رێكەوتنێكی "ناروون"ی ئەمەریكی توركیا بۆ درووستكردنی ناوچەی ئارام لەباكووری سوریا

کوردستان

10/08/2019‌ 1318 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریكا لەسەر درووستكردنی ناوچەی ئارام لە باكووری سوریا رێككەوتوون ، بێئەوەی باس لەوە بكات قووڵایی ئەو ناوچەیە چەندە، كە یەكێك بوو لە دیارترین خاڵە ناكۆكەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن .

ئەوە راگەیاندنەش دوای ئەوە دێت، كە بۆ ماوەی ٣ رۆژ بەرپرسانی ئەمەریكاو توركیا لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەگفتوگۆدابوون بەئامانجی گەیشتنە ڕێكەوتن بۆ درووستكردنی ناوچەی ئارام‌و دوورخستنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا و دوورخستنەوەی جەنگ لەناوچەكەدا .

لای خۆشییەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە توركیا رایگەیاند، لەگەڵ ئەنقەرە ڕێككەوتووین ناوچەیەكی ئارام لە باكووری سوریا درووست بكرێت ، بۆ ئەوەش رێوشوێنی خێرا بۆ وەڵامدانەوەی داواكارییە ئەمنییەكانی توركیا دەگیرێتەبەر.

پێشتر جەیمس جیفری نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سوریا باسی لەوە كردبوو، كە پرۆژە نوێكەی درووستكردنی ناوچەی ئارام ئەوەی لەخۆگرتووە، ناوچەكە لەلایەن هێزی هاوبەشی توركیا و ئەمەریكاوە بەڕێوەدەبرێت .

هەرچی خەلووسی ئاكاری وەزیری بەرگری توركیایە رایگەیاند، گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمەریكا بەئامانجی دووركەوتنەوە لە دەستتیوەردانی سەربازی توركیا لە باكووری سوریا بەشێوەیەكی ئەرێنی بەرێوە دەچن .

توركیا داوای دەكرد، كە دەبێت ناوچە ئارامەكە بەدرێژایی سنووری توركیا و سوریا بەقووڵی ٣٢ كیلۆمەتر بێت و تەنیا خۆشی سەرپەرشتی ناوچە ئارامەكە بكات .

لەبەرانبەردا ، ئەمەریكییەكان پێشنیازیان دەكرد ناوچە ئارامەكە بریتی بێت لەهێڵێكی لەچەك داماڵراو بۆ قوڵی پینج كیلۆمەتر ، ناوچەكەش بەناوچەیەكی تری چۆڵكراو لە چەكی قورس پشتیوانی بكرێت بۆ قووڵایی ٩ كیلۆمەتر ، بەوەش ئەو رووبەرەی ئەمەریكا پێشنیازی دەكرد لە نیوەی ئەو رووبەرە كەمتر بوو، كە توركیا داوای دەكرد .

لەئێستادا ئەوەی دیارە ئەوەیە، كە هەردوولا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی ناوچە ئارامەكە لەلایەن هەردوولاوە ئیدارە بكرێت، بەڵام سنووری ئەو ناوچەیە هیشتا ناروونە ، ناشزانرێت ئاخۆ واشنتۆن ملكەچی مەرجەكانی توركیا بووە لەسەر قووڵایی ناوچە ئارامەكە یان نا ، لەحاڵەتێكی لەو جۆرەشدا پێناچێت كوردەكان بەو بارودۆخە رازی بن، لەبەر ئەوەی ئەوە مانای هەرەسهێنانی هەموو ئومێدەكانیان دەگەیەنێت بەوەی ناوچە كوردییەكان دۆخێكی تایبەتیان هەبێت .

چاودێران دەڵێن: ترسی توركیا لە كوردەكان تەنیا پاڵنەری توركیا نییە بۆ دەستگرتن بەسەر ناوچەكەدا ، بەڵكو بابەتەكە لەوە زیاترەو توركیا دەیەوێت هەموو هێڵی سنووری نێوان توركیا و سوریا داگیر بكات و بیخاتە ژێر دەستی گرووپەكانی سەر بەخۆی وەك چۆن لە عەفرین و جەرابلوس و شوێنەكانی تریش وایكرد ، بەوەش جێپێیەكی قایمی لە سوریا دەبێت و لەهەر گفتوگۆیەكی ئایندەیی لەسەر یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی سوریا دەبێتە ژمارەیەك قورس .

چاودێران ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، كە توركیا بەهۆی ئەوەی بەدەست كۆمەڵێك قەیرانەوە دەناڵێنێت، بۆیە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە وەك هەوڵێك بۆ داپۆشینی شكستەكانیان لەناوخۆدا دەیانەوێت سەركەوتنێك لەباكووری سوریا بەدەستبهێنن.

ئەمەریكا ئەو راستییە باش دەزانێت، بۆیە دەیەوێت ئەو سەركەوتنەی  پێ ببەخشێت ، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ڕەوشی هاوپەیمانە كوردەكانی، كە واپێدەچێت چاورێی وردەكاری رێكەوتنەكە بن‌و لەسەر بنەمای ئەوە هەڵوێست وەرگرن .
 
 وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی