دۆزینەوەی كەللە سەرێك كە تەمەنی ٢٢٠ ساڵەو شوێنەواری نەشتەرگەری بەسەرەوەیە

هەمەڕەنگ

06/08/2019‌ 1325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
زانا شوێنەوارناسەكانی توركیا لەشاری شوێنەواری یوروموس لەویلایەتی موغلا ، كاسەسەرێكیان دۆزیوەتەوە، كە تەمەنی ٢٢٠ ساڵ دەبێت و شوێنەواری نەشتەرگەری پێوەیە.

شارەكە دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای توركیا و پەرستگای زیوس لیبسینۆسی لێیە، كە یەكێكە لەو پەرستگا دێرینانەی تائێستا بەخۆراگری ماوەتەوە.

ئەبو زەڕ قزڵ، كە سەرۆكی تیمی هەڵكۆڵینی شوێنەواری ناوچەكەیە دەڵێت: شارەكە یەكێك بووە لەشارستانە گرنگەكانی شانشینی كاریا.

قزڵ ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لێكۆڵینەوە و هەڵكۆڵینە شوێنەوارییەكانی ناوچەكە ئاماژەی گرنگ لەسەر سرووشتی ژیانی گەلی یوروموس دەخاتە روو .

هەروەها دەڵێت: ئەو لێكۆڵینەوانەی لەسەر ئێسكە پەیكەرەكان كراوە ئەوەی دەرخستووە، كە خەڵكی ناوچەكە بەگشتی زۆر بەهێز و تەندروست بوون، تەنیا لەو حاڵەتانەدا نەبێت، كە نەخۆشی و پەتا بڵاوبووەتەوە .

ئەبوزەڕ  ئاماژە بەدۆزینەوەی كاسەسەری پیاوێك دەكات، كە شوێنەواری نەشتەرگەری لەسەریدا هەیە، ئەوە سەرباری دۆزینەوەی كەلوپەلی پزیشكی لەناو گۆرەكاندا، كە تیشك دەخاتە سەر مێژووی پزیشكی لەناوچەكە .

سەبارەت بەوەی، كە ئایا ئەو شوێنەواری نەشتەرگەرییە ئاماژەیە بۆچی، ئەبوزەڕ دەڵێت: ئێمە پێمان وایە بەهۆی بوونی ئازارێك لەسەریدا، یان بەهۆی بوونی كێشەیەك لە كاسەی سەریدا ئەو نەشتەرگەرییە بۆ ئەو كەسە ئەنجامدراوە.

هەرچی پەیوەندی بەو كەلوپەلە پزیشكییانەوە هەیە لەناو گۆرەكاندا دۆزراونەتەوە، ئەوە دەریدەخات پێش دوو هەزار ساڵ لەناوچەكە پزیشكی ئەوتۆ هەبووە، كە توانای ئەوەیان هەبووە نەشتەرگەری لەكاسەی سەری مرۆڤدا بكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی