پارتی هەوڵی لێپرسینەوە لەفوئاد حوسێن بە "پیلان" بۆ لێدان لەحكومەت دەبینێت

عیراق

04/08/2019‌ 1034 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەیار تاهیر، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەوڵەكانی بەئامانجگرتنی فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی ئامانج لێی لێدانە لەسەقامگیری حكومەت .

بەیار تاهیر لەلێدوانێكدا راشیگەیاند، چەند پەرلەمانتار و كوتلەیەكی پەرلەمانی هەن قەبارەی ئەو سەقامگیرییەیان بەدڵ نییە، كە حكومەتی ئێستا بەخۆیەوە دەبینێت ، بەتایبەت ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی، بۆیە ئەو هەوڵانەی بۆ لێپرسینەوە و دوورخستنەوەی فوئاد حوسێن لەپۆستەكەی دەیدەن ، ئامانج لێی لێدانە لەسەقامگیری حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی.

ئەو باسی لەوەش كردووە، وەزیری دارایی لەپەرلەمان ئامادەبووە و وەڵامی هەموو پرسیارەكانی داوەتەوە ، جەختیشیكردەوە، ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەچواوچێوەی ماددە یاساییەكانی بودجە دایە، كە پەرلەمان دەنگی لەسەرداوە، ناوبراویش بەگوێرەی پێوەرە یاساییەكان هەڵسوكەوت دەكات، بۆیە بەئامانجگرتنی رەتدەكەینەوە و پێمانوایە ئەوە بەئامانجگرتنی تەواوی حكومەتە ، نەوەك تەنیا فوئاد حوسێن.

ماوەیەكە لەپەرلەمانی عێراقەوە هەوڵێك هەیە، بۆ ئەوەی فوئاد حوسێن، بانگیشتی پەرلەمان بكرێت‌و لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت، كە ئەگەر وەڵامی پرسیارەكان باش نەبوو، ئەوە متمانەی لێوەربگیرێتەوە.

پێشتر حەسەن فەدعەم ، پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی نیشتمانی رایگەیاندبوو، ئەگەری هەیە فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی لەپۆستەكەی دووربخرێتەوە، باسی لەوەش كردبوو، ویستێكی بەهێز لەناو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە بۆ ئەوەی لیپرسینەوە لە فوئاد حوسێن بكرێت و لەپۆستەكەی دوور بخرێتەوە، ئەوەش دوای ئەو چەند بارەبوونەوەی ئەو هەموو پێشێلكارییە لە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٩، كە لەژێر سایەی ئەو دەكرێت.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە كردبوو، كە ئەوان كار لەسەر ئەوە دەكەن هەرێم یەك دیناری بەدەست نەگات، مادام ئامادە نییە پابەند بێت بەجێبەجێكردنی بەندەكانی یاسای بودجەوە لەهەناردەكردنی نەوت و داهاتی دەروازە سنوورییەكان.

بەپێی یاسای بودجەی عێراقی، دەبێت هەولێر رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، لەبەرانبەردا حكومەتی عێراق بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت.

هەروەها عالییە نوسەیف ، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، كە ساختەكارییەكی ترسناك لە بودجەی گشتی لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان كراوە 

نوسەیف لەكاتی چاوپێكەوتنی لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی "دیجلە " رایگەیاندبوو، كە "٢٤ واژوو لەناو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران كۆكراوەتەوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو ساختەكارییە ترسناكەی لە بودجەی گشتیدا كراوە، كە پەرلەمان دەنگی لەسەرداوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی راگەیاندبوو، كە كارتێكی كارەساتبار بۆ بودجەی گشتیی زیادكراوە، بێ ئەوەی پەرلەمانتاران هیچ زانیارییەكیان لەسەری هەبێت و بەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و لایەنە چاودێرییەكان و جێبەجێكارییەكاندا تیپەڕیوە، بێئەوەی هەست بە بوونی بكەن .

نوسەیف باسی لەوەش كردبوو، كە دوای ئاشكراكردنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە ، ئەوە پەرلەمان هەڵوێستێكی توندی لەسەر ئەو ساختەكارییە دەبێت، كە لە یاسای بودجەدا كراوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی