هێزی رەوانەی كەنداو كردووە.. چەند زانیارییەك لەسەر كەشتیگەلی جەنگی بەریتانی

جیهان

06/08/2019‌ 1238 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەریتانیا رایگەیاند، دەچێتە پاڵ ئەركی پاراستنی دەریایی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا لە كەنداو، بۆ ئەوەش كاروانی كەشتی گەلی وڵاتەكەی رەوانەی ئاوەكانی كەنداو كرد.

لەو بارەوە بن واڵاسی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، چاومان لەوەیە شان بەشانی ئەمریكا كاربكەین لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێكی نێودەوڵەتی بۆ كێشەكانی گەرووی هورمز .

دوای ئەوەی، كە سوپای پاسدارانی ئێران لە مانگی تەمموز و لە ئاوەكانی كەنداو دەستی بەسەر كەشتییەكی نەوتگوێزەرەوەی بەریتانیدا گرت، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەكی نەوتگوێزەرەوەی ئێرانی لە تەنگەی جەبەل تاریق، قسە و باس لە سەر هێزە دەریاییەكانی بەریتانیاو توانای ئەو هێزە لەهەر جەنگێكی ئایندەیی هاتە گۆڕێ .

لێرەدا ٧ زانیاری لەسەر كەشتیگەلی جەنگی بەریتانی بەگوێرەی پێگەی "گڵۆباڵ فێر بۆر"و گۆڤاری "میلیتەری و چینگ ماگازین" دەخەینەڕوو، كە وەك دەزانرێت سوپای بەریتانیا پلەی هەشتەمی بەهێزترین سوپاكانی جیهانی گرتووە.

كەشتیگەلی بەریتانی لەپلەی ٣٢ بەهێزترین كەشتیگەلەكانی جیهاندایە .

ژمارەی پارچە دەریاییەكانی هێزی دەریایی بەریتانیا ٧٦ پارچەیە .

خاوەنی یەك كەشتی فرۆكەهەڵگرە، كە ئەویش كەشتی فرۆكەهەڵگری "كوین ئەلیزابیس"ە، لەگەڵ ١٣ كەشتی جەنگی جۆری فرقاتە .

كەشتیگەلی بەریتانی ٦ كەشتی جەنگی وێرانكەری هەیە، كە دیارترینیان "تایپ ٤٥" و بەیەكێك لە هەرە پێشكەوتووترین كەشتییە جەنگییەكانی جیهان دادەنرێت.

خاوەنی ٣٢ كەشتی جەنگی گەڕۆك و چاودێری و ١٣ هەڵگرەوەی مینی دەریاییە .

كەشتی فڕۆكەهەڵگری "كوین ئەلیزابیس" تایبەتە بە هەلیكۆپتەر و ئەو فرۆكانەی بەشێوەی ستوونی هەڵدەستن ، وەك فرۆكەی شەبەحی "ئیف-٣٥ بی" ئەمریكی.

كەشتیگەلی بەریتانی خاوەنی ١٠ ژێردەریاییە ، كە ٦ یان ژێردەریایی ناوەكین ، ٤یشیان مووشەكی بالیستیان هەڵگرتووە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی