۆرەی باڵوێزخانە و كونسوڵخانەكانی عێراق هاوكاتە لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2019 (بڕگەی 5/ یەكەم)، كە بڕیاری كەمكردنەوەی ژمارەی نێردە دبلۆماتكارەكانی دا‌وە، داواشی كردووە هەندێك لە باڵوێزخانەكانی وڵاتان تێكەڵ بكرێن و ژمارەی دبلۆماتكارەكانیش كەمبكرێنەوە.

گەندەڵی و بەشبەشێنە لەوەزارەتی دەرەوە
بەشبەشێنەی سیاسی‌و حیزبی بەسەر دامەزراوەكانی وەزارەتی دەرەوەدا زاڵە لەدانانی باڵوێز و دبلۆماتكارەكان و پاشكۆ دبلۆماسییەكاندا، لە پەرلەمانیش ئەو پرسە جێگەی مشتومڕێكی گەرمە سەبارت بەمیكانیزمی دانانی باڵوێز و بەشبەشێنە، هەندێك فراكسیۆنیش مكوڕن ئەو دامەزراوانە بەركەوتەی حیزبی و سیاسی بن. 

لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، نیازی هەیە دۆسییەیەك بۆ ئەم مەبەستە بكاتەوە، "عامر فایز"ی ئەندامی لیژنەكەش دەڵێت: دۆسییەی وەزارەتی دەرەوە لە دۆسییەكانی دیكە كەمتر نییە، كە عەبدولمەهدی باسی كردن لەو كاتەی لە لایەن پەرلەمانەوە میوانداری كرا، بەڵام هیچ ئاماژە‌یەكیشی بەو دۆسییە نەكرد. 

هەروەها ئەو پەرلەمانتارە وتیشی لیژنەكەیان دۆسییەیەك بۆ ئەم پرسە دەكاتەوە، چونكە گەندەڵی كارگێڕی تێدایە و پارتەكان بەسەریدا زاڵن و كەسانی نالێوەشاوەیی لێدامەزراون، كە پسپۆڕی پێویستیان نییە، كوڕی سیاسییەكان‌و باڵوێزەكان‌و بەرپرسانی وەزارەتەكان قۆرغیان كردووە.

ناوبراو ئەوەشی وت: زۆرێك لە باڵوێزەكان ڕەگەزنامەی دیكەیان هەیە، ئەمەش گومان دەخاتە سەر لاگیریان بۆ عێراق، هی واشیان هەیە لاگیرییان بۆ حیزبەكانیانە و گرنگی بە بەرژەوەندی وڵات نادەن.

فایز باسی لەوەش كرد، كە گفتوگۆكانی لیژنەكەیان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە لەسەر دوو پێشنیار بووە بۆ یەكلاییكردنی پرسی ئەو 22 باڵوێزەی پەرلەمان ڕەتیكردنەوە.

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، پێشنیاری یەكەم ئەوەیە وەزارەتی دەرەوە 50% یان دابنێت و 50% دیكەش بۆ فراكسیۆنە سیاسییەكانی پەرلەمان بێت.

هەر بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، پێشنیاری دووەم ئەوەیە پرسی دامەزراندنی باڵوێزەكان تەنیا بۆ وەزارەتی دەرەوە بێت بە ڕێژەی 100%. ئەمەش ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێویستە، چونكە یاسای خزمەتی دەرەوە بە دەق ئەو مافەی بە پەرلەمان داوە بڕیار لە هەمواركردنەوەی ڕێژەی ئەو كەسانە بدات، كە دادەمەزرێن، وتیشی فراكسیۆنە سیاسییەكان زۆر دژی پێشنیاری دووەم بوون.

دامەزراندنی باڵوێزەكان لە وەزارەتی دەرەوە لە هەموو دۆسییەكانی دیكەی ئەو وەزارەتە گەندەڵی زیاتری تێدایە، چونكە زۆرێك لەوانەی لەو بوارەدا دامەزراون بەشداری خولی پەیمانگای دبلۆماسییان نەكردووە، زۆرێك لەوانەی لە پلەی بەرزی دبلۆماسی دامەزراون وەك سكرتێری یەكەم، یان وەزیری ڕێگەپێدراو، بەشداری ئەو پەیمانگا دبلۆماسییە نەبوون، هەندێكیشیان پێشتر لە وەزارەتی دەرەوە كاریان نەكردووەو زمانی ئینگلیزیش نازانن.

خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە بارەی ئەو پرسەوە، داوای میوانداری "ئیبراهیم جەعفەری" وەزیری دەرەوەی پێشووی عێراقی كردبوو بۆ لێپێچینەوە، بەڵام كێشمەكێشمە سیاسییەكان ڕێیان لەوە گرت لە ترسی ئەوەی نەك نهێنی دامەزراندنی ئەو كەسانە ئاشكرابێت.

دامەزراندنی حیزبی، دەرچوون لە یاسای خزمەتی دەرەوەی عێراقی، بەساڵاچوونی دبلۆماسی، هەموو ئەمانە لە وەزارەتی دەرەوە ڕوو دەدەن‌و ئەوەی نهێنییەش گەلێك لەوە مەزنترە، كە دەیزانرێن.

عادل نوری پەرلەمانتاری پێشوو، وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراقی بەوە تۆمەتبار كرد، كە كوڕ و هاوسەرەكەی بەسیفەتی دبلۆماسی لە باڵوێزخانەی عێراق لە بەریتانیا (لەندن) دامەزراندووەو هەردووكیشیان هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانین‌و نیشتەجێی لەندەنن.

هاوكات پێگەی "عەرەبییە نێت"یش بلاویكردووەتەوە، كە كوڕەكەی خالید عەتییەی سەرۆكی دەستەی حەج و عەمرە،‌ فەرمانبەری باڵوێزخانەی عێراقی بووە لە بەریتانیا، كوڕی عەلی بابانی وەزیری پلاندانانی پیشووتر و كچەكەی خزەیر خوزاعی جێگری پیشووتری سەرۆك كۆمار لەباڵوێزخانەی عێراق لە كەنەدا دامەزراون.

سەرچاوە: ن پۆست
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر