چیرۆكی تێكچوونی پەیوەندی نێوان شا فەهدو سەدام حسێن لەسەر داگیركردنی كوێت

عیراق

04/08/2019‌ 2984 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێش ئەوەی سوپای عێراق شانشینی كوێت داگیربكات، فەهد بن عەبدولعەزیز پاشای سعودییە لەمیانی بەشداریكردنی لەلوتكەی عەرەبیدا لە بەغدا، پێشبینی رووداوێكی كردبوو، بەتایبەتی دوای وتارەكەی سەرۆكی ئەوكاتی عێراق سەدام حسێن لەو لوتكەیەدا، كە بەئاشكرا هێرشی كردە سەر كوێت.

پێش ئەوەش بە سێ مانگ و لە میانی كردنەوەی لوتكەی چوارەمی ئەنجوومەنی هاریكاری عەرەبی لە ئوردن، سەدام حسێن ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو عێراق مافی لە كوێت هەیە و دەستەوەستان نابێت.

ئەوكات سعودییە بەسەرۆكایەتی شا فەهد دەستیكرد خاوكردنەوەی هەڵوێستەكان‌و لادانی ناوچەكە لە روودانی جەنگ، بۆیە داوای كۆبوونەوەیەكی كرد لەنێوان عێراق و كویتدا لە شاری جەددە لە 31ی تەموزی 1990، لە 1ی ئابدا گفتوگۆ ئەنجامدرا بەبێ ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی لێبكەوێتەوەو سنووری زەمینی نێوان هەردوو وڵات تا كاتێكی نادیار داخرا.

دوای تێپەڕینی تەنیا رۆژێك، پاشای سعودییە بە هەواڵی داگیركردنی كوێت لە خەو هەستا، بەهیچ شێوەیەكیش بڕوای نەدەكرد كاتێك تەلەفۆنەكەی بەدەستەوە گرت بۆ ئەوەی لەگەڵ سەدام قسە بكات، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، چونكە وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدرایەوە.

شای سعودییە هەوڵی دەدا پەیوەندی بەسەدامەوە بكات، پێش ئەوە بیر بكاتەوە چی هەنگاوێك بگرێـتە بەر ، لە سەعات 10ی سەر لەبەیانی هەمان رۆژ سەدام حسێن وەڵامی دایەوەو پێیوت دەمەوێت ببیستم چی روویداوە، لەوەڵامدا سەدام وتی: خەمت نەبێت عزەت دووری دەنێرم بۆ روونكردنەوەی هەموو شتێك.

رۆژی دواتر، 3ی ئاب، نوێنەری سەرۆكی عێراقی گەیشتە سعودییەو دووپاتیكردەوە سەدام حسێن مكوڕە لەسەر جەنگ‌و دڵنیایی ئەوەشی داوە سعودییە هیچ زیانێكی لەلایەن عێراقەوە پێ ناگات.

ئەو قسەی نوێنەرەكەی سەدام پاشای سعودییەی توڕە كردو وتی: من گقتوگۆت دەربارەی ئاسایشی سعودییە لەگەڵ ناكەم، قسەكانم دەربارەی كوێتە، لە وەڵامدا نوێنەرەكەی سەدام وتی: دۆخی كوێت راستكرایەوە، ناكرێت دوو پشكەكان جارێكی تر بگەڕێنەوە. 

ئەم گێڕانەوەیە جێگری وەزیری بەرگری پێشووی سعودییە فەریق روكن ئەمیر خالد كوڕی سوڵتان باسی كردووە، كە بەشداربوو لە سەركردایەتی پرۆسە هاوبەشەكانی جەنگی كەنداو.

كۆكردنەوەی هێزەكان و هاوپەیمانییەكان
لەدوای ئەو رووداوە سعودییە دەستی بە كۆكردنەوەی هێزەكانی كرد، كە پاشای سعودییە پەیوەندی بە هێزە عەرەبی و نێودەوڵەتییەكانەوە كرد بۆ گرێدانی لوتكەیەكی لەناكاو، بەیاننامەیەكی دەركردو تێیدا ئیدانەی دەستدرێژی عێراقی بۆ سەر كوێت كرد، لە 10ی ئاشبدا چوارچێوەی هاوپەیمانییەكە فراوان بوو تا گەیشتە زیاتر لە 30 وڵات.

هاوپەیمانییەكە لەو كاتەدا ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئوسترالیا و ئیتالیا و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەگرتەوە بەسەرۆكایەتی سعودییەو پاشاكەی فەهد عەبدولعەزیز.

لە 17ی كانونی دووەمی 1991، شا فەهد لە میانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا وتارێكی خوێندەوەو وتی: ئیرادەی خوا وایە حاكمی عێراق سەدام حسێن مكوڕ بێت‌و سەرجەم بڕیارە عەرەبی و ئیسلامییە رەواكانی رەتكردەوە، سەرەرای بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشیش، كە نوێنەرایەتی شەرعییەتی نێو دەوڵەتییە، پاشان سەرجەم هەوڵە چڕەكانی سەركردەكانی جیهانی رەتكردەوەو هێزەكانی لەكوێت نەكشاندەوە، كە لە بەرەبەیانی 2ی ئابی 1990 ئەو وڵاتەی داگیركرد و روودانی كوشتن‌و پێشیلكردن و تاڵانكردنی سەروەتەكەی لێكەوتەوە.

شا فەهد ئەوەشی وت: پرۆسە سەربازییەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ ئازادكردنی كوێتەو نوێنەرایەتی بانگی راستی و یەكسانی ئاشتییە، لەبەر ئەوە پێویستە پلان بۆ بابەتەكان دابنرێت و بڕیارەكان لەبارەی جێبەجیكردنی ئازادكردنی كوێتەوە جێبەجێبكرێت، داواكارین خودا سەركەوتن بۆ سەربازەكانی بنووسێت، ئەمەش وەك راگەیاندنی فەرمی دەستپێكردنی پرۆسەی گەردەلولی بیابان بوو.

هاوڕێی دوێنی و دوژمنی ئەمرۆ
سەدام حسێن هاوڕێی دوێنێ بووە دوژمنی ئەمڕۆیە بەلای شانشینی سعودییەوە، دوای بڕیارە مێژووییەكەی داوای هاتنی هێزە بیانییەكانی كرد بۆ سعودیەو وتی: هەموو رۆژێك یان دوو رۆژ جارێك قسەم لەگەڵ سەدام حسێن دەكرد، وەك ئاماژەیەك بۆ هەڵوێستی سعودییە لەگەڵ سەرۆكی عێراقدا لەكاتی جەنگدا لەگەڵ ئێران، یارمەتیەكانی بۆ بەغداش گەیشتە نزیكەی 16 ملیار دۆلار. 

لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كاتی جەنگدا لە قسەكرنێكی بەئاراستەی سەدام حسێن لە ئابی 1990 دا وتی: بڕیارەكە بۆ خۆت دەگەڕێتەوە، یان كشانەوە، یان هەڵگرتنی بەرپرسیاری شەڕ.

كۆبوونەوەی چینی بابەتەكەی یەكلاكردەوە
ئەوەی پێی دەوترا بڕیاری مێژوویی، بریتی بوو لەداواكردنەكەی هێزەكانی ئەمریكا و ئەمەش كاتی پاشای سعودییەی زۆر برد دوای زنجیرەیەك گفتوگۆ لەگەڵ راوێژكارەكانی‌و ژمارەیەك لەسەرۆكەكانی جیهانی عەرەبی، دوای چاوپێكەوتنێكی مێژوویی لەشاری جەدە لە 6ی ئابدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریكا (دیك چینی) و كۆبوونەوەكە رەنگێكی فەرمی وەرگرت و ئاماژەیەك بوو بۆ ئەوەی سعودییە ئەو بڕیارەی تێپەڕاندبوو لەداواكردنی هێزە بیانییەكان بۆ رزگاركردنی كوێت، باڵیۆزی كوێت لەسعودییە شێخ علی خالید سەباح بۆ ئیندپێندتی عەرەبیە وتی: كاتێك داگیركردنی كوێت بە هەموو رووداو و ئازارەكانییەوە بیرمان دێتەوە‌، هەڵوێستی خێرا و روون و یەكلاكەرەوەی سەركردە شا فەهد رەحمەتی خوای لێ بێت، دەخاتەوە بیرمان، وتەو هەڵوێستەكانی كاریگەری هەبوو لەسەر بەرزكردنەوەی ورەی گەلی كوێتی بە گشتی.

دەكرێ پشت بە هێزە ئەمریكییەكان ببەسترێت؟
خالید بن سەلمان باسی ئەوەی كردووە بانگكردنی هێزە ئەمریكییەكان لە چوار رۆژی یەكەمی داگیركردنی كوەێت لەلایەن شا فەهدەوە ئەنجامدرا، پرسیارە لەوەدا بوو، دەكرێت بەراستی پشتیان پێ ببەسترێ؟

وەڵامەكە لەو بارەیەوە دوای چەند رۆژێك دیاریكرا، بەتایبەتی لە دوای چاوپێكەوتنی چینیی، كاتێك پاشا بریاری سعودییەی پێش ئەو كاتە بڕاندبووەوە بەوەی بە فەرمی بانگهێشتی هێزە ئەمریكییەكان دەكات، سەرۆكی پێوتری ئەمریكاش جۆرج بۆشی باوك فەرمانیدا كەشتییە فرۆكە هەڵگرەكان رووەو ناوچەكە بجوڵێن پێش 6ی ئاب، لە هەمان كاتدا فیرقەی 82 ئاسمانی ئامادەی جوڵان بوو روەو گۆڕەپانی شەڕ.

كەس بەرهەڵستكاری بیرۆكەكە نەبوو تەنیا هاوكارەكانی سەدام نبێت
ئەم بڕیارە مێژووییە لەلایەن پێنجەمین پاشای سعودییەوە دەرچوو (فەهدی كوڕی عبد العزیز)و وتی: ئەم هەنگاوە راستەمان گرتە بەر ، كەسمان نەدی بەرهەڵستكاری بیرۆكەكە بێت، مەگەر ئەوانەی هاوكاری سەدام بوون.

لەو كاتەدا هەندێك قسە دەكران بەوەی هێزە ئەمریكییەكان لەدوای تەواوبوونی جەنگیش لە سعودییە دەمێننەوە، بەڵام شای سعودیە دووپاتیدەكردەوە ئەم هێزانە تەنیا بۆ دۆخێكی دیاریكراو هاتوون لەگەڵ تەواوبوونی كێشەكاندا دەڕۆن.

چاودێران و دیبلۆماتكارەكان دەڵێن: پاڵپشتی سعودییە و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو بە كۆدەنگی دروست بوو. شا فەهد كاری لەسەر بەهێزكردنی هاوپەیمانیی سعودییە و ئەمریكا دەكرد، كە ئەمریكییەكان رەزامەند بوون لەسەر هەبوونی سەركردەیەكی ناوازەی وەك شا فەهد، بەو بڕیارە ئازایانەی لەبارەی پێشوزایكردنی ژمارەیەكی زۆر لە هێزە عەرەبی و بیانییەكان دەریكرد بۆ سەر خاكی وڵاتەكەی لە پێناو ئازادكردنی كوێت و گەڕانەوەی بۆ ژێر دەسەڵاتی ئال سەباح.

با سعودییەو كوێت پێكەوە بڕۆن 
پاشای سعودییە، كە دەسەڵاتی وەرگرت لە 13ی حوزەیرانی ساڵی 1982، ناوچەكە لە ماوەی حوكمرانی ئەودا ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بە خۆیەوە بینی، لەنێویاندا شۆرشی خومەینی لە ئێران و جەنگی عێراق- ئێران (1980-1988)، كە لەو كاتەدا پشتگیری سەرۆكی عێراق سەدام حسێنی دەكرد پێش ئەوەی پەلاماری كوێت بدات و پاش داگیركردنی كوێتیش قسە بەناوبانگەكەی كرد: یان كوێت دەمێنێتەوە، یان سعودییەو كوێت پێكەوە دەڕۆن.

شێخ عەلی سەباح ئاماژە بۆ ئەو وتانە دەكات، كە لەو كاتەدا شا فەهد كردویەتی، ئەو وشانە نە مێژوو نە كوێتییەكان لە بیری دەكەن، جا ئەوانەی لەو كاتەدا ژیاون یاخود لەدەرەوەی چوارچێوەی ئەو كاتە، كاتێ وتی: كوێت و سعودییە یەك وڵاتن، یان پێكەوە دەژین یان پێكەوە دەمرین.

شا فەهدو كێشە عەرەبییەكان
لەسەر ئاستی عەرەبی شا فەهد لە سەر میتۆدی چوار پاشاكەی پێش خۆی هەنگاوی دەنا لە گرنگیدان بە كێشەی عەرەب، ساڵی 1981، كاتێك شازادەی جێنشین بوو پلانێكی هەشت خاڵی پێشنیار كرد، كە لوتكەی عەرەبی گەلالەی كردبوو بۆ چارەسەركردنی ململانێی عەرەب ئیسرائیل، لە ساڵی 1989 رێككەوتنی تائیفی گەلالە كرد و جەنگی جەنك ساڵەی ناوخۆیی لوبنان كۆتایی پێهات، هەوڵێكی زۆری دا لە بواری دیبلۆماسیدا بۆ كۆتایی پێهێنانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران، بەشداریكرد لە هێزەكانی ئاشتی پارێز لە سۆماڵ، رۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە پاڵپشتی كردنی سەركەوتووترین ئەزموونی هاریكاری نێوان وڵاتە عەرەبییەكان، ئەویش ئەنجوومەنی هاریكاری وڵاتانی كەنداوی عەرەبیە، سعودییە دەردەسەری زۆری كێشا لەگەڵ هاوبەشەكانی لە ئەنجوومەنەكە و بەربەستی ئابووری زۆر هاتە رێی، ئەمەش لەگەل هاڕە كردنی نرخی نەوت لە نەوەدەكان و بەرزبوونەوەی تێچوەكانی هەبونی سەربازیی ئەمریكی لە سعودیە.

شا فەهد قورسایی وڵاتەكەی لەرێكخراوی ئۆپیك قۆستەوە بۆ ئەوەی سەقامگیری لە نرخی نەوتدا هەبێت، هەروەها لە سەردەمی ئەو پاشایەدا رۆڵی سعودییە وەك ناوەندێكی قورسایی بۆ جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بە دەركەوت.

شا فەهد لە مانگی ئابدا كۆچی دوایی كرد، لە هەمان ئەو مانگەی بڕیارە مێژووییەكەی تێدا دەركرد دوای چواردە ساڵ لەرزگاركردنی كوێت، لە 1ی ئابی ساڵی 2005 لە نەخۆشخانەی شا فەیسەل لە ریازی پایتەخت گیانی سپارد.

وەرگێڕان: حلمی رەسوڵ رەزا