وردەكاری ستراتیژی سعودییە بۆ لەسەركارلادانی ئەردۆغان لەدەسەڵات

جیهان

10/08/2019‌ 4275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ڕیاز بڕیاریداوە تۆڵە لەتوركیا بكاتەوە بەهۆی ئابڕوچوونی كوشتنی خاشقچیەوە"، ناونیشانی راپۆرتێكی (ئیگۆر سۆبۆتین)ە لە گۆڤاری (نیزفیسیمایا غازیتا)، كە دەربارەی پلانی سعودییە بۆ ئاڵۆزكردنی دۆخی ناوخۆی توركیا دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان بڵاویكردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، پێگەی میدل ئێست ئای بەریتانی بڵاویكردەوە: ماڵباتی فەرمانڕەوای سعودییە بڕیایداوە بە دانانی ستراتیژییەتێك دژی توركیا، كە خۆی لەلادانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا دەبینێتەوە.

ماڵپەرەكە باسی ئەوە دەكات ڕاپۆرتێكی نێهنی دەسكەوتووە، كە یەكێك لە ناوەندەكانی شرۆڤەكردن لە ئیمارات ئامادەیی كردووە، لە دەقی بەڵگەنامەكەدا بەناوی (راپۆرتی مانگانە دەربارەی شانشینی سعودییە) هاتووە، لە بەهاری ئەمساڵدا ریاز كۆمەڵێك پلانی داناوە بۆ رووبەرووبونەوەی سیاسەتەكانی توركیا لە هەمبەر شانیشن و ناوچەكەدا. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، مەبەست لەو رێكارانە، بەكارهێنانی سەرجەم ئامرازەكانە بۆ فشار خستنە سەر حكومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەتایبەتی تر ریاز پلان دادەنێت بۆ قۆستنەوە و هاندانی كێشە ناوخۆییەكانی توركیا بۆ ئەوەی لەرێگەی بەرهەڵستكارەكانەوە ئەردۆغان لەسەر كار لاببەن، كە ئەم پێشبینیانە راستین، بە ڕوانین لە سەركەوتنی ركابەرەكان لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكاندا.

لەگەڵ ئەوەی رپۆرتەكە باسی ئەوە ناكات ریاز پارەداركردن‌و پاڵپشتی سیاسی پێشكەشی بەرهەڵستكارەكانی سەرۆكی توركیا دەكات، بەڵام وردەكاری تری تێدایە، سەركردایەتی سعودییە هەروەك دانەرانی راپۆرتەكە دەڵێن: دەیانەوێت ئابووری توركیا و كاریگەری دروستكردن لە رێگەی وەبەرهێنەرە سعودییەكانەوە لە توركیا دروست بكەن.

هۆكاری سەرەكی ئەم رێكارە توندانە دژی توركیا، كوژرانی خاشقچییە، هەروەك دانەرانی راپۆرتەكە دەڵێن: لەكاتی خۆیدا ئەنقەرە رۆڵێكی چالاكی هەبوو لە ئاشكراكردنی وردەكاری تاوانەكە، كە سعودییەكان ئەنجامیاندا لەسەر بڕیاری خودی شازادەی جێنشین.

سیاسەتی سعودییە لە رووبەرووبونەوەی توركیادا بە هەمان شێوە رەهەندێكی دەرەكی هەیە، كە ریاز دەیەوێت بە رووی فراوانخوازی توركیادا بوەستێت لەناوچەكانی باكوری سوریا. پاشان، سەركردایەتی سعودییە تەنیا بە دابینكردنی پارە ناوەستێت لە پێناو سەقامگیری لە باكوری رۆژهەڵاتی توركیا؛ بەڵكو رۆڵیكی دیبلۆماسی چالاك دەبینێ لە دانوستانەكانیدا لەگەڵ هۆزە ناوخۆییەكان، كە چەندین جار ئەوەیان دووپاتكردۆتەوە بێزارن لە هەژموونی نوێنەرانی كورد لە ئیدارەی ناوخۆییدا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا