پەرلەرمانتارێك: هیچ پێشێلكارییەك لەیاسای بودجەدا نەكراوە و لێپرسینەوەكانی وەزیری داراییش سیاسین

عیراق

05/08/2019‌ 609 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران رەتیدەكاتەوە هیچ پێشێلكارییەك لە لایەن فوئاد حوسێنی وەزیری داراییەوە لە یاسای بودجەدا كرابێت ، جەختیش دەكاتەوە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانیش بەگوێرەی یاسای بودجە بووە .

كۆچەر لەلێدوانێكدا دەڵێت: وروژاندنی بابەتی بوونی پێشێلكاری لە یاسای بودجە و ئەوەی پەیوەستە بە خەرجكردنی پشكی هەرێم ناراستە، جەختیشیكردووەتەوە، ئامانج لە وروژاندنی ئەو بابەتە ئامانجێكی سیاسی رووتە، كە بریتییە لەرووخاندنی حكومەتەكەی عادل عەبدول مەهدی .

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا كۆچەر دەڵێت: ئەو برە پارەیەی بۆ هەرێم خەرجكراوە تەنیا بۆ موجەی فەرمانبەرانی هەرێم بووە و لەخشتەی (ج)، كە پەیوەستە بە موچەی هێزە كاركەرەكانی سەرتاسەری عێراقدا ئاماژەی پێكراوە.

كۆچەر  پێیوایە باسكردن لە لێپرسینەوەی وەزیری دارایی و هەر وەزیر، یان بەرپرسێكی تر پەیوەستە بە كەشوهەوا سیاسییەكەوە، هەروەها دەڵێت: بەداخەوە ئەوە بە نەرێنی لەسەر لێپرسینەوەی پیشەییانەی راستەقینە  دەكەوێت ، داواش لەپەرلەمان دەكات لیژنەیەكی بێلایەن درووست بكات تاوەكو وردبینی لەئەو داواكاریانە بكات، كە داوای لیپرسینەوە لە وەزیر و بەرپرسەكان دەكەن ، تا ئامانجە سیاسییەكان لە ئامانجە پیشەییەكان جیابكرێنەوە.

ماوەیەكە لەپەرلەمانی عێراقەوە هەوڵێك هەیە بۆ بانگهێشتكردن‌و لێپرسینەوە لە فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی یاسای بودجەی عێراقی پێشێلكردووە، چونكە بەردەوامە لەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەكاتێكدا هەولێر ئامادەنییە، داهاتی نەوت رادەستی بەغدا بكات.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی