ئاشتی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە "پار"ەیە

جیهان

05/08/2019‌ 1036 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەژێر ئەو ناونیشانەدا "سێرگی ستروكان" لە گۆڤاری (كۆمیرسانت) راپۆرتێكی دەربارەی داواكردنی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بۆ دابینكردنی نرخی (گرێبەستی سەدە) بڵاوكردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، زاواو راوێژكاری  سەرۆكی ئەمریكا جارید كۆشنەر هەڵدەستێت بەئەنجامدانی گەشتێك بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەمەبەستی راكێشانی سەرەنجی هاوپەیمانەكانی واشنتۆن لەناوچەكەدا بۆ جێبەجێكردنی پلانی ئاشتی كۆشكی سپی، كە گرێبەستی سەدەو وەبەرهێنان بە ملیارەها دۆلار لە فەلەستین لە خۆ دەگرێت، بۆ ئەوەی لەزەمینیكی دژە ئیسرائیلەوە بیكات بەزەمینی ئاشتی و گەشانەوە، بەڵام لەناو كۆشكی سپیدا بێدەنگن دەربارەی ئایندەی دۆخەكە. 

هەروەها فەلەستینییەكانیش پلانی ئەمریكا رەتدەكەنەوە، كە بەروونی تێیدا دەردەكەوێت دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی فەلەستینی تێدا نییە.

لەكۆشكی سپیدا گرەو لەسەر ئەوە دەكەن وەبەرهێنان بخزێننە فەلەستین و هەلی نوێ دروست بكەن بۆ چارەسەركردنی ژمارەیەكی زۆر كێشەی هەڵواسراو، لە نێویاندا ژێرخانی ئایندەی فەلەستین و كێشە ئەمنییەكان. 

كۆشنێر بەئەنقەست باسی ئەو كێشانەی نەكرد لەبەحرەین و وتی: بەشی سیاسی پلانەكە بە پێچەوانەی بەشە ئابوورییەكەی لەكاتێكی تردا ئاشكرا دەكرێت.

هاوكات رۆژنامەی (یدیعوت ئەحرونوت)ی ئیسرائیلی ئاشكرایكردووە ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ ئامادەیە رەزامەندی تەنیا لە سەر دروستكردنی (كیانێكی نیشتمانی) فەلەستینی دەرببڕێت، بەڵام قسە دەربارەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ ناكەن. 

سەرەرای ئەمە، بەگوێرەی هەواڵە دزە پێكراوەكان، كۆشكی سپی ئامادەیە تەنیا دان بە (هەبوونی فەلەستین) بنێت لە قودسی رۆژهەڵات، كەچی فەلەستینییەكان داوای ئەوە دەكەن قودسی رۆژهەڵات پایتەختی دەوڵەتەكەیان بێت.

لەگەڵ ئەوەی كۆنگرەی بەحرەین پرسیاری گرنگی دەربارەی ئەوەی كێ نرخی پلانەكەی ئەمریكا دەدات بەجێهێشت، لەتیمەكەی جارید كۆشنیردا ئەوە ناشارنەوە بەوەی بڕوایان بەوە هەیە پێویستە رژێمەكانی سەر بەئەمریكا پارەی ئەو پلانە بدات.

بەڵام لەخاڵی یەكەمی گەشتەكەی شاندەكەی ئەمریكادا، ئەوە روون بووەوە ئاستەمە بەشی ئابووری لە سیاسی جیابكرێتەوە و كێشە سیاسییەكان دوابخرێت بۆ كاتێكی نادیار، دوای كۆبوونەوەی نێوان جارید كۆشنیر و شا عەبدوڵڵای دووەم، دیوانی پاشایەتی و رایگەیاند: عەمان داوای چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل دەكات لەسەر بنەمای داڕشتنی ( دوو دەوڵەت بۆ دوو گەل).

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا