سعودی‌و ئیماراتی‌و ئوردنییەكان بەبڕە پارەیەكی زۆر ئەو كچە ئێزیدییانە دەكڕنەوە چەكدارانی داعش كردوویانن بەكەنیزەك

کوردستان

07/08/2019‌ 2627 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵح حوسێن، سەرۆكی ماڵی ئێزیدی لە عێراق ئاشكرایكرد، سعودی‌و ئیماراتی‌و ئوردنییەكان ئەو كچ‌و ژنە ئێزیدییانە دەكڕنەوە، كە چەكدارانی داعش دوای ڕفاندنیان كردوویانن بەكەنیزەك .

ساڵح حوسێن لەلێدوانێكی وتی: ژمارەیەكی زۆری ئەو  كچ‌و ژنە ئێزیدیانەی رفێنراون ، ئێستا لە سوریان و چەكدارانی داعش وەك كەنیزەك و  بارمتەش بەكاریان دەهێنن.

سەرۆكی ماڵی ئیزیدیانی عێراق دەشڵێت: هەندێك كەسایەتی ئیماراتی و سعوودی و ئوردنی ، لەبەرانبەر برێكی زۆری پارەدا هەوڵی كڕینەوەی ئەو ئیزیدیانەیانداوە، كە لەژێر دەستی چەكدارانی داعشدا بوون.

هەروەها جەختیكردووەتەوە، زۆر پێویستە حكومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە لەپێناو گەران بەدوای ئەو ئێزیدیانە و گێرانەوەیان بۆ عێراق ، قسە لەگەڵ سەرۆك و ڕێبەری وڵاتانی عەرەبی و كەنداودا بكەن .

بەپێی دواین داتا كۆی ژمارەی ئەو ئێزیدییە ڕفێنراوانەی تائێستا ئازاد كراون گەیشتۆتە (٣٢٧١) كەس، پێشتر راپۆرتێك ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە چەكدارانی داعش ، ئافرەتە ئێزیدییە رفێنراوەكان لەگەڵ منداڵەكانیان بە زیاتر لە ٢٠ هەزار دۆلار دەفرۆشن .

هەروەها راپۆرتێكی ئاژانسی سپۆتنیكی رووسی كە لە ٦ی ئازاری ٢٠١٩ بڵاوكراوەتەوەو پشتی بە قسەكانی عەلی خانسووری چالاكوانی ئیزیدی بەستووە هاتووە، نرخی فرۆشتنی ئافرەتە ئیزیدییە رفێنراوەكان و منداڵە ئیزیدییەكان لەبازاری نەخاسە لەشارۆچكەی باغۆز لە گوندەواری دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا ، لە ١٠ هەزار دۆلار كەمتر نییە.

هەروەك خانسووری دەڵێت: نرخی ئافرەتە ئێزیدییە عێراقییە رفێنراوەكان و منداڵە ئێزیدییە رفێنراوەكان بۆ ٢٠ هەزار دۆلاری ئەمەریكی بەرز بۆتەوە ، هەندێك لەوانە بەرانبەر بە ١٩ هەزار دۆلار ئازاد كراون.

لەدرێژەی قسەكانیدا خانسووری باسی لەوەش كردووە، كە پرۆسەی كڕینەوەی ئیزیدییەكان لەرێگای دەڵاڵە سوورییەكانەوە دەبێت ، كە لەگەڵ چەكدارانی داعش دانوستان دەكەن بەجۆرێك لەبەرانبەر بە ئازادكردنیان داوای برێكی دیاریكراو پارە دەكەن.

سەبارەت بە گرانی و هەرزانی نرخەكان بۆ ئازادكردنی ژنان و منداڵان ، ئەو چالاكوانە ئێزیدییە گوتوویەتی كە نرخی كچە پاكیزەكان ، ئەوانەی نەكراونەتە كۆیلەی سێكسی لەهەموویان گرانترە .

ساڵی 2014 چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر ناوچەكانی شنگال، كە لەو ناوچانە هەزاران كچ‌و ژنی ئێزیدیان رفاند، ئەمە سەرەڕای كوشتنی دەیان هەزار كەسی تر لەكوردانی ئێزیدی.

لای خۆشییەوە حوسین قایدی ، سەرۆكی نووسینگەی ئازادكردنی ڕفێنراوانی ئێزیدی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە توانراوە ٤٥ كەس كە ژن و منداڵ و پیاویان تێدایە لەناو خاكی سوریا و لەدەستی چەكدارانی داعش رزگار بكرێن .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی