جەنگی بازرگانی ئەمریكاو چین دەبێتە سەرەتای كۆتایی جیهانگیری

جیهان

10/08/2019‌ 1201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سێرگی مانۆكۆف لە (ئیسپرت ئۆنلاین) راپۆرتێكی دەربارەی رەنگدانەوەكانی هەڵكشان لە نێوان واشنتۆن و پەكین لەسەر ئازادی بازرگانی و بنەماكانی عەولەمە و بەهاكانی لیبراڵی ئابووری لە جیهان بڵاوكردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەگەر بێتوو شرۆڤەكردنی وردی كاپیتاڵ ئیكۆنۆمیكس راست بێت دەربارەی پەیوەندیە بازرگانییەكانی نێوان واشنتۆن و پەكین، ئەوا جەنگی بازرگانی نێوانیان تەوژمێكی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، گۆڕانكاری لەو رێگایەدا دروست دەكات، كە هەردوو دەوڵەت بۆ ئیدارەدان دروستیان كردبوو.

هەروەها نیل شیرینگ گەورە ئابووریناسی كاپیتال ئیكۆنومیكس لەراپۆرتێكی شیكاریدا نووسیویەتی: گەشەی خێرا لە جۆڵەی كەلوپەل و خزمەتگوزاری و پارەو كەسەكان لەسەر سنوور، تایبەتمەندییەكی دیاری ئابووری بوو لەدوو دەیەی كۆتاییدا، ئێستا دەكرێت 180 پلە هەڵگەڕێتەوە.

ناوبراو وای دەبینێت دەكرێ كۆتایی عەولەمە ببینین، ئاراستەكانی ئێستا هەموویان لێكەوتەی ئابوری گشتگیریان دەبێت، كە درێژتردەبێتەوە لە جەنگی رسومی گومرگی.

بڕیاری پەكین بەدابەزاندنی نرخی یوان، توانای كەلوپەلی چین زیاد دەكات لەململانێی بازاڕی جیهانیدا و كاریگەری خراپی بەرزبونەوەی رسومی ئەمریكی كەمدەكاتەوە و ئەمەش گڕی جەنگی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە پەرە پێدەدات، كە روونیشە دۆخی وەستاوی دوای رووداوەكانی ئەم دواییە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو سیستەمە جیهانییەی پێش چەند دەیەیەك دروست بوە.

لەو بارەیەوە، شیرینگ دەڵێت: مەترسییەكی زۆر هەیە، كە جەنگی ئێستای بارزرگانی نێوان ئەمریكا و چین سەرەتای هێرشێكی فراوانتر بێت بۆ سەر عەولەمە، كە ئەو هێرشەش دەبێتە هۆی كۆتایی هێنان بە سیستەمەكانی بەهاو رێساكانی لیبرالی لە ماوەی حەوت دەیەدا و هەڵدەستا بە رێكخستن و ئاراستەكردنی هاتنی كەل و پەل و پارەو دەستی كار لە رێگەی سنورەوە.

بێگومان، شرۆڤە كردنی رەشبینی شیرنگ بۆ عەولەمە، تەنیا لێكدانەوە نییە لەم جۆرە، بەڵكو ژمارەیەكی زۆری ئابووریناسانی تر وای دەبینن، هەڵوێستی نێگەتیڤی ترامپ دەربارەی ئازادی بازرگانی دوو دڵی لەهەموو جیهاندا دروست بكات و پێدەچێت لەگەڵ بەردەوام بوونی ترامپ لە كۆشكی سپی ئەم ڕاڕایەش زیاتر درێژە بكێشێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا