شارپرێس:
زانا چینی و كەنەدییەكان بۆ پێوانی پەستانی خوێن كار لەسەر شێوازێكی نوێ دەكەن ، ئەویش لەرێگای گرتنی وێنەی سێڵفییەوەیە.
ئەو تیمەی ئێستا لە زانكۆی تۆرنتۆ لە كەنەدا و نەخۆشخانەی هانگزۆ لەچین نیشتەجێن، لێكۆڵینەوەیەكیان لەسەر چۆنییەتی بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەك بۆ بەدواداچوونی پەستانی خوێن لەرێگای گرتنی كورتە ڤیدیۆوە بڵاوكردووەتەوە .
كانگ لی ، زانای دەروونناسی گەشەپێدان لە زانكۆی تۆرینتۆو توێژەری سەرەكی لێكۆڵینەوەكە دەڵێت: ئەو رێگا نوێیەی پێوانی پەستانی خوێن لەرێگای مۆبایلی زیرەكەوە، پشت بە تەكنیكی وێنەگرتنی دیمەنی پێست دەبەستێت .
ئەو تەكنیكەش لەڕێگای بەكارهێنانی رووناكی دەرچوو لەكامێرای مۆبایلە زیرەكەكەوە بۆ تێبینیكردنی ئەو پرۆتینانەی لەپێستەوە دەردەچن كار دەكات .
تیمەكە دەشڵێن: ئەو تەكنیكە دەتوانێت پەستانی خوێن بخوێنێتەوە، بەجۆرێك ئەگەری راست خوێندنەوەكەی لەزۆربەی حاڵەتەكاندا دەگاتە ٩٥% .
لێكۆڵینەوەكە لەسەر ٣٨٢،١ هەزار كەس كراوە، كە زۆربەیان لەرۆژهەڵاتی ئاسیا و لە بنەچەی ئەوروپایی بوون، ئەمەش مانای وایە لێكۆڵینەوەكە پێویستی بەوە هەیە لەسەر رەگەزە جیاوازەكانی تریش تاقی بكرێتەوە تا بەتەواوی لە درووستی ئەنجامەكان دڵنیا بین .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی