نرخی نەوت بەرێژەی 3% دابەزین تۆمار دەكات

جیهان

06/08/2019‌ 311 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كاریگەرییەكانی جەنگی بازرگانی لەسەر نرخی نەوت بەردەوامەو لەكۆتا مامەڵەكان دابەزینێكی تری تۆماركرد، كە رێژەكەی گەیشتە سەدا سێ‌.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، لەكۆتا مامەڵەكانی رۆژ نرخی نەوتی پێوانەیی برێنتی جیهانی، 2.08 دۆلار بەرێژەی 3.36% دابەزیوەو هەر بەرمیلێكی بە 59.81 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

هەر بەپێی ئاژانسەكە، نرخی نەوتی پێوانەیی ئەمریكا، كە نەوتی سوكی رۆژئاوای تەكساسی ئەو وڵاتەیە، 97 سەنت بەرێژەی 1.74% دابەزیوەو هەر بەرمیلێكی بە 54.69 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

ماوەیەكە جەنگی بازرگانی نوێ‌ لەنێوان ئەمریكاو چین دروست بووە، ئەوەش كاریگەری لەسەر بازاڕەكانی جیهان داناوەو نرخی نەوتی بەرێژەیەكی بەرچاو نزمكردووەتەوە.

هــ ـ ح