عێراق‌و هەرێمی كوردستان لەسەر سەرژمێری دانیشتووان ناكۆكیان هەیە

عیراق

07/08/2019‌ 1485 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی عێراق‌و هەرێم لەسەر زیادكردنی بڕگەی "نەتەوە" لەفۆڕمی تایبەت بە سەرژمێری دانیشتووان ناكۆكیان هەیە، كە وابڕیارە ساڵی داهاتوو لەسەرجەم عێراق بەڕێوە بچێت . 

سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم دەڵێت: بەپێی مەزەمدەكانی دەستەكەیان و ئەو راپۆرتانەی كردوویانن ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ٥،٥ ملیۆن كەسە.

ئەو دەشڵێت: دوای كۆمەڵێك دانیشتن لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی ئامادەیی هەرێممان پیشانداوە بۆ بەرێوەچوونی سەرژمێری دانیشتووان لەساڵی ٢٠٢٠ دا .

محەمەد باسی لەوەش كردووە، كە لەنێوان ئێمە و بەغدا خاڵێك هەیە جێگای ناكۆكییە، ئەویش زیادكردنی بڕگەی نەتەوەیە بۆ فۆرمی تایبەت بە سەرژمێری، كە هەرێم جەخت دەكاتەوە دەبێت ئەو بڕگەیە بۆ فۆڕمەكە زیاد بكرێت.

لای خۆشییەوە عەوواد كازم ، سەرۆكی دەزگای سەرژمێری لەوەزارەتی پلاندانانی عێراق باسی لەوە كردووە، كە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی بەزووترین كات  چارەسەری  ئەو بڕگەیە لەفۆرمی سەرژمێری دانیشتووان بۆ ساڵی داهاتوو بكرێت، دەشڵێت سەرژمێرییەكە زانیاری لەسەر كەسەكان و خێزان و موڵك و ماڵ  كۆدەكاتەوە .

یەكەم سەرژمێری دانیشتووان لەعێراق لەساڵی ١٩٢٧ لەلایەن فەرمانگەی رەگەزنامەوە بەڕێوەچوو، كە ئەوكات پێیدەوترا تۆماركردنی گشتی ، بەڵام دووەم سەرژمێری دانیشتووان لەعێراق لەساڵی ١٩٣٤ لەلایەن هەما فەرمانگەوە بەڕێوە بردرا، كە تێیدا هاووڵاتی عێراقی و بیانییەكانیش تۆمار كران و پرۆسەی سەرژمێرییەكە تا ساڵی ١٩٣٥ بەردەوام بوو، هەرچی سێیەم سەرژمێرییە ئەوە لەساڵی ١٩٤٧ بوو، كە دیسان لەلایەن فەرمانگەی رەگەزنامە ئەنجام دراو و پەیرەوی سیستەمی "دەستبەجێی كرد"، كە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە پرۆسەكە لەسەرانسەری عێراقدا لەماوەی ١٢ كاتژمێردا بەڕێوە بچێت .

هەرچی دوایین سەرژمێرییە ئەوە لەساڵی ١٩٩٧ بەڕێوەچوو ، تێیدا سەرژمێرییەكە داتای گشتگیری لەسەر گۆرانكارییە دیمۆگرافی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و لایەنی نیشتەجێبوونی دانیشتووان لەسەر ئاستی ١٥ پارێزگا بەشار و گوندەوە لەخۆ گرت ، بەڵام ئەو سەرژمێرییە بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسییەی ئەوكات لەئارادابوو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی نەگرتوە.

دوای رووخانی رژێمی بەعسیش لەساڵی ٢٠٠٣ ، بەهۆی ئەو گۆرانكارییە دیمۆگرافییە فراوانە و گواستنەوە لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی تر و گەڕانەوەی هاوڵاتیان لەدەرەوەی عێراقەوە و هاتنەپاڵی پارێزگاكانی هەرێم بۆناو قەوارەی سیاسی كۆمەڵگەیی عێراق ، بەڕێوەجوونی سەرژمێری دانیشتووان كارێكی ناكردەیی بوو .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی