چەند زانیارییەك لەسەر مێژووی كۆنترین شارەكانی جیهان

جیهان

10/08/2019‌ 2052 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماڵپەری مەوسوعەی مەسافر لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بە كۆنترین شارەكانی سەر زەوی دەكات ئەمەش بە پشت بەستن بە ئاسەوار و حوكمڕانییە یەك لە دوای یەكەكان، كە مێژوو هەمووی بۆ باس كردووین، لێرەدا لیستی هەشت كۆنترین شارەكانی جیهان دەخەینە ڕوو.


ئەریحا خاكی فەڵەستینییەكان: 
ئەریحا دەكەوێتە نزیك رووباری ئەردەنەوە بە كۆنترین شار دادەنرێت لە مێژوودا، مێژوەكەی دەگەڕێتەوە ١٠،٠٠٠ ساڵی پێش زایین.

دیارترین شوێنە مێژووییەكانی ئەریحا مزگەوتی ئەریحای كۆنە، كە لە ساڵی ١٣٣١ی كۆچی بونیاد نراوە.

حەلەب، سوریا: 
ڕاپۆرتەكان ئەوە دەسەلمێنن، كە حەلەب یەكێكە لە كۆنترین شارەكانی جیهان، كە لە ١٠،٠٠٠ ساڵ پێش زایینەوە خەڵكی تێدا نیشتەجێبووە، حیسییەكان و ئاشوورییەكان و عەرەب و مەغۆل و عوسمانییەكان بەسەر ئەم خاكەدا تێپەڕیوون.

دیارترین شوێنی مێژوویی، كە لە حەلەبدا مابێتەوە قەڵای حەلەبە لە سەدەی ١٣ بونیاد نراوە یەكێكە لە هەرە كۆنترین و گەورەترین قەڵاكانی جیهان.

دیمەشق، سوریا: 
هەندێك لە توێژەرەوەكان دیمەشق بە كۆنترین شاری سەر زەوی ناودەبەن، مێژووەكەی دەگەرێتەوە بۆ ١١،٠٠٠ ساڵ پێش زایین چەندەها خەلافاتی بەخۆیەوە بینیوە لەوانە خەلافەتی ئەمەوی و عەباسی و عوسمانی.

دیارترینشوێنی مێژوویی لە دیمەشقدا مزگەوتی ئەمەوییە، كە گەورەترین شوێنی گەشتیاری زانستییە یەكێكە لەحەوت سەرسوڕهێنەرەكەی دونیای ئیسلام. 

هەروەها مزگەوتی فەتحەی لێیە، كە سەری حوسەینی كوڕی عەلی تێدا دانرا كاتێك هێنایان بۆ دیمەشق، هەروەها مزگەوتی گۆڕستانی تێدایە، كە یەكێك لە گۆڕەكان گۆڕی سەڵاحەدینی ئەیوبییە.

فەیوم، میسر: فەیوم دەكەوێتە ١٠٠ كیلۆمەتری باكووری رۆژئاوای قاهیرەوە، شارێكی میسریی كۆنە لە سەردەمی دەسەڵاتی فەراعینەكان پایتەختی میسر بووە، دوایی ناو نراوە بورسین بە واتای ماڵی تیمساح دێت چونكە لەو سەردەمەدا تیمساح پەرستراوە. چەندەها مزگەوت و بازاڕ و دەریاچەی گەورەی لێیە.

دیارترین شوێنی مێژوویی كە لە فەیومدا دەیبینیت دەریاچەی سەروو و دەریاچەی خوارووە و چەندەها تاڤگەی سەرسوڕهێنەری لێیە كە دەكەونە نێوان ئەو دوو دەریاچەیەوە.

سیدا، لوبنان: 
سیدا دەكەوێتە چل كیلۆمەتری باشوری بەیروتەوە، چەندەها ئاسەوار و شوێنی تێدایە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلافەی ئەمەوییەكان

دیارترین شوێنی مێژوویی لە سیدا قەڵای سیدایە كە لە سەردەمی پێش شەری مەسیحییەكانەوە بونیاد نراوە.


بۆڵفدیف، بولگاریا: 
بۆڵفدیف دووەم گەورەترین شارە لە بولگاریا، شوێنی نیشتەجێبونی تەراقییەكان بووە لە سەرەتاوە، دوای ئەوان شوێنی ڕۆمانییەكان بووە پێش ئەوەی لەسەر دەستی بێزەنتی و عوسمانییەكان لە ناو بچن. ئێستە بۆڵفدیف شوێنێكی ئایینییە و چەندەها مزگەوت و كەنیسە و پەرستگای لێیە بە شوێنی لێبوردەیی ئایینی و ڕۆشنبیریی ناسرەوە، چونكە چەندەها ئایینی جیاوازی لێیە، تەنانەت ئەمساڵ بە پایتەختی ڕۆشنبیری ئەوروپا ناوبرا.

دیارترین شوێنی مێژوویی لە بۆلفدیف  تەختەی شانۆی ڕۆمانییە كە ئیمپراتۆر تراجان بونیادی نا.

غازی عەنتاب، توركیا: 
غازی عەنتاب دەكەوێتە باكوری وڵاتی توركیا بە هەمان شێوەی شارەكانی تر یەكێكە لە شارە كۆنەكانی جیهان كە چەندەها خەلافەت و حوكمڕانی درێژی بە خۆیەوە بینیوە لەوانە بێزەنتی و مەسیحی و عوسمانی.

دیارترین شوێنی مێژوویی لە غازی عەنتاب مۆزەخانەی فسیفسائە كە گەورەترین مۆزەخانەی جیهانە.

بەیروت، لوبنان: بە هەمان شێوە بەیروتی لوبنانی یەكێكە لە هەرە كۆنترین شارەكانی جیهان، كە تاكو ئێستا حەوت جار ڕوخانی بە خۆیەوە بینیوە و بونیاد نراوەتەوە. هەندێك لە لێكۆڵەرەوان لە بەیروت ئامێریان دۆزیوەتەوە كە سەردەمەكەی دەگەڕیتەوە بۆ چاخی بەردین.

دیارترین شوێنی مێژوویی لە بەیروت مۆزەخانەی بەیروتە، كە چەندەها وێنەی برۆنز و ئاسنی تێدایە مێژووەكەیان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی هیلنسكی و ڕۆمانی و بێزەنتی و مەملوكییەكان.

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ